تشرینی دووەم 16, 2018

ئاریان فەرەج

 

بەر لە چوار ساڵ سەرۆك بارزانی بە پشت بەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییە وورد و پڕ زانیارییەكانی كوردستان، دەسەڵاتدارانی بەغدای لە مەترسییەكی جددی بەهۆش هێنایەوە. مەترسی هەراش بوون و پەلاماری فروانی داعش بۆ سەر شارە گەورەكان بە موسڵیشەوە. ئەوكات داعش لە سەحرا و قوڵاییەكانی سێگۆشەی سوننە خەریكی مەشق و خۆڕێكخستن بوو، بەرپرسەكانی بەغدا هۆشدارییەكەی سەرۆك بارزانییان بە هەند و بە جددی وەرنەگرت، تەنانەت بە جۆرێك لە بوغرایی و لەخۆڕازی بوون و بێمنەتیشەوە وەڵامیان دایەوە. ئەوە بوو هێندەی نەبرد موسڵ و یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی كەوتنە دەستی داعش و تەنانەت گەیشتنە تخوبەكانی بەغداش. ئەوانەی هۆشدارییەكەی سەرۆك و كورد و پارتییان بە جددی وەرنەگرت، چەك و جبەخانەیان لە دوای خۆیان بەجیهێشت و بە پەلەپروزێ و چنگ لەسەر شان قورتار بوون. باجی ئەو گوێپێنەدان و بەهەند وەرنەگرتن و خەمساردییەش جەنگێكی سێ ساڵەی تاقەتپروكێنی پڕ لە قوربانی بەشەریی و خەسارەتی مادیی بوو كە رەنگە بە پەنجا سالی دیكەش عێراق لە بنی دەرنەچێت.
ئەوانەی پێش دوو سێ مانگ كۆتاییهاتن و نابووتی داعشیان راگەیاند و ئاهەنگی سەركەوتنیان گێڕا و وویستیان بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن دەنگی پێ كۆبكەنەوە. خەریكە هەمان هەڵەی چوار ساڵ لەمەوبەر دوبارەدەكەنەوە. خەریكە بە درۆكەی خۆیان باوەڕ دەكەن كە گوایە داعش بەزیوە و كۆتایی هاتووە. لە پاڵ ئەو خۆتەفرەدانەشەوە رەنگە دەرفەت بۆ داعش برەخسێنن خۆی گورج گاتەوە و هەمان موسیبەتی سێ ساڵی رابردوو دوبارە بەسەر عێراقدا بێنێتەوە.
لە بەلاغی دوا كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا كە بەر لە دوو رۆژ بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی سازدرا، هەمان هۆشداریەكەی چوار ساڵ لەمەوبەر بە راشكاوی دوبارە بۆتەوە. لە بەلاغەكەدا هاتووە كە داعش سەریهەڵداوەتەوە و بۆتەوە مەترسی بۆسەر ئەمنیەت و ئاساییشی عێراق، بۆیەش پێویستە هێزە عێراقییەكان ئەم مەترسییە بە جددی وەربگرن و چیتر خەمساردانە مامەڵە نەكەن و لە ئاستی ئەم تەحەدییەدابن. هەڵبەت بەگژاچونەوەی ئەو تەحەدییەش بەوە دەبێ پەلە بكرێت لە پێكهاتن و لێكگەیشتن و دروستكردنی حكومەتی نوێ كە حكومەتی تەواوی پێكهاتەكان بێت. حكومەتێك پابەندی پرنسیپەكانی تەوازون و تەوافوق و شەراكەت بێت تا بتوانێ هەموو تواناكان كۆبكاتەوە و لە ئاست پڕكێشییەكانی قۆناغەكەدا بێت.
پارتی حزبێكی دێرینی دنیادیدەی بە ئەزمونە، نە لە خۆڕا قسان دەكات و نە زیاد و كەم دەڵێت. بۆیە حەق وایە هەمیشە قسەكانی بە هەند وەربگیرێن و بە جددی سەرەدەرییان لەگەڵ بكرێ. ئەو كاتێك دەڵێ داعش سەریهەڵداوەتەوە، بە بەڵگە و زانیاری و خوێندنەوەی بەدیققەتی رەوشەكە پشت قایمە و دەزانێ چ دەڵێ. هێزە سیاسییەكانی بەغدا هەڵەیەكی كوشندە دەكەن گەر بێت و ئەم هۆشدارییە بە جددی وەرنەگرن و كەم سەرنج بدەنە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش.

© 2017 Hawler