نیسان 07, 2020

لێبوردن دڵدانەوەیەكی میهرەبانانەیە

كامەران ئەحمەد

 

لەو كاتەی كە بە شێوەیەكی نادادپەروەرانە كەسانی تر دڵمان دەرەنجێنن و زێدەڕەوی لە سنوری كەسایەتیماندا دەكەن ئێمە دەتوانین بە شارەزای ئایینی و كۆمەڵایەتی خۆمان تۆڵەمان بسێنەوە و بەرامبەریان كینە و حقد دروست بكەین، دەتوانین ناچاریان بكەین تاكو دان بە تاوانیان بنێن، بەڵام لە جیاتی تۆڵە سەندنەوەو كینە دەتوانین چاوپۆشیان لی بكەین، وەڵامی خراپە بە چاكە بدەینەوە ئەو كارە دەبێ بە شێوەیەكی راستگۆیانە ئەنجام بدرێت، لێبوردەئی و عەفووكردن سوودی جەستەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتی و مەعنەویی فراوانی هەیە، بۆ نموونە لێكۆڵینەوە نیشانی داوە لێبوردن كاریگەریی دەبێت لەسەر فیشاری خوینی ئەو كەسەی كە لێبوردن دەكات و هەروها كاریگەریی دەبێت لەسەر نەخۆشیی دڵ وا لەو كەسە دەكات كە تووڕە نەبێت و چاوپۆشی بكات لە گیروگرفتی كۆمەڵایەتی و دڵەڕاوكی كەم دەكاتەوە و دەروونی مرۆڤ ئاسوودە دەكات و پەیوەندییەكی بەهێز دروست دەكات لە ناو كۆمەڵگادا. بۆ ئەوەی لێبوردن بكەی دەبێ ئامادەیت هەبێت تاكو بتوانی رێژەی تووڕەی خۆت جڵەو بكەی، دەبێ لێكۆڵینەوە بكەی لەو نادادپەروەریەی كە بەرامبەرت كراوە و شایانی تۆ نەبووە، دەبێ بزانی تاچەند تورەی، ئەو دڵڕەنجاندنە دەتوانێت زۆر بە ئێش بێت بەڵام لێبوردن مانای ئەوە نییە كە وا نیشان بدەی كە هیچ رووی نەداوە و یانیش ئێش و ئازارەكانت لە ئەوانی تر بشاریتەوە، لەبەر ئەوەی ئازارت پێ گەیشتووە دەبێ لەگەلأ خۆت روو ڕاست بی، دەبێ رێگایەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بیر لەو كارە نەكەیتەوە كە رووی داوە و پێی بڕەنجێت دەبێ بە دڵێكی فراوان وەریگرێت تاكو بتوانی چاوپۆشی لەو كارە بكەی. وا دەركەوتووە لەو كاتەی لێبوردن دەكەی هەست بە ئاسوودەیی دەكەیت و كینەو حقدت نامینێت و گۆڕانكاریی بنچینەی روو دەدات لە شێوازی بیركردنەوەت و بیركردنەوەی خراپ دەبێتە بیركردنەوەیەكی چاك و بەسوود، وا لەكەسی تاوانبار دەكات كە زیاتر شەرم لەخۆی بكات بەرامبەر ئەو كارەی كە كردوویەتی، ئەوكەسەی لێبوردن دەكات دەبێتە كەسێكی بەرەوشت و خۆشەویست لە لای كەسانی تر . لێبوردن لە گوناح مانای لەبیربردنەوەی گوناحەكە نییە، لێبوردن جیاوازی هەیە لەگەلأ چاوپۆشیكردن، كەسی تاوانبار دەبێ سزای یاسایی بدرێت بۆ ئەو تاوانەی كە ئەنجامی داوە، دوعای خێری بۆ بكەین لە هەمان كاتیش ئێمە دەتوانن چاوپۆشی لە گوناحەكەی بكەین و بەچاوی تاوانبار تەماشای نەكەین، بەڵام ئەگەر كینەو حقدمان لە دڵدا بێت ئەوا ئەو حقدو كینەیە دەبێتە ڕێگر بۆ دروست بوونی پەیوەندی هاوڕێیەتی لە ناو كۆمەڵگادا. بەڵام پەیوەندیی دووبارە لەگەلأ ئەو كەسە بەستراوە بە رادەی دڵنیابوونی بەو كەسە. لێبوردن و عەفووكردن لە رەوشت و تایبەتمەندیی مرۆڤە گەورەكانە و نیشانەی دڵكراوەیی و خۆبە گەورەنەزانیی ئەو كەسەیە. هەروەكو لە قورئانی پیرۆز دا هاتووە سزای خراپی بە خراپی بدەوە بەڵام ئەگەر لێبوردنیش بكەی ئەوە خوا پاداشتی بە چاكە دەداتەوە، بێگومان خوا زۆردارانی خۆش ناوێت، لێبوردن رەفتارێكی بەرزە و وەڵامدانەوەێكی میهرەبانانەیە كە لە بەرز ڕوانینی ئەو كەسەوە سەرچاوە دەگرێت.

© 2017 Hawler