کانونی دووەم 29, 2020

ئەنوەر ابراهیم

 

شکێنەری گەمارۆکان وتەی دەسەڵاتدارانی بەغدای بە پێوانەی سەدوو هەشتا گۆڕی، ئەو گۆڕانەی ئەوانی تر جاڕی بێ کرداریان داو نێچیرڤان لە بری وتە و خۆکردنە داڵی شاشە، کردیە کردار.
سەفەری نێچیرڤان لەو (بەغداد)ەوە کە ئامانجی گۆشەگیرکردنی کورد و کۆتایی هێنان بوو بە ڕایەڵەی (پارادیبلۆماسی) دەزگا و دامەزراوە و سیاسیەکانی کورد لە گەڵ جیهانی دەرەوە، کارێکی سادە و ئاسان نەبوو، ئەوەی کلیلی ئەو قوفڵە کڵۆمدراوە بوو خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو، ئەو وەک جوتیارێکی دەست کەسک، پێش هەنگاونان ڕاڤەی کێڵگە سیاسیە هەرێمیەکانی کرد و لە بری وەڵامی لێدوانە توندەکانی بەغداد لە پاریسەوە بەکردار دەست کورتی بەغدای خستەپێش چاوی هەموان و دواتر لە بەرلینەوە شیکاری کورتبینی و دیدەلێڵی سەرانی ووڵاتی دوو ڕوباری کرد.
هەموان چاودێری دیداری نێوان بارزانی و ڕۆحانی بوین و گوێمان لە وتەکانی سەرۆک کۆماری ئێران بو، کە جەخت کردنەوە بوو لە داننان بە پێگەی هەرێم و شەرعی بوون و جێبەجێکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا، ئەوە وێڕای تاوتوێ کردنی پرسی ئابوری و ئەمنی چەند پرسێکی تر کە لە ئێستادا بۆ میدیا نین.
بارزانی کە لە بەغداوە دەچێتە تاران زیاد لە پەیامێکی هەیە، ئەو پەیامانەش پێش بەغداو تاران، بۆ ناوخۆ و دواتر بۆ ئەنکەرە و واشنتن و لەندەنە، بۆ ناوخۆ هێزە فولەخۆکراوەکانی خستەوە قەبارەی خۆیان و بێدەنگ و ئیستی پێکردن گەر بیانەوێت تێبگەن، بۆ بەغداد پەیامەکە دەکرێت بریتی بێت لەوەی بەو هەموو پشتیوانیەوە، بەڵام لە هەمبەر کوردستان دەستەکانت کورتن و نەتتوانی و ناتوانی دەرگاکان دابخەیت، بۆ تاران تەئکید کردنەوەیە لەوەی کورد دەزانێت کە تاران بۆ ئارامی خۆی پێویستی بە هەولێرە لە لایەک و لەوەش دڵنیایە کە بەغداد ئاو ناخواتەوە بێ فەرمانی تاران، بۆیە چیتر لە بری دیالۆک لەگەڵ بەغداد باشترە هەولێر و تاران دیالۆگ بکەن، پەیامێکیش بۆ واشنتن ئەوەیە کورد هەموو هێلکەکانی لەسەبەتەی ئیدارەکەی ترامپ نیە.
بە لەندەنیشی وت
(چیتر کوردەکان لە نێوان پەنجەکاندا ون نابن و هەرکەس وەک سەد ساڵ لەمەوبەر لێیان بڕوانێت، بێ شک پێویستی بە چێکی عەقڵە)

© 2017 Hawler