ئایار 30, 2020

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

دبلۆماسییەتی سه‌رۆكی حكومه‌ت و تێپەڕاندنی قەیرانە سەختەکان

زینۆ كاكەیی

 

دوای ١٦ ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی نیوەی خاکی کوردستان لەلایەن داگیرکەری نوێی بەغداوە، هەمووان پێیان وابوو کە ئیتر زەحمەتە کورد جارێکیتر بتوانێت پارسەنگی ئەم شکستە بکاتەوە و بتوانێ پشتیوانی جیهانی دەرەوە بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد لەباشوری کوردستان مسۆگەربکات، بەڵام دبلۆماتکار و سەرکردەی گەنج و خاوەن ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، خۆی خستە ژێرباری ئەو ئەرکە قورسە و هەر بەزوویی سەرنجی دنیای دەرەوەی بۆ خۆی و حکومەتەکەی ڕاکێشا، سەرەتا بە ئەوروپا و لەفەرەنساوە دەستی پێکرد، دواتر بریتانیا و ئەمریکا و پاشان زۆربەی جیهانی گرتەوە، بۆیە دەبینین بەم دواییانە حکومەتی عێراقی بەفشاری نێودەوڵەتی هەندێ نەرمی نواند، ئێستاش دوای ئەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆی ئاشکرا بوو کە حکومەتی عێراق بەتەنها ناتوانێ ڕووبەڕووبووی قەیرانەکان ببێتەوە و ئەگەر وەها بڕوات دوورنییە داعشێکی تر لەناوچەکە سەرهەڵنەداتەوە، بۆیە هەرزوو کەوتە پەیوەندی گرتن لەگەڵ فاکتەرە سەقامگیرەکەی ناوچەکە کە هەرێمی کوردستانە ئەویش لەڕێگەی دبلۆماتکار و دەوڵەتمەدار، نێچیرڤان بارزانی دەبینیەوە ئێستا لەسایەی ئەودا ڕۆژبەڕۆژ دۆستمان زۆردەبێت و دوژمنیش لە نوشستایە، پەیوەندی ئەم دواییەی تیلرسن بۆ دەوڵەتمەدار دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە زلهێزەکان بەپەرۆشن بۆ حکومەتێکی بەهێز لەهەرێمی کوردستان، بۆیە ئێستا پێگەی ئەم حکومەتە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە پارێزراوە چەندین جار زلهێزەکان بە حیزبە لۆکاڵیەکانی هەرێمیان گووتووە کە پێویستە پشتگیری حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی بکەن، بەڵام ئەو لایەنانە بەپێچەوانەوە لەحکومەتەکە کشانەوە، خۆیان لەم بەرپرسیارێتیە گەورەیە دزیەوە، بۆیە چاوەڕوانی هیچی باشیان لێناکرێ، دەوڵەتمەداریش بەم هەنگاوە بوێر و زانایانەش توانی جارێکیتر گەلی کورد لە گێژاوی نوشستی حەتمی ڕزگار بکات، هەر پەیوەندی دبلۆماسی نێچیرڤان بارزانی بوو کە پیشانیدا ئەوە حکومەتی عێراقە مەیلی شەڕخوازی هەیە و مل بۆ گفتوگۆ نادات، بۆیە سوور بوونی لەسەر گفتوگۆ و مەیلی عێراق بۆ سەپاندنی ئیرادەی هێز ئەو ڕاستیەی دەرخست کە یەکەمیان ئاشتیخوازە و ئەویتریان فاشیست، بۆیە ئیتر لەمەودوا قۆناغی ئیرادەی هێز کۆتایی دێت و ئیرادەی ئاشتی باڵادەست دەبێ، بەتایبەت پەیوەندی تەلەفۆنی ئەم دواییانەی تیلەرسن بۆ دەوڵەتمەدار و جەختکردنەوەی هەردوولا لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور کە ئەمە نیشانەی ڕەتکردنەوەی مەنتقی هێزە کە حکومەتی عێراق بانگەشەی بۆ دەکات، ئەمەش جدیترین هەوڵی دەوڵەتمەدارە بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لەم بارودۆخەی کە بەهۆی خیانەتی هەندێ کاڵفام تێیکەوتووە.

© 2017 Hawler