نیسان 15, 2021

 

هاودەنگ فاروق

دادگای هەولێر سزای ٦ ساڵی بە سەر چەند کەسێکدا سەپاند، کە ناوی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسیان لە خۆیان ناوە، بەڵام لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەكوو رۆژنامەنووس نەناسراون و هیچ ناوێكیان نییە. بە پێێ زانیارییەکانی بەردەست، ئەو کردەوانەی ئەو چەند کەسە دوورو نزیک پەیوەندیی بە کاری میدیایی و مەدەنییەوە نەبووە، بەڵکو کارکردن بووە بۆ درووستکردنی هەڕەشە لە سەر ژیانی هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی حکوومەتی کوردستان.
هەروەک زانیارییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، ئەو کەسانە لە بەرژەوەندی تێکدەرانەی لایەنێکی سیاسی و دەرەکی، بە نهێنی بۆ زیانگەیاندن بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازیی و کەسایەتییەکانی کوردستان جموجۆڵی مەترسیداریان هەبووە، كردەوەگەلێك کە تەنیا لە چوارچێوەی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە ئەو کەیسە کەیسێکی سەد لە سەد جینائییە و لە لایەن کەسانێکی نەیاری حکوومەتی کوردستانەوە بە مەبەست بۆ شکاندنی هەیبەتی دامودەزگاکانی هەرێم، بە سیاسی کراوە.
خۆ ئەوانە ئەگەر رۆژنامەنووس بوایەن و بە ڕاستی لەسەر بیروڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن و كار و چالاكیی مەدەنیانە گیرابایەن، بە دڵنیاییەوە من یەكەم كەس دەبووم بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕێچكەی سیاسی و بیركردنەوەیان، لەسەریان دەهاتمە دەنگ و بەرگریم لێ دەكردن و هەر لەو رۆژنامەیەشدا پشتگیریم لێ دەكردن.
لێرەدا بەشێک لەو کەس ولایەنانەی شوولی بێئاگاییان لێ هەڵکێشاوە و کوێرانە خۆیان بە تەنافی کەیسی: (ڕەوتێکی جاسووس و تێکدەرەوە) هەڵواسیوە، بە بەوپەڕی ڕووقایمییەوە کەوتوونەتە بەرگریکردن لەو کەسانە و، فرمێسکی تیمساحیان بۆ دەڕیژن.
لە ڕاستیدا ئەمانە دوو جۆرن: بەشێکیان بە پێی سەرچاوکانی بەردەست پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لە گەڵیاندا هەبووە و زانیارییان لە نێوان یەکتردا گواستۆتەوە، بۆ کردەوەی تێکدەرانە هەماهەنگ و پاڵپشتی کراون، بۆیە بە ئاشکرابوون و دەستگیرکردنیان زۆر پێی هێشاون و ڕیسی خۆیان و ئاغاکانیان لێ کراوەتە خوری، بەشەکەی دیکەیان، وەک هەر پێخۆرێکی دیکەی موزایدەی سیاسی و کەمپینچێتی بۆ خۆفشێنی و سنگدەرپەڕاندن ئەو کارە دەکەن، کە ئیشی خۆیانە ئەم جۆرە کەیسانە بەلاڕێدا ببەن، ئەمان هیچ زانیارییەکیان نییە، نازانن بەڵگەی تاوانی ناو کەیسەکە چییە، بە چ ماددەیەکیش حوکم دراون.
ئەو گوتارە شەعبەویە و موزایەداتەی کە لە ئارادایە ئامانج لێی شکاندنی شکۆی دادگا و دادووەرانە، بۆ ئەوەی تیرۆریست و تێکدەر و خاکفرۆش و مافیاکان بتوانن بە ئاسانی هەموو کارێکی ناڕەوا و کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕی بکەن و، کەسیش نەبێ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.
ئەو کەسانە بوونەتە بانگەشەکاری چەواشەکار، بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و فریودانی عەوام منداڵ بەکار دێنن، ئەمە ڕەفتارێکی نابەجێیە، باشتر دەبوو، ئارام بگرن، تا هەقیقەتی قانوون بە ڕەنگ و دەنگ و ڤیدیۆ و دیکۆمێنت و تێکست، قسەیان بۆ بکات و دوابڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەش ببینن!
پیلانێكی گوماناوی و مەترسیدار لە سەر چەند کەسێک كەشف بووە، كە هەڕەشەن لە سەر تێكدانی سەقامگیریی و ئەمنییەتی کوردستان، دادگاش بە پێی ماددەی قانوونی بەدواداچوونی بۆ کردووە و بڕیاری بەرایی لێ داوە.
سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بڕیاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر تێکدانی ئارامیی هەرێمی کوردستان دەستگیر بکرێن، یەکسەر بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی دەگەیەنرێت کە ئەمانە (چالاکوان و رۆژنامەنووسن!) لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری نێوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکار بێن.
ئاخر سەرباری بوونی بەڵگە لە سەر ئەو کەسانە، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان بڵاو دەکرێنەوە، موزایەدەچییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانە نابێت دادگایی بکرێن چونکە (چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووسن!)
دادوەرانی کوردستان زۆرینەیان کەسایەتیی پاک و بەڕێز و ناودار و خاوەن ویژدانن، بێڕێزیکردن بە خۆیان و دەستوەردان لە کارەکانیان، پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەستەڵاتەکان و سووکایەتیکردنە بە کارووباری قەزا، نیشانەی جەهل و بێ مۆڕاڵیی ئەو کەسانە دەردەخات، کە هیچ بڕوایان بە ئەخلاق و مافی مرۆڤ و بەرژەوەندی خەڵک وسەرووەریی یاسا نییە...
پێویستە سەربەخۆیی قەزا پارێزراو بێت، ئەوەی یاسا بیڵێ، بە بێ ترس و بێ دوودڵی هەر ئەوە بکەن، دادووەرانی کوردستان لە بەرامبەر ئەو ناهەقییەدا دەبێ بەرگری لە خۆیان بکەن، نەکەونە بەر کاریگەریی هیچ کەس و تاقم و وحزبێک، چونکە بڕیاری دادووەر بەرپرسیارێتیی مان و نەمانی مرۆڤە، مەسئولییەتی کۆمەڵایەتییە، په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ ژیان و ماڵ و كه‌رامه‌تی خه‌ڵكییه‌وه.
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە: ژمارەیەک ئەندامی یەکێتی بە بەیاننامەی سیاسی و لێدوان سووکایەتی بە دادگا و دەستتێوەردان لە کاروباری قەزا دەکەن، دیسان لافی ئازادیی بیرورا لێدەدەنەوە! وەک ئەوەی دەڤەری پارێزگای سلێمانی شامی شەریفی سویدو سویسرا بێت و هیچ کوشت و کوشتار و زەبروزەنگ و ترس و تۆقاندنێک لەوێ نەبێت، با کەسێک جورئەت بکات قسەیەک بە یەکێتی و پەکەکە بڵێت، تا پۆلیس و دادگا فریای گرتنی دەکەوێت، دەکوژێت نمونە زۆرن!
تاکە ئازادییەک لە بن هەژموونی ئەواندا هەبێت، تەنیا جنێودانە بە پارتی و تەقەکردنە لە بارەگاکانی، ئاخرلە هەولێر و دهۆک، ئەگەر کەسانێکیش لە بەرگی چالاکوانی مەدەنی، کارێکی ناڕەوا بکەن، بە پێی یاسا دەستگیر دەکرێن وبە ئاشکرا دادگایی دەکرێن، بەڵام لە سلێمانی و گەرمیان، لە باتی گرتن و دادگاییکردن یەکسەر دەکوژرێن: نموونەی زیندوو: کاوە گەرمیانی، ئامانج بابان و خانەوادەکەی، زانای قایمقام، ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران و کەسانی دی.
شەرمە ئەو لایەنەی، كە خۆی بە بڕبڕەی پشتی حكوومەت دەزانێ، لەبری ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی بۆ تانەلێدان لە بڕیاری دادگا بگرێتە بەر، سەرلەبەری دادگایەك بەرێتە ژێر پرسیار كە خۆیشی دامەزرێنەیەتی، بەڵام ئێستا دەیەوێ سەروەریی یاساكەی پێشێل بكات.

© 2017 Hawler