ئازار 07, 2021

حەمەسەعید حەسەن

 

٤٥

نازانم هەندێک بە چ پێوەرێک خۆیان بە زانا دەزانن، شێخ موحەممەدی خاڵ زانای بواری زمان بوو، هەم زمانزان بوو، هەم زمانناسیش. عەلائەدینی سەجادی شارەزای بوارەیلی مێژووی ئەدەب و کەلەپوور و ڕەوانبێژی بوو. زانای مەزن مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس، شیعری کلاسیکی کوردیی لە فەوتان قوتار کرد. زۆر جار گوێم لەو بەناو زانایە بووە، گوتوویانە لە هیندستان گا دەپەرستن! هیندۆس کە دوای کریستیان و موسوڵمان، خاوەنی سێیەم گەورەترین دینی دونیان، گا ناپەرستن، ڕێزیان بۆ مانگا هەیە و بە پیرۆزی دەزانن، ئاخر مانگا بەشێکە لە ژیانیان، شیرەکەی سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکیانە، لە کشتوکاڵدا بە کەڵکیان دێت، زەوی دەکێڵێت، جووت دەکات، عەرەبانە ڕادەکێشێت و لە سەفەردا بە هانایانەوە دێت. سوودێکی زۆر لە پاشەڕۆکەکەیشی وەردەگیرێت، هەم بۆ نانکردن و چێشتلێنان، هەم بۆ بەپیتکردنی زەوی.

چونکە بزن ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانیاندا بینیوە، گریکەکان بە (دراما)یان گوتووە: تراجیدیا، کە بە مانای گۆرانیی بزن دێت. هەندێک لەوانەی بە ناڕەوا خۆیان بە زانا دەزانن، ئەوەیان زانیبا، دەیانگوت: گریکەکان پێش سەرهەڵدانی ئایینی مەسیح، بزنیان پەرستووە. یەکێک لە شانازییەکانی کورد، ڕێزگرتنە لە جیاوازی و لە فرەیی، کەچی زوو زوو ئەم یان ئەو (زانا) لە بڵندگۆی مزگەوتەوە، یان لە ڕادیۆ و تیڤییەوە دەڵێت: مەسیحییەکان کافرن، ئێزیدییەکان کافرن، زەردەشتییەکان کافرن! باشە کە ئەوی وەک ئێمە بیری نەکردەوە، بە کافرمان زانی، کافریش ئەوی بیکوژێت، دەستی سەوز ببێت، ئایا ئەوە هاندان نییە بۆ نواندنی زەبروزەنگ و بۆ کوشتوبڕ و بۆ تیرۆر! هەقە یان ئەو جۆرە لە زانایان دەمکوت بکرێن، یان لای کەم با لافی ئەوە لێ نەدەین: کوردستان بەهەشتی پێکەوە ژیانە.

کوردستان دەوڵەتێکی دینی نییە، ئەوی وەک تۆ فیکری نەکردەوە، مافی ئەوەت نییە بیکافرێنیت، ئەگەر کافراندنی ئەم و ئەو، بە ئەرک و بە مافی خۆت دەزانیت، ئەوە لێت تێکنەچووە، بە هۆشیارییەوە موجاهیدێکیت لە لەشکری داعش. کە لە خۆرئاوا ڕێز لە جیاوازییەکان دەگیرێت، ئەوە زادەی بەرەو هەڵوەشاندنەوە چوونی کۆمەڵ نییە، بەرهەمی دداننانە بە مافی هاووەڵاتیاندا. لە نەرویژ سێکسکڕین تاوانە، تەنانەت ئەگەر نەرویژییەک بچێت لە بانکۆک سێکس بکڕێت و پێی بزانرێت، هەمان ئەو سزایە دەدرێت، وەک لە ئۆسلۆ ئەو تاوانەی کردبێت

 

© 2017 Hawler