نیسان 02, 2020

من جرب المجرب حلت به الندامة

بەختیار شاخی

 

کاتێک عەبادی پەنجە لەگەلی کوردستان ڕادەوەشێنێت، کاتێک ڕاکان سەعید نامەیەکی نوێی ڕێگەپێدانی تەعریب ئیمزا دەکات، کەس نییە وەبیریان بهێنیتەوە کە پێش ئەوانیش پەنجەڕاوەشێن و تەعریبچی هەبوون و زۆریش بەهێزتر و بوغراتریش بوون و ئێستا ئەوان چوون و کوردستان هەر کوردستانە؟
کەس نییە بە عەبادی بڵێ واز لەو نمایشە مەسخەرەیەی سێشەممانت بهێنە و ئەو قەوانەی سێ مانگە لێی دەدەیەوە زۆر بێتام بووە؟ کەس نییە پێی بڵێ: ئاغا، فەخامەتی فەخفەخە، ئەو سەرکەوتنە موزەیەف و کاتییەت هێندە بوغرای کردووی کە لەبیرت چووە پێش تۆیش سەدام فەوجە خەفیفەی دروست کرد، کاتێ کوردستان ئەنفال و کیمیاباران دەکرا، ئەفواجی خەفیفە هەر هیچ، بگرە (وەک دواتر فایلەکانیان ئاشکرا بوو) لەو سەردەمەشدا لەناو سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی چەند لایەنێکی کوردیش "سیخوڕی کاڵفام و دەستکێش و چاوساخ"ـی ڕژێم بوون، بەڵام هیچیان دادیان نەدا، سەدام گۆڕبەگۆڕ چوو و گەلی کوردستان بەسەربەرزیی مایەوە، بۆیە نەکەی پشتت بە حەشد و خیانەتکارە کاڵفامەکان بەستبێت، کە تەنگانە هات، کەس بە هاناتەوە نایەت.
ئەرێ کەس نییە پێی بڵێ: قوتەگیان، ئەو خۆ هەڵسوڕاندنەت لەچییە؟ مەگەر لەبیرت چوو لە پردێ و قەرقوش و مەحمودییە و سحێلا لەشکری حەشد و سوپا و حیزبوڵڵای نەسروڵڵا و "تۆپخانەی ئیسلامیی ئێران" بەدەستی پێشمەرگە چییان بەسەر هات؟
دەبێ عەبادی و ڕاکان سەعید ئەوە باش بزانن کە دانبەخۆداگرتن و سەبری کوردستان بەرانبەر ئابڵوقەی ئابووری و داخستنی فڕۆکەخانە و سنوورەکان هەرگیز نابێتە پێوەر بۆ کاردانەوەمان بەرانبەر تەعریب. ئەو بابەتە هیچ دانبەخۆداگرتنێکی تێدا نییە و ئەگەر ئەو پیلانگێڕێ و فیتنەگێڕییەیان بەردەوام بێت، باجێکی زۆر قورس دەدەن. خۆشیان باشتر دەزانن زەبری پێشمەرگە چەندە کاریگەرە.

© 2017 Hawler