کانونی دووەم 29, 2020

به‌ره‌و كردنه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كان

كەژان محمد كەریم

 

له‌ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و به‌تایبه‌تیش 16ی ئۆكتۆبه‌ر، حكوومه‌تی عێراق به‌ پاڵپشتی چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌یی، هه‌موو ده‌رگه‌یه‌كی دیپلۆماسیی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان داخست بۆ ئه‌وه‌ی سزای هه‌رێمی كوردستان بدات.
عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك شه‌ڕی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ گه‌شته‌ دیپلۆماسییه‌كانی بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ جارێكی دیكه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كان بوژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.
ئێستا نێچیرڤان بارزانی به‌ جیدی ده‌ستیكردووه‌ به‌ گه‌شتێكی فراوانی دیپلۆماسی بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌رگه‌ داخراوانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سزادان داخرابوون، له‌م گه‌شته‌ فراوانه‌یدا كه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو مانگه‌ له‌ دوای مانگی ئۆكۆتبه‌ر گرتوویه‌تییه‌به‌ر، زۆر ده‌رگه‌ی كرده‌وه‌، زۆری تریش ماوه‌ كه‌ هه‌وڵی جیدی ده‌دات به‌مزووانه‌ بیانكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ش پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بكاته‌وه‌.
عه‌بادی هه‌موو دیالۆگ و چاره‌سه‌رێكی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر گوشاری چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ ڕاگرتبوو، به‌ڵام كه‌سایه‌تی نێچیرڤان بارزانی وایكرد ئه‌و عه‌بادییه‌ غرووره‌ ئاماده‌ی دیالۆگ بكات له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا و مووچه‌ بنێرێت، كه‌ وه‌ك قۆناغی سه‌ره‌تا مووچه‌ی دوو وه‌زاره‌ت و پاشان ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌نێرێت.
نێچیرڤان بارزانی هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌موو ده‌رگه‌ داخراوه‌كان بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئێستا زۆربه‌ی ده‌رگه‌ داخراوه‌كانی كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌ وڵاتێكه‌ و پشتگیری وڵاتانی به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن هه‌رێمی كوردستان ته‌واو به‌هێز بكاته‌وه‌ له‌ڕووی دیپلۆماسییه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری به‌سه‌ر بواره‌كانی دیكه‌ش ده‌بێت به‌ تایبه‌تی ئابووری.
دوایین سه‌ردانیشی بۆ تاران، ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌ گرنگه‌ی كوردستان پێگه‌یه‌كی به‌هێزی په‌یداكردووه‌ و ئاینده‌یه‌كی روون بۆ گه‌لی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا به‌دیدێت، چونكه‌ ئێستا زۆربه‌ی وڵاتان گوێی بۆ ده‌گرن و پشتگیری هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی ده‌ستوور و دیالۆگه‌وه‌.

© 2017 Hawler