نیسان 07, 2020

ئاریان فەرەج

 

كێشە و گرفتارییەكانی كوردستان،ق ەیرانی راستەقینەن. ئەو حزبانەی سەروەختێك كە كێشەكان نەشگەیشتبونە ئەم ئاستە بە ئازارەی ئەمڕۆ، باسی شكستی حكومەت و زەرورەتی گۆڕانكارییان دەكرد، دەبوا ئێستا لەهەر كەس زیاتر داوای هەڵبژاردن بكەن. دەبوا هیچ بڕوبیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبوڵ نەكەن و شەقامی كوردستان بوروژێنن و نەهێڵن دامركێنەوە تا هەڵبژاردن دەكرێ و متمانە لەم حكومەتە دەسێنرێتەوە و حكومەتێكی نوێی بەرمەبنای هەڵبژاردنێكی نوێ دێتەئاراوە.
كەچی سەیرەكە لەوەدایە، لە جیاتی ئەوەی ئەوان پێداگربن لەسەر هەڵبژاردن و پارتی وەك حزبی یەكەمی دەسەڵات مل نەدات، پارتی ( كە ئەوان بەتاكەحزبی دەسەڵات و بەرپرس لە هەموو گرفتەكانی دەزانن) داوای هەڵبژاردن دەكات و ئەوان نایەنە پێشێ و هەر لایەنە و بڕو بیانوویەك دەبینێتەوە.
بە پێی ئیدیعای ئەم چەند ساڵەی رابردووی ئەوان بوایە، پارتی كە گوایە دەسەڵاتی قۆرغ كردووە و بە هیچ كلۆجێك دەستبەرداری نابێت، دەبوا ئاستەنگی گەورەی بەردەم هەڵبژاردن بێت، دەبوا سەد و یەك بەهانە بێنێتەوە و نەهێڵێ بكرێ زەمینەی تا درێژە بە دەسەڵاتەكەی بدات. بە قسەی ئەوان بوایە، دەبوا پارتی لە ترسی گۆڕانكاری، سەنگەر لە هەڵبژاردن بگرێ و نالەباریی هەلو مەرجەكە بكاتە هەنجەت بۆ دواخستنی.
هەڵبەت دەسەڵات لە كوردستاندا بە هەڵبژاردن وئیرادە و دەنگی گەل هاتووە، هەر بە هەڵبژاردنیش متمانە و شەرعییەتی لێ وەردەگیرێتەوە. كەواتە هەڵبژاردن دەبوا داوای بێ چەند و چوونی كۆی ئەو حزبانە بوایە كە دەیانەوێت شەرعیەت لەم دەسەڵات و حكومەتەی ئێستا وەربگیرێتەوە. كەچی پێچەوانەكەی دەبینین!!.
پارتی وەك چۆن لە هەڵوێستە سیاسیەكانیدا، سازش و سەودا و داشكاندنی نەزانیوە و لەو پێناوەشدا زۆرترین باجی داوە، لە باوەڕیشیدا بە دیموكراتی، هەرگیزپێچەوانەی خیتاب و ئیدیعاكانی نەبووە. بۆیەش سوورە لەسەر هەڵبژاردن و رێزگرتن لە مافی خەڵك بۆ هێنانە ئارای پەرلەمان و حكومەتێكی نوێ، ئەو مافە رەوایەی هیچ هەنجەتێكی پێ ناگیرێ و كەس بۆی نییە موسادەرەی بكات و هەڵوێست و بەرژەوەندی هیچ حزبێك لەسەرویەوە نییە. راستترین رێگا و باشترین چارەش بۆ قەیران و ناكۆكییەكانی ئەمرۆی كوردستان، تەنیا هەڵبژاردنە. بۆیە هەنجەت لێگرتنی،جگە لەوەی گوێنەدانە بە چارەی گرفتەكان، درۆ لەگەڵ خۆكردن و بەتاڵبونەوەی ئیدیعاكانی دیموكراسخوازی و گۆڕانخوازییشە.

© 2017 Hawler