ئایار 30, 2020

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

چارەسەرێكی لیبراڵ بۆ هەرێمێكی فیدراڵ

عەدنان فاخیر

 

ئەگەر لە دۆخی شلۆق و هێشتا نەمەییوی كوردستانی دوای ڕاپەڕین و هەڵكشان و داكشانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازی بكۆڵینەوە ئەگەینە ئەنجامێك كە هۆی سەلمێنراو و سەرەكی ئەم تێكچوونە فاكتەری دەرەكین.! پسپۆرە سیاسیە دێرین و بەتەمەنەكانی كوردستان لەهەموو كەس باشتر دەزانن كە لەناو خودی عێراقدا دەستی دەرەكی چەندە جۆراو جۆر و هەمەڕەنگن، خۆشبەختانە هەر چوار دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست بەتایبەتی عێراق و سوریا تازە ناگەڕێنەوە سەر كەڵەگایی پێشوویان وە سەرجەم پێدراو و پێشبینیەكانیش لەشانسی كورد ئاماژەی دڵخۆشكەرن و لەدایك بوونی نەخشەیەكی سیاسی نوێ پێشبینی دەكەن بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا سیاسیەكانی كورد و دۆخی سیاسی ئامادەیە؟ ئایا كورد ئامادەیە دۆخە نوێیەكە لەخۆ بگرێت و كاروباری هەڵسوڕێنێ ؟ بۆ بەدەستهێنانی ئەم توانا و ئامادەییە كورد پێویستی بە یەكڕیزی و یەك ئەجێندا و یەك گوتاری سیاسییە، ئەمەش پێویستی بە چارەسەرێكی (لیبراڵ)ـە كە لەنێوان هەموو لایەنە وورد و درشتەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەمەش دەبێ هەموو لایەنە سیاسیە تۆلازەكان خۆیان لە كۆت و بەندی ئەجێندای دەرەكی ئازاد بكەن ئاگاداربن (بەچكەی سۆنەش مەلەوانە) وە دەبێ بزانن كەوا بەردەوام بوون لەسەر ڕێگایەكی چەوت ئەگەر لەوپەڕی خێرایی و غاردانیشدا بێ هیچ سوودێكی نییە.! دەبێ بزانن هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی ئەوپەڕی هەستیاری و دینامیكی دایە ! دەبێ بزانن ئەوە ئیرەیی بەغدایە بە گەشە و پێشكەوتنەكانی هەرێم دەڵێ بۆچی؟ وە ئەوە هەرێمی كوردستانە بە وریاییەوە خەون بە هەندێ شتەوە ئەبینێ كە نەهاتونەتەدی و ئەڵێ بۆچی؟ ئەو لایەنانەی بەغدا بە مەرجەع و نوژداری دەرد و مەینەتیەكانی كورد دەزانن پێویستە ووردتر (مەشهەد) ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست بخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن كورد لەكوێی هاوكێشەكاندایە؟ سەركردەكانی ئەو لایەنانەی شەیدای ئەقلیەتی شۆڤێنستی و بت و سەنەمەكانی بەغدان پلان و ستراتیجەكەیان هێندە (هش) و شاشن تەنانەت بیانیەكانیش لەسایەی ئەوانەوە كورد بە پەرتەوازە و بێ بەرنامە و بێگانە پەرست ناودەبەن! بۆیە منیش وەكو خوێندەوارێك و پێشمەرگەیەكی دێرین ئامۆژگاریان دەكەم و تكایان لێ دەكەم خۆتان ڕاست كەنەوە و ڕوو لە كورد بكەن، مخابنە تواناكانتان بەفیڕۆ بدەن. بەفیڕۆدانی كات لە قازانجی كورد نیە ئەم دەلیڤانە بەردەوام نابن.! لە دەستدانیان و لاوازی كورد بەرامبەر ناوخۆی عێراق و دەرەوە لە ئەستۆی ئێوەیە، پێویستییەكی هەنوكەییە لەگەڵ مسعود بارزانی كە دوای نەمانی د.قاسملۆ و مام جەلال و ئۆجەلان تاقە سومبولی نەتەوەی كوردە قۆڵی جوامێری لێ هەڵماڵن و پێكەوە باری گران و دەردی گرانی كورد هەڵگرن هەر كە ئازاد بووین و سەربەخۆ بووین بەخواست و ویستی گەلی كوردستان سەرۆك و سیستەمێكی گونجاو بۆخۆمان هەڵدەبژێرین بەمەش دۆستمان زۆر و نەیار كەم دەبن، چیتر رەمزەكانی میللەتەكەمان ناشرین مەكەن و ئامانج و بیر و بیانووی وەهمی دەرخواردی ئەم میللەتە مەدەن (تەكەبور و تەئامور) وەلا بنێن و نان و ئاوی خۆمان بخۆین باشترە لە منەتی خەڵك، هاوپەیمانی لەگەڵ بێگانە دەستكەوتەكان بەفیڕۆ ئەدات، بەڕێزان سەیركەن لەیلا زانای شێرە ژن و دەمیرتاش و بایدەمیر و هاورێ حەماسە خولقێنەكانیان لەكوێن و خەریكی چین.! ئێوەش خەریكی چین؟ پەیڕەوكردنی سیاسەتی (بەرژەوەندی هەمیشە)ییە بەرامبەر بیانیەكان ڕاستە نەك لەگەڵ برا و گەلی كوردستانی بێ كیان و داگیر و دابەش كراو، باشترین چارەسەر و دیفاكتۆ بۆ ئەم دۆخە یەكەمیان یەكگرتنە و دووەمیش یەكگرتن و سێیەمیش هەر یەكگرتنە و پێكهێنانی سەرخان و ژێرخانێكی بەهێز و پاك و بێ گەردە، بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ بێگانە و بەردەوام بوونی پەرتەوازەیی جگە لە فیتنە و فەساد و دوژمنكاری هیچی تری لێ ناكەوێتەوە، ئەو (ئانارشیزم)ـانەی ناشگەڕێنەوە ناو جوغزی میللەتەكەیان با بڕۆن و بەغدا نیوە ڕێیان بێ.!

© 2017 Hawler