نیسان 05, 2020

ئاریان فەرەج

 

ئەوانەی شاندی حزبی بۆ بەغدا بەڕێدەخەن و تەنیاش نوێنەرایەتی چەند حزبێك دەكەن نەك نوێنەرایەتی كۆی سەركردایەتی و كایەی سیاسیی كوردستان، هەر ئەوانەن كە تا دوێنێ دژایەتی توندی ئەم جۆرە رێكارەیان دەكرد. هەر ئەوان بوون پێیان وابوو دۆسییە نیشتمانییەكانی كوردستان بە حزبی كراون و ئەحزاب لە جیاتی دامەزراوە نیشتمانییەكان بوونەتە دەمڕاستی میللەت. هەر ئەوان بوون داوای باڵادەستیی موئەسسەساتیان دەكرد و لەگەڵ ئەوە بوون حزب بچوكبێتەوە و بچێتەوە قاڵبە سیاسییەكەی خۆی و نەبێتە دەسەڵات و بڕیار بەدەست. كەچی ئێستا هەر ئەوانن لە دەرەوەی كۆدەنگیی نیشتمانی و بەدەر لە دامەزراوەكانی كوردستان و لە پشتی حكومەتی هەرێم و دەزگا پەیوەنددارەكانیەوە، بە ئەجیندای حزبی و شەخسی و سەوداكارانەوە، وەفدی حزبی بۆ بەغدا بەڕێدەخەن و لە جیاتی دام و دەزگاكانی كوردستان ئیدیعای نوێنەرایەتی خەڵك و دانوستان بە ناوی خەڵكەوە دەكەن.
ئەم حزبانە لە كاتێكدا ئەو كارە دەكەن، هەموو جیهان و هەموو نێوەندە بایەخدەرەكان بە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا، هاندەری گفتوگۆ و دانوستانێكن كە تەرەفە كوردستانییەكە تێیدا حكومەتی هەرێم بێت نەك ئەم و ئەو حزب. لەگەڵ ئەوەن دانوستانێكی هاوسەنگ بێتە ئاراوە و بنەماكەی دەستوری عێراق بێت نەك ئەجیندا و روانگای ئەم و ئەو حزب. ئاكامەكەشی گەیشتن بێت بە كوردستانێكی بەهێز و یەكگرتوو لە عێراقێكی دەستوریدا. ئەم حزبانە لە كاتێكدا بە نیوەچڵی دەچنە بەغدا، كوردستان لەهەر كات زیاتر پێویستیی بە یەك دەنگی و یەك مینبەری و یەك نوێنەرایەتی هەیە تا بتوانێ لەبەردەم بوغرایی و ئینكاری بەغدا خۆڕاگر و دەم گەرم و مودافعێكی سەرسەخت بێت. نەك هەر لایەنێك لە لای خۆیەوە زەلیلانە رووبكاتە بەغدا و لاوازی و پەرتەوازەیی كوردستان هەرچی زیاتر بۆ بەغدا بسەلمێنێ. ئەم كارە خراپ و ئەم موزایەدە حزبییە، جگە لەوەی تەماعی زیاتر دەخاتە بەردەم بەغدا كە لە سیاسەتی سزادان و ئابڵوقە بەردەوام بێ و بوغرایی زیاتر بیگرێ و گوێ بە فشارە نێودەوڵەتییەكان نەدات، هیچی دیكەی لێ شین نابێت. جگە لەوەی هاندەرە بۆ بەغدا كە گرەوی زیاتر لەسەر پەرتەوازەیی و ناڕێكی ماڵی كورد بكات و زۆرتر ماف و بەركەوتەكانی كورد زەوت بكات، هیچ خێرێكی لێ ناكەوێتەوە، ئەوەتا تەنانەت سەعد حەدیسی كە وتەبێژی حكومەتەكەی عەبادییە راشكاوانە دەڵێت: هاتنی وەفدە حزبییەكان بۆ بەغدا نابێتە مایەی دەسپێكردنی دانوستانی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا و تاكە رێگا دانوستانە لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەویش دوای رێككەوتنی وەفدە تەكنیكییەكانی نێوان هەوردولا.
نارەحەتی و بێ گوزەرانی خەڵكی كوردستان گەیشتۆتە ئاستێك كوفرێكی گەورەیە لایەنگەلێك بۆ موزایەدە و بەرچاوتەنگیی حزبی بیقۆزنەوە. دانوستانی راستەقینە تەنیا ئەو دانوستانە جددی و مەسئولانە و پشتیوانیكراوەیە كە دواجار لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا دێتە ئاراوە، هەر ماف و بەركەوتێكیش بۆ خەڵكی كوردستان لەم رێگەیەوە نەگەڕێتەوە، لە رێی شاندی حزبی و گفتوگۆی هامشی و لابەلای ئەم و ئەو حزبەوە ناگەڕێتەوە.

© 2017 Hawler