تشرینی یەکەم 01, 2020

كە تۆ ھێشتا نەترووكابوویت!

جەمال عەبدوڵا

 

 

• من حەقم بەسەر پارتیەوە نیە، پارتی وتەبێژی خۆی و غەمخۆرو كۆڵێك ئامرازی ڕاگەیاندنی خۆی ھەیە، بەڵام كە گوێم لە لێدوانی ھەندێك منداڵە وردكەو تازەپیاكەوتوو دەبێت سەبارەت بەوەی كە پارتی بۆیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق لەكەركووك ناكات، چونكە پارتی نەوتی كەركووكی لەدەستدەرچووەو ئیشی بەكەركووك نەماوە بۆیە ئەو بڕیارەی داوە، ناتوانم خۆم بگرم و بھێڵم ئەو لێدوانە زۆر منداڵانەیە ھەروابڕوات چونكە بەدژی ڕاستیەكانی ناو مێژووی دەزانم .

• ھێشتا دوو ئیدارە لەھەرێمی كوردستان ھەبوو، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان – ئیدارەی سلێمانی كە كاك عومەر فەتاح سەرۆكی ئەو حكوومەتەیان بوو، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان – ئیدارەی ھەولێر، كە كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەم حكوومەتەیان بوو، ڕۆژێك لە سلێمانی فواد عارف - خەڵكی ئاگادار لەمێژوو دەیناسن – ھاتە سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان – ئیدارەی سلێمانی و لەگەڵ كاك عومەر فەتاحدا ھەندێك گفتوگۆیان كرد، منیش بەحوكمی ئیشەكەم لەسەرۆكایەتیی حكوومەت، ئامادەی ئەو دانیشتنانە دەبووم، لە ناو قسەكانیدا فواد عارف ھاتە سەرباسی ھەندێك بیرەوەریی خۆی و تەركیزی كردە سەر باسی كەركووك و وتی : - سەرەتای دەستپێكردنی گفتوگۆی پێش ڕێككەوتننامەی ئازاری ساڵی 1970 بوو لەنێوان حكوومەتی ئەوكاتەی عێراق و مستەفا بارزانیدا و دوای ئەوەی كە لەناوپردان مستەفا بارزانی، سەدام حسێنی بینی، سەدام بەمنی گوت بەڵكو ھەرچۆنێك بێت مەلا مستەفا قەناعەت پێبكەن كە ئەوەندە پێ لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك و ئەوە دانەگرێت كە كەركووك بخرێتە سەر ناوچەكانی حوكمی زاتی بۆ خۆبەڕێوەبردن چونكە من جگە لەوەی كە لەناو حزبەكەی خۆم دەورەدراوم بە خەڵكی زۆر قەومی، بڕیاریشم داوە خۆم تەرخان بكەم بۆ مەسەلەی فەلەستین و تاڕادەیەك لەوە دڵنیام كە لەدوای ساڵی 2000 - وە زەمینە بۆ درووستبوونی دوو دەوڵەت درووستدەبێت، یەكێكیان دەوڵەتی فەلەستین و ئەوی تریشیان دەوڵەتی كوردستان ! ئینجا لەبەر ئەوە باھەتا ئەو كاتە یەكلاییكردنەوەی ناسنامەو ئیدارەی كەركووك دوابخرێت ! بەڵام ئەوەبوو مەلا مستەفا ئەمەی قبوڵ نەكرد و سووربوو لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك و پێسەلماندنی ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك !
• من دەزانم فواد عارف یاداشتنامەی چاپكراوی خۆی ھەیە، بەڵام بۆیە ئەو نموونەیەی پێشەوەم ھێنایەوە چونكە ئەوەم ڕاستەوخۆو ڕووبەڕوو لەدەمو زمانی فواد عارفەوە گوێ لێبووە . ئینجا ئایا ئەو نموونەیە بەس نیە بۆ ئەو منداڵە وردكە تازەپیاكەوتوانەی كە دەڵێن پارتی بۆیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق لەكەركووك ناكات، چونكە پارتی نەوتی كەركووكی لەدەستدەرچووەو ئیشی بەكەركووك نەماوە بۆیە ئەو بڕیارەی داوە ؟ باشە ئەگەر لە پێش ساڵی 1970 و دوای ساڵی 1970 ش دەست لەناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك ھەڵنەگیرابێت كە كەركووك و نەوتەكەشی ھەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا بووبێت و پێش ئەو كاتانەش ھیچ كاتێك كەركووك و نەوتی كەركووك لەدەستی كورد دا نەبووبێت و ئینجا دواترو لە كاتێكی تردا لەدەستی دەرچووبێت، ئەی ئیتر چۆن وەڵامی ھەڵوێستی ئەو كاتەی مستەفا بارزانی لەسەر كەركووك دەدرێتەوە ؟ خۆ ئەگەر بەحسابی منداڵەوردكەو تازەپیاكەوتووەكان بێت دەبوایە ھەر لەساڵی 1970 وە مستەفا بارزانی وازی لەكەركووك بھێنایەو دەستی لەكەركووك بشتایە چونكە كەركووكی لەژێردەستدا نەبووەو كەركووكی لەدەست دەرچووە !! ئەی بۆچی لەناوپردانیش دەست لەكەركووك ھەڵنەگیراوە ؟ خۆ ئەوەی ئێستا ئەو لێدوانە دەدات كە پارتی بۆیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق لەكەركووك ناكات، چونكە پارتی نەوتی كەركووكی لەدەستدەرچووەو ئیشی بەكەركووك نەماوە بۆیە ئەو بڕیارەی داوە، ئەوكاتە لەسكی دایكیشیدا نەتروكابوو واتە ھێشتا دنیای نەبینیبوو چ جای بینینی كەركووك و ھەڵوێستە نەتەوەییەكانی كورد لەسەر كەركووك !

© 2017 Hawler