نیسان 05, 2020

ئایا هەڵبژاردن دەکرێ ؟

نیاز حاجی

 

ئەمەریکا دوای شەڕی داعش هەوڵی دەدا حەیدەر عەبادی حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێتەوە و ڕێگربێت لەوەی حەشد و سەرکردەکانی بەشداری لەهەڵبژاردن بکەن، هەروەها شەڕی گەندەڵێ رابگەیەنێت !
عەبادی بە پێچەوانەی ئەو داوایانەی ئەمەریکا، رێگایدا حەشدی شەعبی بەشداری هەڵبژاردن بکەن و لەکاتی نایاساییدا بەیەک لیست هاوپەیمانیشی لەگەڵدا راگەیاندن و هەرەشەکانی رابردووشی کە لەدژی گەندەڵی کردبووی، بوون بە بڵقی سەرئاو.
حزبی دەعوە کە لەدوای روخانی رژێمی صەدامەوە دەسەڵاتداری عێراقە، بۆ هەڵبژاردنی ئایندە بەدوو هاوپەیمانی جیاواز بەشداری لەهەڵبژاردن دەکات کە مالیکی سەرۆکی یەکێکیانە و عەبادیش سەرۆکی ئەوەکەی تر، واتا چ مالیکی بێ یان عەبادی هەر ئەو حیزبە دەسەڵات وەردەگرێتەوە، هەڵبژاردەی عێراقیەکانیش بۆ جارێکی تر لە نێوان سندان و قوزەڵقورتدا دەبێ یەکیان هەڵبژێرێ .
ئەمەریکا دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردودا کوردی بەقوربانی حەیدەر عەبادی کرد، ئەو هەڵسوکەوتە بووە هۆکارێک کە عەبادی تا ئاستی بێمنەت بوون لە ئەمەریکا هەنگاو بنێت.
ئێستا ئەمەریکا لە عێراقدا لەبەردەم دووریانێکدایە، یان دەبێ هەڵەکانی رابردووی چاک بکاتەوە، یانیش دەبێ بەشکستی خۆی رازی بێ لە عێراق بەرامبەر ئێران و بەریتانیا .
ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەم شێوەیەی ئێستا، جگە لەوەی کڵاوخستنە سەری ئەمەریکایە، لە دوای كورد و سوننە، ئەمەریکا دۆڕاوی یەکەم دەبێ تێیدا، کەواتە ئەو لوغمانەی ئەمەریکا لە عێراق لەماوەی رابردودا دایناوەتەوە، ئەگەر پێش هەڵبژاردن نەیانتەقێنێتەوە، ئەوا یەکەیەکەیان دواجار بەخۆیدا دەتەقنەوە .
تەقاندنەوەی لوغمەکان بەواتای دواخستنی هەڵبژاردن دێت، نەتەقاندنەوەشی ئایندەی تڕەمپ دەخاتە مەترسیەوە لەبەرامبەر دیموکراتەکان.

© 2017 Hawler