تشرینی دووەم 16, 2018

هه‌نگاوه‌ دیبلۆماسییه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئاسۆیه‌كی روون

ئامانج عه‌بدوڵا سوور

 

هه‌وڵه‌ دیبلۆماسییه‌كان و سه‌ردانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌مدوایه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ئاسۆیه‌كی نوێ به‌ڕووی گه‌لی كوردستان ده‌كاته‌وه‌.
هاوكێشه‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ده‌سته‌به‌ر ئه‌كات ئاخر جیا له‌وه‌ی گه‌ماڕۆ و ئابڵوقه‌ی سه‌پێنراو به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان تێك و پێك ده‌شكێنێت، هاوكات پرسی چاره‌سه‌ری ده‌په‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر و هاوكێشه‌یه‌كی تر ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ .
هاوكێشه‌یه‌ك كه‌ ئه‌م پرسه‌ له‌چێوەیە‌كدا ناهێڵێته‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاستی یونیڤیرساڵی وه‌ك پرسێكی هه‌ستیاری گه‌لێكی ماف زه‌وتكراو ده‌یخاته‌ سه‌رمێزی نێوده‌وڵه‌تی .
ئه‌وده‌مه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر له‌به‌غداوه‌ به‌خاسیه‌تی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی شه‌راكه‌ت و زمانی خۆسه‌پاندن هه‌ڵپه‌ی هه‌ڵپه‌رستانه‌ی گرتۆته‌به‌ر بۆ گه‌مارۆدانی ئه‌م پرسه‌ و ته‌نانه‌ت ڕێگری ده‌كات له‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی و رۆژئاوا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌تمه‌داره‌ دۆزه‌كه‌ له‌ شكلی قه‌تیسخواردوو رزگار ده‌كات و ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیار و چاره‌نوسازه‌ی میله‌ت ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ هه‌موو جیهان.
له‌دوایین سه‌ردانی فه‌رمیدا سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان چاوی به‌پاپای ڤاتیكان كه‌وت وه‌ك كه‌سێیه‌تیه‌كی كاریگه‌ر و ئاشتیخواز له‌سه‌رئاستی نێوده‌وڵه‌تی پاپای ڤاتیكان له‌ ساڵانی رابردوودا پێشوازی له‌ سه‌رۆك بارزانی مه‌رجه‌عی باڵای كوردستان كرد، له‌میانه‌ی ئه‌ودیداره‌دا پاپا ڕایگه‌یاند كوردستان په‌ناگه‌ی ئارامه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا .
له‌م دیداره‌شیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان پاپا جه‌ختی له‌هه‌مان گوزارشت كرده‌وه، ‌سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌هه‌مبه‌ر پشتیوانی و پێشوازییان له‌ په‌ناهه‌نده‌ كریستیانه‌كان .
پێدراوی ئه‌م لێدوانه‌ یه‌ك له‌دوی یه‌كانه‌ی پاپای ڤاتیكان و هه‌موو ئه‌و دیدارانه‌ی تائێستا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامدراون ساغكردنه‌وه‌ی ڕاستی پێكه‌وه‌ژیان و پلۆراله‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و نه‌خشاندنی ئه‌وحه‌قیقه‌ته‌ سه‌لمێنراوه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان نمونه‌ی دیموكراسیه‌ت وپێكه‌وه‌ هه‌ڵكردنه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ربۆیه‌ ناكرێت جیهان له‌ئاستی دۆزی ڕه‌وای ئه‌م گه‌له‌ بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت.
هه‌موو ئاماژه‌كان له‌هه‌وڵی دیبلۆماسیانه‌ی نیچرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌مانبه‌نه‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌و یه‌قینه‌ی چی دی نابێت جیهان له‌ئاستی رووداوه‌كان و هه‌ڵپه‌ی هه‌ژموون و خۆسه‌پاندنی به‌غداد بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن.
میتۆده‌ سیاسیه‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ و به‌تایبه‌تی له‌ئێستادا ڕوانگه‌یه‌كی نوێی له‌هه‌ناوی خۆی دا هه‌ڵگرتوه‌ به‌وه‌ی‌ به‌ئاگابوون هه‌موو زمانێكی هێلپێداهێنان و ره‌تكردنه‌وه‌ و هه‌ژمونفه‌رزی له‌سایه‌ی دا كۆتایی دێت.
له‌دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر پاش ئه‌وه‌ی سه‌رانی كاڵفام چاوساغییان بۆ پیلانگێری كرد و به‌شێكی كوردستان داگیركرا قۆناغی چه‌قبه‌ستویی خواستی هه‌ڵپه‌رستانه‌ی به‌غدابووه‌ به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی كوردستان له‌ڕێی سه‌پاندنی گه‌مارۆ و ئابڵوقه‌وه،‌ به‌ڵام كورد گوته‌نی گوریسی سته‌م له‌ئه‌ستوریدا ئه‌پسێت هه‌ربۆیه‌ ته‌می پیلان له‌ره‌وینه‌وه‌دایه‌. ئاماژه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌ن كه ‌وه‌یشومه‌ی پیلانگێری سه‌ری خۆی ده‌خوات و ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ش تێده‌په‌ڕێت.
سه‌ره‌نجام هه‌وڵه‌دیبلۆماسیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی نێچیرڤان بارزانی دۆخه‌كه‌ به‌ئاقاری چاره‌سه‌ری دا ده‌بات و به‌پشتیوانی و خۆڕاگری گه‌لی كوردستان و شكۆی پێشمه‌رگه كاروانی ڕزگاری و چاره‌سه‌ری هه‌رده‌گاته‌ مه‌نزڵی مه‌به‌ست .

© 2017 Hawler