تشرینی یەکەم 01, 2020

ڕووی ڕەشی داگیركار، سپی ناكەینەوە!

پیران ئەمیر

 

دواجار وەك ئەوەی چاوەڕێ دەكرا، پارتە نەتەوەییەكەی نیشتیمان، بڕیاریدا وەك هەمیشە دژ بە داگیركاری و زوڵم و ستەم و تەعریب بوەستێتەوە و بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ناوچە داگیركراوەكانی كوردستانی ڕەتكردەوە و بڕیاریدا بەشێك نەبێت لە پرۆسەی شەرعیەتدان بە زوڵم و زۆری و داگیركاری.
بێگومان وەك لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە، دوای ڕووداوەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دواتر، بارودۆخی شارەکانی كەركوك و خانەقین و ناوچە داگیركراوەكانی دیکەی كوردستان لە ژێر هەیمەنەی پۆستاڵەكانی حەشدی شەعبی، زۆر دژوار و ناسەقامگیرە و بەرنامەیەكی تۆكمەی بەعەرەبكردن و بەشیعەكردن لەو ناوچانە لەلایەن سوپای داگیركەرەوە بەڕێوە دەچێت و ڕۆژانە ماڵە كوردەكان دەتەقێندرێنەوە و ئاسانكاری بۆ هاتنی ماڵباتی عەرەب لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكرێت كە بێنە ئەو ناوچانە و دیمۆگرافیای شارەكە بگۆڕن، بۆیە بەشداریكردن لە هەر هەڵبژاردنێك لە كەركوك و ناوچەكانی دیکە، ڕاستەوخۆ بە مانای شەرعیەتدانە بە داگیركاری و ستەم و نائارامی كە ڕاپۆرتە ئەمنییەكانی سێ مانگی شاری كەركوك ئاماژە بە ڕووداوی گەورە و ترسناكی وەك ڕفاندنی زیاتر لە 37 كوردی شاری كەركوك و دەستگیركردنی 254 كەس بە بێ ڕای دادوەر و 48 ڕووداوی كوشتن و ئەمانە جگە لە تەقینەوەی 126 بۆمب و نارنجۆك و زیاتر لە 92 جار دەستڕێژی گوللە لە هاووڵاتیانی ئەو شارە و بەتاڵانبردنی ماڵی كورد و دزینی 168 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی كورد.
بۆیە، ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە شاری كەركوك ئارامە و قابیلی پاڵدانەوەیە و لە ئێستاشدا پەنجەی پەشیمانی دەگەزن، دەبێ ئەوە باش بزانن بەشداریكردنیان لە هەر هەڵبژاردنێكی ئەو شارە و ناوچە داگیركراوەكانی دیکە، شەرعیەتدانە بە تاڵان و دزی و كوشتن و دەستدرێژیكردنە سەر ماڵان لەلایەن هێزی داگیركار و هەروەها شەرعیەتدانە بە پرۆسەی بە عەرەبكردن و بە عەسكەرتاریكردنی شارەكە كە لە دواجاردا سەر دەكێشێت بۆ تەزویر و خرووقاتێكی زۆر و مەترسی لەسەر دیمۆگرافیای شارەكە و دانیشتووانە ڕەسەنەكەی دروست دەكات و ئەمەش وەك پەڵەیەكی ڕەش هاوشێوەی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بە ناوچەوانی هەموو حزبە بەشداربووەكانەوە دەمێنێتەوە و دواجار مێژوو بەزەیی بە كەسدا نایەتەوە و هەموو ئەوانە دەخاتە لایەنی خزمەتكاریی سوپای بێگانە و داگیركار و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە ڕەتكردنەوەی شەرعیەتدان بە داگیركاری، سەروەرییەكی دیکە دەخاتە سەر كۆی سەروەرییەكانی.

 

© 2017 Hawler