حوزەیران 23, 2018

ئێران لە باڵادەستیا چی چنیەوە؟!

فاتیح ئیسماعیل ئەحمەد

 

 

كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی راپەڕینی سەرتاسەری گەلانی ئێران لەسەرەتای ساڵی 1979دامەزراوە،و دەسەڵاتی گرتەدەست و رژێمی شانشای ئێرانی لە دەسەڵات خست و بۆ یەكەمجار حكومەتێكی ئیسلامی بەشێوەی ولایەتیی فیقی دامەزراند. سەرەتا تەواوی پێكهاتەكانی ئێرانی لە دەوری ئەو حكوومەتە كۆبونەوە، بەڵام ئەو پێكەوەیە زۆری نەبرد، دەسەڵات بووەدەسەڵاتێكی مەركەزی تەواوی یەك رەنگی.
حكوومەتی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵات ئیدی بە هەموو شێوەیەك هەوڵی خۆیان خستەگەر بۆئەوەی كۆنترۆڵی تەواوی ئێران بكەن و هەموو هێزە سیاسەكان لە گۆڕەپانی سیاسی دوربخاتەوە، بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی. دەرەنجام حكوومەتی كۆماری ئیسلامی زۆر لە هاوكارەكانی راپەڕینی لەناوبرد یان دوریانی خستنەوە، بەتایبەتی جوڵانەوەی كورد و هەروەها هێزەكانی موجاهیدی خەڵق.
كۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرئەنجامی ئەو باڵادەستیەی كە بەدەستی هێنا لە ناوەوەی ئێران، ئیدی هەوڵی خستەگەڕ بۆدەرەوەی ئێرانیش، لە رێگەی هێزی خۆبەخشەكانی بەناوی سوپای پاسدارانەوە. هەروەها زۆرینەی داهاتی وڵاتیان خستە خزمەت ئەو سوپا تایبەتیە، تەنانەت زۆرینەی وەبەرهێنان خرایە خزمەتی ئەو دامەزراوە سەربازییە. ئیدی هەنگاوی نا بۆ دەرەوەی وڵات بەرێگای هاوكاری هێزی هاوشێوە وەك حزبوڵای لوبنان، پاشان بۆ حماسی فەڵەستینی، كە ئەمانە زۆر بەزەقی ئیشی لەگەڵ دەكردن و بەڵكو خەرجی زۆریشی كێشان.
لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی خۆی خستەگەر بۆ ئامادەبوون لە چەند وڵاتێكی عەرەبی وەك (بەحرێن، یەمەن، سوریا) كە بۆ سووریا زۆرترین قوربانی گیانی و ماددی بەخشی بەس بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد، چونكە رۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێران نەبوایە رژێمی سەد زۆر لە مێژە روخابوو، بەڵام كاتێ روسیا هاتە گۆڕەپانەكەوە ئیدی ئێران هێدی هێدی بەرەو بچووك بوونەوە و سەرەنجام بۆ سنوورداركردنێكی باش بەرێكەوتن لەگەڵ وڵاتانی گەوری دونیا.
هەروەها كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ پرۆسەی ئازادی عێراق لە (2003) هەلی باشی بۆ فەرەهەم بوو كە پێشتر لە ئەفغانستان بۆ دروست ببوو، بەدەستێوەردانی پڕۆسەی سیاسی و ئیداری و دبلۆماسی و سەربازی و تەنانەت ئەمنیش لە عێراق، كە ئەوەش وایكرد پرۆسەی سیاسی عێراق نەتوانێ بەرەوپێش بچێت، چونكە بڕیار لە عێراق كەوتە دەرەوەی دامەزراوە شەرعیەكان. بەڵام لەگەڵ هێرشی سوپای عێراق و میلشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ هەرێمی كوردستان خەونێكی زۆر گەورەی بۆ هاتەدی بە گەیشتن بە شەنگال، كە ئەوەی چیای شەنگال بە دەست بێت تاڕادەیەكی زۆر كۆنترۆڵی وڵاتانی ناوچەكە لەلای ئەو دەبێت. ئەم هەنگاوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگا حەشدی شەعبیەوە سەرەتا دنیا بێدەنگی لێ هەڵ بژارد، چونكە كورد ریفراندۆمی ئەنجام دابوو. وەك تاكتێكی ستراتیژی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانشەنگاڵیانجێهێشت، بەوەش ئامانجێكی گەورەیان پێكا، چونكە گەلەكۆمەكێكی ناوچەی و نێودەوڵەتی لەسەر دامەزراوە شەرعیەكانی كوردستان كرا، سەرەنجام ئەوە بوو ئەمریكاو فەرەنسا و وڵاتی دیكەی دونیا گەیشتن بەوەی كەدەبێت ئێران سنوورداربكرێت، ئێستاش دەرئەنجامەكەی دەبینین، چ لەوەی لە سوریا تەواو خەریكە وەدەر دەنرێت، هەروەها لە یەمەن لە ساتی تەواو بوون دایە بەوەی دەروازەی گەیاندنی كۆمەڵ بە حوسیەكان نامێنێت، لە عێراقیش هەڵبژاردنەكانی (12/ئایاری 2018) تەواو پێچەوانەی دەستێوەردانی ئێران بوو،چونكە یەكەم، ئەوەی ئێران مەبەستی بوو پلەی یەكەمی نەهێنا و دووهەمیش شیعەكانی دابەشكردو زۆرینە لەگەڵ دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێرانن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێزی ئەمریكا گەیشتن بەسەر چیای شەنگال لە(2حوزیران2018) ئەوەش تەواوی خەونی ئێرانی لە گۆڕنا بە دورستكردنی هێڵی پێكەوە بەستنی شیعەكان لە دونیادا.
كەواتە ئێران بۆنەمانی دەسەڵات لەو جێگایانەی گیانی مرۆی و ماددەی پێ بەخشیووە، دەردەكرێ بە سەربازی و سیاسی و دبلۆماسی، بەڵكو تەواو بەرەو لە قاودانی دەبەن و هیچی وای بەدەستەوە نامێنێت، هیچی واشی بۆ ناگەڕێتەوە لەو هەموو خەرجیانەی كەكردوویەتی بۆ باڵا دەستیەكەی لە دەرەوەی ئێران و بەڵكە خەریكە بەدەست بەتاڵی لێی دەرچێ.جا دەبێ ناوخۆی ئێران دۆخەكە بگەیەنێت بەچی؟، چونكە ئابووری ئێران نزیك دەبێتەوە لە قەیرانێكی گەلێك گەورە، ئەوەش تەحمولكردنی زۆر ئەستەم دەبێ لەلایەن خەڵكی ئێرانەوە چاوەڕوانی كاردانەوە بین.بۆیە باڵا دەستیەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات، كەوا ئەوەی لێشی چنیوبوە بەرەو لەدەستدان دەچێت.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.