ئەیلول 19, 2018

حکومەتی ئەخلاق و بەرپرسیاریەتی

سەربەست ساڵح

 

لە ناوەڕاستی ساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا، وابڕیارە بەر لە کۆتایی ساڵ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانیش ئەنجامبدرێت، چی لە دۆخی گشتی دەگۆڕێت؟ چی لە ژیانی خەڵک دەگۆڕێت؟.
بەڵێنی چوار ساڵی ئارامیان پێداین! چوارساڵی پڕ لە کێشە و قەیرانمان گوزەراند! لە بەراوردکردنی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراقی عەرەبیدا، هەرێمی کوردستان ئارامتر و ئاوەدانترە، ئەگەر بڕینی بەشە بوجەی کوردستان نەبوایە ئەوا هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی ئابوریشەوە زۆر زیاتر و گەشەسەندوتر دەبوو لە حکومەتی ناوەندی.
شکستی گەورەی حکومەتی عێراق، نەبوونی ئەخلاق و بەرپرسیاریەتیە لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدا، بەتایبەت لە نەبوونی ئیتیکیی بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر خەڵکی کوردستاندا، لەو گوشار و فشار و هەڵوێستە نامرۆڤانەیەیی عێراق لەبەرامبەر کوردستاندا گرتویەتیە بەر.عێراق لێوان لێوە لە جەنگی مەزهەبی لە گەندەڵی لە قەیران لە تیرۆر و توندوتیژی لە هەرەسی دامەزراوە، عێراق نغرۆیە لە نەخوێندەواری لە هەژاری لە نەخۆشی لە ئاوەرەیی لە فەساد و بەهەدەردان. عێراقی عەرەبی لە گرێژنە دەرچووە، حکومەتی عێراق و سیاسیەکانی، کە عێراقی ڕووبەڕووی کێشەی مەزهەبگەری و جیاوزی و نەژادپەرستی کردۆتەوە، هەنوکە هیچ ئایندەیەکی گەش لە ئاسۆی عێراقەوە دیارنیە.
هەرێمی کوردستان خۆی لە کێشەی نەژادپەرستی و مەزهەبگەری پاراستوە، نەک تەنها لە عیراق لانکەی ئارامیە لە ناوچەکەش، پێکەوژیان بنەما و ڕوانگەیەکی گەشی کۆمەڵگای کوردستانە، کە ئەگەر بەشێکی فەزڵی بۆ پێکهاتەکان بگەڕێتەوە، ئەوا بەشێکیشیپەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسیەوە هەیە، فەلسەفەی سیاسی حکومەتداری لە کوردستان پاراستنی فرەڕەنگی و پێکەوە هەڵکردنی جیاوازییەکانە، ئەمەش لە یاسا و ڕێساکانی ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان و لەشکری پێشمەرگەدا رەنگیداوەتەوە، پێویستە و ئەرکێکی بە کۆمەڵە کە لایەنە باش و گەشەکانی ژیار لە کۆمەڵگای کوردستان بپارێزین و گەشەی زیاتریپێبدەین، وە چاو لە کەموکوڕی و خەوش و ناتەواویەکانیش نە پۆشین.
کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زادەی ڕێکەوتنی چەن هێزێکی سیاسیە، هەڵبەت کارنامەکەشی کارنامەی هێزە بەشدارەکانێتی، بەشێک لە پارتە سیاسیەکان مولزەم و بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی کارنامە و ئەجندایی کابینەکە، کە بەپلەی باڵا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی یەکدەنگ و یەکگرتوو، وە گروپێک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگرێتەوە، لە بەرامبەردا بەشێکی تری بەشدارانی حکومەتی هەرێم، سەرباری وەرگرتن و بەدەستهێنانی پۆستی سیادی و جومگەی گرنگی حکومڕانی، ئیتیکی بەرپرسیاریان نەبوو لە بەڵێنی چوارساڵ ئارامی و بەجێگەیاندنی ئەخلاقی بەرپرسیاریەتی بەرامبەر دەنگی خەڵک و ئەو بەڵێنانەی بە جەماوەری کوردستانیاندابوو، وەئەم بێبەڵێنییە و نەبوونی ئەخلاقی بەرپرسیارییەتی هۆکار بوو لە گرژییە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان، وە گرژییە سیاسیەکانیش هۆکار بوو لە خراپی دۆخی گشتی خەڵک.
لێرەوەیە دەمەوێت بڵێم پێویستە خەڵکی کوردستان هۆشیار و بەرچاو ڕۆشنبن، لە ئەخلاقی بەرپرسیارییەتی هێز و پارتە سیاسیەکان، بەرلە کۆتایی ساڵ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت، هەڵبەت ئەگەر هێزو تاقمە بێبەڵێنەکان نەبنە ڕێگر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن!، ئەوا جارێکی تر هێز و پارتە سیاسیەکان دەکەونەوە بەردەم مەحەکو ویژدانی خەڵک، وە بەدڵنیاییەوە خەڵک سزای ئەو هێزانە دەدات کە بەرپرسیار نەبوون بەرامبەر بە دۆخی گشتی و بەڵێنەکانیان نەبردەسەر.
ئومێد دەخوازم کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆکەرەوەی هێزە بە ئەخلاق و بەرپرسیارەکانبێت بۆ ئەوەی جەماوەر و خەڵک ناویبنێن حکومەتی ئەخلاق و بەرپرسیاریەتی.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.