نیسان 15, 2021

پرنسیپی بایدن و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان

مەشخەڵ كەوڵۆسی

 

هەركام لەسەرۆكەكانی ئەمریكا خاوەنی كۆمەڵێك پرنسیپی خۆی بووە لە سیاسەتی دەرەوەدا، ڕەنگە لەڕاستی دوور نەكەومەوە ئەگەر بڵێم: سەردەمی "ترامپ" خراپترین و ناسەقامگیرترین قۆناغی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بوو، بەجۆرێك نەدۆستەكان و نەدوژمنەكانی ئەمریكا نەیاندەتوانی پێشبینی ڕووداوەكان بكەن و، مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكەن.
ترامپ تەواوی بنەماكانی نەریتی مامەڵەی ئەمریكای لەگەڵ دنیای دەرەوەدا گۆڕی، هەموو هاوكێشەكانی لەگێرژنە دەركرد و، ئیستا ئەقڵێكی كارای دەوێت ئەو هەموو تێكدانە بخاتەوە سەر سكەی خۆی.
لەسەرەتای دەستبەكاربوونی ئیدارەی تازەی ئەمریكاوە، سەرۆك بایدن نەیشاردۆتەوە كە بەڕاستی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ هەندێك لە بنەماو پڕنسیپە گرنگەكانی سیاسەتی دەرەوە. "ئەنتۆنی بلینكن "وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەئاشكرا دوو پرنسیپی نەگۆڕی دیاریكردووە لەسیاسەتی دەرەوەدا كە بریتین لە" بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و بەهاكانی ئەمریكا".
مەبەست لەوەیە بۆ لەمەودواو بەدرێژایی تەمەنی ئیدارەی بایدن، لەهەر هەنگاوو بڕیارێكی ئەو ئیدارەیەدا، ڕەچاوی بەرژەوەندییەكان و بەهاكانی ئەمریكا دەكرێت. تەنانەت لەگەڵ نزیكترین و بەهێزترین هاوپەیمانیشدا.
مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ سعودیە و شەڕی یەمەن و ڕاوەستاندنی هەناردەی چەك بۆ سعودیەو كێشەی خاشقچی، ئەو ڕاستییەی سەلماند كە سەردەمێكی نوێ لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هاتۆتە كایەوە، كەتیایدا بەها ئەخلاقییەكانی ئەمریكا، مەسەلەكانی دیموكراسی ڕۆڵی كارایان دەبێت لە سەرخستنی دۆسیە جۆراوجۆرەكانی دنیادا.
پرسیاری لۆژیكی بۆ كورد كە ڕەنگە ببێتە كلیلی كردنەوەی دەروازەی بیركردنەوەیەكی جیاواز ئەوەیە: ئەگەر ئەمریكا بۆ كوژرانی یەك ڕۆژنامەنووس"جەمال خاشقچی" ئامادەبێت دووبارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە دابڕێژێتەوەو سزای بەسەردا بسەپێنێت كە گرنگترین و بەهێزترین و دەوڵەمەندترین هاوپەیمانی ئەمریكایە لەناوچەی كەنداوی عەرەبیدا، ئەوەش تەنها لەپێناوی ڕەچاوكردنی بەهاكانی ئەمریكادا، ئەی چۆن لەپێناوی ڕەچاوكردنی هەمان بەهای ئەمریكیدا لەتاساندنی دەنگی 93%ی خەڵكی كوردستان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا بێدەنگ دەبێت؟.
بەمانایەكی تر: ئەگەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لەم قۆناغەدا بكرایە، یان دووبارە بكرێتەوە، یان بەهەر شێوەیەكی یاسایی بلۆكەكەی لەسەر لابدرێت، بێگومان هەڵوێستی ئەمریكا بەجۆرێكی زۆر جیاواز دەبێت لەو سەردەمەی كە ترامپ تیایدا ناشرینترین و دزێوترین مۆری لەناوچاوانی دیموكراسیەتی ئەمریكا و بەهای دەنگ وڕای خەڵك داو، پشتی لە 93%ی دەنگی بەڵێی خەڵكی كوردستان كرد.
قۆناغە ئاڵتونییەكە بۆ سەركردایەتی و خەڵكی كوردستان ئەوەیە، ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ "بەهاكانی دیموكراسی"! یانی بەجۆرێك لەجۆرەكان، سەرخستنی هەر پرۆسەیەكی دیموكراسی دەبێتە كرۆكی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. ئایا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان پوختترین پرۆسەی دیموكراسی نە بوو لەم ناوچەیەدا؟ ئایا كتومت لەگەڵ بەهاكانی دیموكراسی و یاساسەروەریدا ناگونجێت؟ دەبێ چی بكەین بۆ ئەوەی لەم ئەنگڵەوە پێناسەی ڕیفراندۆم بۆ ئیدارەی ئەمریكا بكەین و، هەوڵ بدەین لۆبییەكی بەهێز و كاریگەر لە واشنتۆن ماركێتینی بۆ بكەن؟ لەكام كەناڵەوەو، بەسود وەرگرتن لەكام شارەزایی و ئەزمون؟.
بەراوردەكە ئاسان و سادەیەو، بڕیارێكی ژیرانەو بەفیڕۆنەدانی كارتی دەوێت، ڕەنگە سازكردنی خۆپیشاندان لەبەردەم هەموو باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لەدنیادا بۆ زیندووكردنەوەی ڕیفراندۆم و داننانی ئەمریكا بە ئەنجامەكانیدا، هەنگاوی دەستێپك بێت و، جەماوەر خۆی لێ بكاتە خاوەن. جەماوەری كوردستان لە ئیدارەی نوێ بپرسن: كوژرانی یەك ڕۆژنامەنووس هەڵوێستی ئێوەی بەرانبەر دێرینترین هاوپەیمانتان گۆڕی، ئەی بەكارهێنانی تانكی ئەمریكی بۆ لەگۆڕنانی دەنگی دیموكراسییانەی 5 ملیۆن مرۆڤ هەڵوێستتان بەكوێ دەگەیەنێت؟ئیدارەی بایدن كە بەهاكانی كردۆتە تەوەرێكی سەرەكی سیاسەتی دەرەوە، چۆن ئەو دوو فاقیەتە دەخاتەوە سەر یەك ڕەوتی ماقووڵ؟.

© 2017 Hawler