تشرینی یەکەم 15, 2021

دوو وشەی " زۆرینە" و " کەمینە" لە قورئاندا

عومەر چنگیانی

(٣—٣)
چوارەم/ لێخوێندن لە (زۆرینە)، بەوەی کە پێزان و سوپاسگوزار نین. سوپاسکردنی ئەو کەسەی کە بەخششێکی لەگەڵتدا کرد، ئەرکێکی شەرعیی و ئایینییە، پەروەرێنمان لە سەدوپەنجاودووەمین ئایەتی سوورەتی (بەقەرە)دا دەفەرمێت: (یادی من بکەن و فەرامۆشی مەکەن، منیش ئێوەم لە یادە و بە چاکە باستان دەکەم؛سوپاسگوزاری من بن لەبۆنەی بەخششەکانمەوە و بێنیازی مەنوێنن و بێئەمەک مەبن لە ئاستیان).
لە حەوتەمین ئایەتی سوورەتی (ئیبراهیم)یشدا دەفەرمێت: (گەربێو ئێوە شوکرانەبژێری خوا بن و شوکرانەی بەخششەکانی بکەن، زیاتریشتان بەسەردا دەڕێژێ).
وەلێ مرۆڤ زۆربەیان لێ، ستەمکار و هەقوەشێر و پێنەزانن لە ئاست بەخششەکانی بەرانبەردا و، نەفامیشن و دان بە چاکەدا نانێن؛ کە دان بە هەموو گەورەییەی خوادا نانێن کە لە هەژمار نایەن، دەبینین قورئان بەو شێوە لێخوێندنە لە دە ئایەتدا باسی دەکات
کە زۆرینەی خەڵک شوکرانەبژێر نین.
١و۲و٣/ لە کۆتایی ئایەتی ۲٤٣ی سوورەتی(بەقەرە) و سیوهەشتی سوورەتی (یوسف) و شەستویەکی سوورەتی (غافیر) دا، دەفەرمێت: (بەڵام زۆرینەی مرۆڤەکان سوپاسگوزار نابن).
٤و٥/ لە ئایەتی شەستی سوورەتی (یونس)و حەفتاوسێی سوورەتی (نەمل)دا، دەفەرمێت: (بەڵام زۆرینەیان لێ، سوپاسگوزار نین).
٦و٧و٨و٩/ لە ئایەتی دە ی سوورەتی (ئەعراف) و حەفتاوهەشتی سوورەتی (موئمینون) و نۆی سوورەتی (سەجدە) و بیستوسێی سوورەتی (مولک)دا، دەفەرمێت: (کەمن ئەوانەی سوپاسگوزارن). ١۰/ لە ئایەتی حەڤدەی سوورەتی (ئەعراف)دا، دەفەرمێت: (زۆرینەیان نابینی کە سوپاسگوزار بن)؛ ئەوە یەک، یەکەودوایش لە ئایەتی سیانزەی سوورەتی (سەبا)دا، دەفەرمێت: (کەمن ئەو
بەندانەی سوپاس و پێزانینیان هەیە).
پێنجەم/ لێخوێندن لە (زۆرینە)، بەوەی کە بێبڕوان(١): وەک هەشتاونۆهەمین ئایەتی سوورەتی (ئیسرا) و پەنجاهەمین ئایەتی سوورەتی (فورقان).
شەشهەم/ لێخوێندن لە (زۆرینە)، بەوەی کە بێئەقڵن: وەک سەدوسێهەمین ئایەتی سوورەتی (مائیدە) و شەستوسێهەمینی سوورەتی (عەنکەبوت) و چواری سوورەتی (حوجورات). حەوتەم/ لێخوێندن لە (زۆرینە)، بە کۆمەڵێک خووی تر بەدەر لەوانەی پێشوو: ١. بەفاسقزانینی زۆرینە، وەک لە ئایەتی سەدویەکی سوورەتی (ئەعراف)دا هاتووە.
تێبینی: لە شەرعدا (فاسق) بەو کەسە دەگوترێت، دوای گوناه، بە شانازییەوە باسیشی دەکا و شەرموشوورەیی ناکا و گوێی لە شاردنەوەی نییە و، بڵاویشی دەکاتەوە، کەچی ئایین فێرمان دەکات گەر شەرمەزارییەکمان بەسەردا هات و، خوا گیان بۆی داپۆشین، خۆیشمان دایبپۆشین و، حەیای خۆمان نەبەین و، لە نێوان خۆمان و خوا تەوبە بکەین؛ خۆ ئەگەر کەسێکمان بە عەیبی کەسێکی زانی دایبپۆشێ نەک ناوی بزڕێنێ!
۲. بە کەڕ و نەبیس زانینی زۆرینە، وەک ئایەتی سێ و چواری سوورەتی (فوسسیلەت).
٣. بە بێئاگا و غافڵدانان وەک نەوەدودووهەمین ئایەتی سوورەتی (یونس).
٤. لە مرۆڤ خوێندن، بەوەی کە فرەبێژە و حەزی لە دانوسانکردنی بێسوود و لاژەلاژە و، چەقەچەنە (جەدەل) دەکەن، وەک ئایەتی پەنجاوچواری سوورەتی (کەهف)باسی لێوە دەکات.
٥. ئاماژەکردن بەوەی کە زۆرینەی مەردمگەل ئامادەیی ملکەچییان تێدا نییە بۆخوا، وەک هەژدە هەمین ئایەتی سوورەتی (ئەلحەج).
خوێنەری بەڕێز!
حەزم نەکرد بابەتەکە زیاتر بێت، دەنا بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، بەلانی کەمەوە پێویست بوو دوو هەفتەی تریشی بدەمێ، تەنها مەبەستم بوو تیشک بخەمە سەر ئەم بابەتە و، سەرنجتانی بۆ لا ڕابکێشم و لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێم کە ئەو 'لە زۆرینە خوێندن'ەی قورئان، بابەتێکی ڕەها نییە و، گەر خوا دەرفەت بدات لە گۆشەیەکیشدا دەپڕژێینە سەر ئەو ئایەتانەی بە باڵای زۆرینەدا هەڵدەڵێت.
پەراوێز:
(١) لە بەشەکانی دیکەی باسەکەماندا، زیاتر زمانی ژمارە بەکاردێنم لێرەدا بۆ ڕۆژنامە، بەڵام دوایی کە لە ڕێگای سۆشیال میدیا و لاپەڕەکانی خۆم لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی دەکمەوە، - وەک دووبەشەکەی پێشوو - تەواوی دەقی ئایەتەکان دەنووسم، دیارە ئەو نەنووسینەی دەقی ئایەتیش بۆ لاپەڕە کاغەزییەکەی (هەولێر)، بۆ
خۆ پارێزییە لەو کەوتنە زەوییەی بۆ کاغەزەکە چاوەڕوان دەکرێت.

© 2017 Hawler