ئەیلول 19, 2018

هەڵە وەرگرتن و راڤە و تێڕوانینی چەمکەکان

بەهرە حەمەڕەش

لە فەرهەنگی خاڵ، وشەی چەمک بە "مانا و مەبەستی وشە" هاتووە. هەروەها لە هەنبانە بۆرینەی هەژاری موکریانیدا، "مەبەستی وشە" لە جیاتی چەمک بەکارهاتووە. کەواتە چەمک لە زمانی کوردیدا بە مانای "مانا و مەبەستی وشە" دێت. وەک هەر وشەیەکی تری وەرگیراو بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەرۆک، لە قسە و ئاماژە دا سودی لێوەرگیراوە.
هەمیشە چەمک شتێکی زیندووە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەراوردکردنە لەسەر پاشخانەکان، ئەم چەمکانە لە کۆمەڵگایەک پەیدابوون، کە لەسەر کۆمەڵێک ریفۆرم و شۆڕش دروست بوون. لە پاشخانی هەر چەمکێکدا کەڵەکەبوونێک هەیە. کورد هەرگیز نەچووە لێکۆڵینەوە و بەراوردێکی پاشخانی چەمکەکان لەگەڵ کلتوری خۆیدا بکات. ئایا تا چ رادەیەک دەتوانێ لێی سودمەند بێت و توانای خۆماڵی کردنی ئەم چەمکە و گونجاندن و تێگەیشتنی لەسەر بنەمای خزمەتی کۆمەڵ و بەرەوپێشبردنی هەیە؟
بە هەموو پێوەرەکان، درۆ و دزی، دوو سەرچاوەی هەمووکێشەکانی مرۆڤن، بەڵام لای ئێمە نەبوونەتە بەشێک لە ناوەرۆکی ئەخلاق، رۆژانە هەردووکار بە ئاشکرا دەکرێت و خەڵکیش رێز لە دز و درۆزنەکان، دەگرن! زیاتر ئەخلاقمان لە کەشێکی تێگەیشتنی بێبنەما و تەقلیدیدا، سنووردارکردۆتەوە و نەمانتوانیوە دەربازی ناوەرۆکەکەی بین و لەرێگەیەوە رێگری لە تاوانەکان بکەین، بەڵکو بە عەقڵیەتێکی کۆنەپەرستانە، وەکو چەکێک دژی یەکتر و ژن بە کاردێنین. ئەخلاق چەمکێکە کە بە تێگەیشتنی هەڵەوە لە شوێنی هەڵە بەکاردێت.
ئەگەرچی ئەخلاق، وەک چەمکێکی فراوان و جەوهەری لە هەموو بوارەکانی مرۆڤی کورد، ناسراوە، بەڵام تا ئێستاش، نەبۆتە بەشێک لە ویژدانی مرۆڤی کورد. لە ناوخێزانەکانی ئێمەدا دادپەروەری لە نێوان ژن، پیاو و منداڵیدا نییە. بە واقعی هێزی جەستە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن. بەهێزەکە دەتوانی جگەرگۆشەبێ دەسەڵاتەکەی ئەشکەنجە بدات و هەتا ژیانی لێوەرگرێتەوە. هەزاران نموونەی لەم جۆرەمان هەیە. بۆیە ئەگەر کورد بیتوانیبوایە پێناسەیەکی واقیع بینانە و خۆماڵی بۆ ئەم چەمکە بکات، دەیتوانی بیکاتە بەشێک لە کاراکتەری و لە سنوربەندی ئەو چەمکانەوە، دەربازی تێگەیشتن و وردبونەوە لە ناوەرۆک بێت، چونکە ئەگەر نەتوانین لە وەرگرتن و چاولێکەری روکەشی چەمکەکانەوە، دەربازی تێگەیشتنی قوڵ و ناوەرۆکبین، ناتوانین بیکەینە بەشێک لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاک و کۆمەڵدا.
بەداخەوە هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی لە کۆمەڵی ئێمەدا، بە درێژایی مێژوو زۆر کەس بە تایبەت ژن بەبێ گوناه، ببنە قوربانی هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکی ئەخلاق. بە پێی هەموو رێزانی و دەستورە ئاین و گەردونییەکان، بۆ هەر دیاردەیەک دەبێت پێوەرێک هەبێت، کە پشت بە رێنمایی و مرۆڤایەتی ببەستێت، بەڵام بەهۆی کاڵفامیمان لە رۆچوونە ناو ناوەرۆک لە پاشخانی چەمکەکان، لەجیاتی چەمکی ئەخلاق ببێتە مایەی بەرگری لە مرۆڤ و بەها مرۆییەکان، بۆتە ئامرازێکی قێزەوەن بۆ لێکدانەوەیەکی نا مرۆڤانەی بیابانی و گوشار خستنە سەر و کوشتن. بەتایبەتیش رەگەزی ژن. ئەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو پێوەرە عەقڵییانەی کە لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکی تر و تێگەیشتنی جیاواز، لێکدانەوە و راڤە دەکرێت. ئایا لێکدانەوەو راڤەی کورد بۆ چەمکی ئەخلاق، جگە لەو لێکدانەوە هاوردە و تەقلیدییەی جەستەی ژن چییە؟
رۆشنبیر و روناکبیرانی کورد، بەشێوەیەکی کراوە و وەک دیاردە نەهاتوون پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەن و پێوەرەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤ دیاری بکرێت. بۆیە خەڵک لەگەڵ بەکارهێنانی چەمکەکەدا چی بە مێشکدا هاتووە، لە لێکدانەوەو روانین، ئەوەی جێبەجێکردووە تا گەیشتۆتە ئێستا. نەک وەک تێگەیشتن لە پاشخانی ئەو چەمکە!
بۆچی کورد نەییتوانیوە بە گیانی خۆماڵی چەمکەکان دەوڵەمەند بکات و رۆحێکی کوردی بەبەردا بکات؟ دیارە لە جیاتی ئەم کارانە، چەمکەکانی زیندانی کردووە. ئەگەر لەناو نوخبەیەکیشدا تێگەیشتنێکی سادە هەبێت، ئەوا لە بواری تیۆرییەوە دەربازی پراکتیک نەبوون!! بۆیە ئەگەرچی چەمکی ئاین مێژوویەکی دورودرێژی لەگەڵ کوردوەک تراژیدیا/ کۆمیدیا هەیە، بەڵام نەبۆتە بەشێک لە کاراکتەری مرۆڤی کورد. تەنانەت لە ئاینیشدا نەمانتوانیوە شەن و کەو بکەین و لێکدانەوەو تەفسیری کوردی خزمەت بە نەتەوەی بۆبکەین. هەر لەبەر ئەوەشە لە قۆناغی چاولێکەری ماوینەتەوە و دەربازی قۆناغی بنیاتنان نەبووین. لە جیاتی ئاین بخەینە خزمەتی مرۆڤ و کۆمەڵی خۆمان، مرۆڤی کۆمەڵ و نەتەوەی ئێمە خراوەتە خزمەتی ئاین. ئەمەش ئەو کارەسات و ئاڵۆزییە دورست دەکات، لە تێگەیشتنی هەڕەمەکییەوە بۆتە کرداری ئاڵۆز و خوڵقاندنی تاوانکاری بەردەوام لەسەردەستی ئایندارە تەقلیدییەکان.
ئەو میللەتانەی کە تا ئێستا لە دوڕیانی کۆنەخوازی و شارستانیەتدا ماونەتەوە، لە بازنەی خورافە و خەیاڵدا دەژین و لە ژێر کاریگەری رووداوە سروشتییەکان، وەکو دیاردەی ئیلاهی دەرنەچوون. چەمکەکان تەنیا وەک دەربڕین بەکاردەهێنن. زیاتر خەریکی چاولێکەری و لاساییکردنەوەن، نەک بنیاتنان، چونکە لای ئەوان ئەوەی هەیە تەواوە و هێزێکی سەرووی درک و ئیرادەی ئەوان ئەم بەشەی دیاریکردووە. بۆیە هیچ شتێ لەدەسەڵاتی ئەواندانییە. ئەم تێگەیشتنە مرۆڤی رازی و بێ دەنگ دروست دەکات، چونکە ئایدۆلۆژیای دین چوارچێوەی بۆ بیرکردنەوە و تێگەیشتنیش دیاری کردووە. ئەگەر بیر لەهەندێ نهێنی گەردونی بکەیتەوە و پرسیارەکان تەرجەمەی نوسین یان قسەکردن بکەی، لە جیاتی وەڵامدانەوە، روو بەرووی کۆمەڵێک لۆمە و هەڕەشە دەبیتەوە. لەبەرئەوەی پێیانوایە ئەگەر پرسیاری هەندێ لە شوێن و مەکان بکەی، ئەوا گومڕاو لە رێ دەرچووی.
تێگەیشتن و پابەندبوونی کۆمەڵ بە وەها ئایدۆلۆژیا و چەمکێک، وادەکات کە بیرکردنەوە و تێڕامانەکان قەتیس بن. هەموو شتێ زۆر روکەش وەربگیرێت و چونە بنج و بناوانی چەمک و ئایدۆلۆژیاکان، لە کارە قەدەغەکراو -و حەرامەکان بێ.
کورد لە رێگەی چەمکی ئەخلاقەوە، چەمکێکی تری پەلکێش کردووە، کە پێی دەڵێن ناموس. چەمکی ناموس، بەزمانی یۆنانی بەواتای قانون دێت، ئێمە لە بەکارهێنان و مانادا بە هەڵە بەکاری دێنین. لەبەرئەوەی چەمکەکانمان بە رووتی وەرگرتووەو نەچووینە بناوانیان. لە جیاتی سود وەرگرتن دژی یەکتر بەکارمان هێناوە و مامەڵەی نامرۆڤانەمان پێوە کردووە. دیسان ناموس، بە لێکدانەوەیەکی هەڕەمەکی و سەرچیخ وابەستەی ئەخلاق و جەستەی مێ کراوە.
مێژوونوسی بەناوبانگ (تۆینبی)* دەڵێت: یەک لەو خەسڵەتە سەرەکییانەی، کە ژیانی سەرەتایی لە شارستانیەت جیادەکاتەوە، داهێنانە". لە ژیانی سەرەتاییدا، مرۆڤ تەنیا خەریکی چاولێکەری و لاسایی کردنەوەیە، بەڵام ئەو کۆمەڵگانەی کەشارستانیەتیان پێگەیشتووە خەریکی داهێنان و تازەگەرین. زیندانیکردنی فکر لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیادا، رێگری لە پێشکەوتن و دینامیکیەتی کۆمەڵایەتی دەکات. مرۆڤێک پەروەردە دەکات، کە هەموان رەت دەکاتەوە و کلتوری یەکتر قبوڵکردن و جیاوازی، بە وەها کۆمەڵێک نامۆ دەبێت.
پەروەردەی مرۆڤی کورد، لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە هەرەمەکییانە وەها قەتیس کراوە، کە تا ئێستاش لای زۆرینەی خوێندەوار، هەندێ پرسیار لەرێ لادانە و باشترە مرۆڤ ئەو پرسیارانە لە خەیاڵەوە نەهێنێتە سەرزمان. ئەو میللەتەی کە ناتوانێت پرسیار دروست بکات یان پرسیار بکات، گۆڕانکاری تێیدا مەحاڵە، چونکە پرسیار خۆی بنەمای فکر و فەلسەفەیە، بەڵام لای ئێمە کراوە بە تابۆ! چەندین جار لەسەر قسەکردن و وروژاندنی پرسیارێک، مەلاکان لە مزگەوتەوە جەندین فەتوای تەکفیری و هەتا کوشتنیان دەرکردووە و ئەمەش وایکردووە کە مرۆڤی کورد لە ئاستی وروژاندنی پرسیاری فکریدا تووشی سڵەمینەوە و کپ کردن بێت.
بەگشتی رۆژهەڵاتی ناوەراست، هێشتا لەسەر بنەمای هەرسێ ئایدۆلۆژیای "ئاین، نەتەوە و چەپگەرایی"، دەچەوسێتەوە و دەسەڵاتدارانی ئەم دەڤەرە هەریەک بە جۆرێک ئەم سێ ئایدۆلۆژیایان بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات و چەوساندنەوەی ئەویتر بەکارهێناوە.
چەمکی "ئاین، نەتەوە و چەپگەرایی"، مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ سەربردە و چەوساندنەوەی گەلی کورد هەیە، بەڵام تاکی کورد نە ناسیۆنالیزم، نە دیندار و نەچەپێکی تەواوە. کورد وەکو میللەتێک، هیچ کام لەم ئایدۆلۆژیایانە نەبوونە بەشێک لە کەسایەتی و جێگیرنەبوون، بۆیە دەبینین لەگەڵ ئەوەی کەسێک لەسەر ئایدۆلۆژیای ئیسلامییە، بەڵام پابەندی پرەنسیپەکانی نابێت و ئەوەی ئارەزووی نەبوو جێبەجێی ناکات. ئەمە نیشانەی لاساییکردنەوە و بە هەڵە وەرگرتنی ئەم چەمکانەیە، بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما و بنچینەی دروستبوونی. بۆیە تائێستاش کورد لەسەر بنەمای ئەم سێ چەمکە بە تایبەتی ئاین و نەتەوە، دەچەوسێنرێتەوە.
ئاینی ئیسلام، هەندێ ئایەت و فەرمودەی تێدایە، کە ئەگەر دیندارە کوردەکان، بیتوانیایە ئەم ئایدۆلۆژیایە لەکەسایەتییاندا جێگیربێت، دەیانتوانی لە بەرژەوەندی نەتەوەیی بەکاریان بهێنێت و سودمەندبن، لە جیاتی دیندارێکی دشداشە لەبەر، کە ئاینی تەنیا وەکو چاولێکەری و روکەش و جل و بەرگ وەرگرتووە. نائاگاییانە سەرقاڵی بەربەرەکانێی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و کلتورییەکانی خۆیەتی، دەیتوانی تێگەیشتنێکی قوڵ و خۆماڵی بۆ ئاین هەبێت و ببێتە دیندارێکی کوردی، کە ئاین وەک پاڵپشت بخاتە خزمەت کێشەی نەتەوە، زمان و کلتورەکەی.
دوای راپەڕین کۆمەڵێک چەمکی تر لە رێگەی گلۆباڵ و تێکەڵاوی وەک "مافی مرۆڤ، دیموکراسی، یەکسانی، دادپەروەری و مافی ژن"، هاتنە ناوژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمە، تائێستاش ئەم چەمکانە بە گشتی لە چوارچێوەیەکدا لە قاڵبدراون. پێکەوە گرێدران و پەیوەندییەکانیان زۆر سادە کردوونەتەوە و هەتا لە زۆر حاڵەتدا روو بەرووی لێکدانەوەی هەڵە کراونەتەوە.
تیاترۆ، دیارترین نموونەیەکی تری هەڵە وەرگرتنی چەمکەکانەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەرۆکی. لە ناو کورددا (تیاترۆ) بۆ ژنێک بەکاردەهێنرێت، کە بە پێوەر و تێگەیشتنی کۆمەڵ، لە رێ لایداوە، هەمیشە بەئاستێکی کەم و قێزەوەن بەرامبەر رەگەزی مێ بەکارهێنراوە. لە کاتێکدا تیاترۆ لە "Theater ــ شانۆ" هاتووە، کە کەناڵێکی گرنگی گۆڕین و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە!
لێرەدا ئەگەر پرسیارێک بوروژێنین، کە بۆچی ئاین، کوردایەتی، راگەیاندن و گلۆباڵ، نەیانتوانیوە هۆشمەندی ئێمە لە چاولێکەرییەوە بگەیەننە قۆناغی بنیاتنان؟ کەواتە ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی هزری و رۆشنبیرییە، بۆ ئەوە پێداچوونەوەیەک بە رەفتار و مێژووی خۆماندا بکەین و بگەینە ئاستێک، کە بتوانین چەمکەکان لە بواری خۆیاندا بەپێناسە و لێکدانەوەی گونجاو بەکاربهێنین.

*دکتۆر عەلی وەردی-گەڵتەجاڕی عەقڵی مرۆڤ-وەرگێڕانی حەسەن عەبدولکەریم-ل٢٤

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.