نیسان 15, 2021

 

پشکۆ نەجمەدین

 

٤٤

 

- گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان، به‌ تایبه‌ت بۆ که‌سانێک که‌ له‌ سه‌رده‌م و ڕۆژگارێکی سه‌رڕێژ له‌ پێشهات و ڕووداوی سیاسی و کۆمه‌ڵاێتیدا ژیابن، کە مۆرکی خۆیان به‌ ئێستای ژیانه‌وه‌ نابێت، بۆ ئایینده‌ش کاریگه‌ریی خۆیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌بێته‌ به‌شێکیش له‌ مێژوو، ئه‌وا ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ و هه‌گبه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند، بۆ لێکۆڵه‌ران و مێژوونووسانێک که‌ خوازیاری وردینه‌ی ڕووداوه‌کانن و ده‌خوازن له‌و ڕه‌گه‌زه‌ بنچینه‌ییانه،‌ ورد ببنه‌وه‌ و له‌وێرا که‌رسته‌ و سه‌رمایه‌، بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژوو ده‌ست بخه‌ن.

  له‌ ڕۆژگاری نوێی پاش ڕاپه‌ڕیندا، زۆرن ئه‌و سه‌رکرده‌ و که‌سانه‌ی،‌ یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆیان گێڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ کتێباندا چاپیان کردوون.

  له‌ به‌شێکی ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌دا، نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو، ده‌توانن له‌ حه‌قیقه‌ته‌کانی مێژووی سیاسی و کۆمه‌ڵاێتی بگه‌ن. واته‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ دۆخی سیاسی، کۆمه‌ڵاێتی و فه‌رهه‌نگیی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ژیانی میلله‌تی ئێمه‌، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌، ده‌بنه‌ چه‌پکه‌کلیلێکی گرنگ و ده‌کارن ده‌رکه‌ی زۆر مه‌سه‌له‌مان بۆ واڵا بکه‌ن و جۆرێک له‌ به‌رچاوڕوونیمان پێ بده‌ن.

  بۆ ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان، متمانه‌ له‌کن خوێنه‌ر و کۆڵه‌ران په‌یدا بکه‌ن، مه‌رجی سه‌ره‌کی و خه‌سڵه‌تی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بێلایه‌نی و دانه‌شکاندن له‌ گێڕانه‌وه‌دا ڕه‌چاو بکڕێن. واته‌ تۆ که‌ له‌ هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆتدای، ده‌بێت گێڕانه‌وه‌کانت، هیچ جۆره‌ مه‌رام و مه‌به‌ستێکی که‌سه‌کی، ئایدۆلۆگی و حیزبییان تێکه‌ڵ نه‌کرێن. نووسه‌ر، ده‌بێت له‌ کارکرده‌کانی هه‌ست و سۆز، خۆی به‌دوور بگرێت و شته‌کان وه‌ها وێنه‌ بگرێت، که‌ ئه‌و سه‌رده‌م و ڕۆژگاره‌ ڕوویانداوه‌ و به‌ تێگه‌یشتن و ئاگاییه‌کانی ئیستای خۆی، نه‌یانشێوێنێت!

  مێژووی سیاسیی ئێمه‌، لێوانڕێژه‌ له‌ کاره‌سات و وێنه‌ ڕه‌ش و تاریکه‌کان. نووسه‌ر ده‌بێت له‌ هه‌وڵی وێنه‌گرتنه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ره‌ ڕه‌شانه‌دا بێت و نیشانی نه‌وه‌ی ئێستایان بدات. بێ وه‌رگرتنی زانیاریی ورد له‌سه‌ر ڕۆژگاره‌ کاره‌ساتباره‌کانمان، ئه‌سته‌مه‌ به‌ ڕووناکایی بگه‌ین.

گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری، پاسپۆرتی بۆ چوونه‌ نێو دونیای مێژونووسین پێ نییه‌. مێژوونووسین زانسته‌ و کاری که‌سانی ئاکادیمیست و پسپۆری ئه‌و ژانره‌ی نووسینن و میتۆدی زانستییانه‌ی خۆی هه‌یه‌. هه‌ركه‌سێک بخوازێت، ده‌توانێت یاده‌وه‌ری و حیکایه‌ته‌کانی ژیانی خۆی و له‌ ژیانی خۆیشییه‌وه‌، تیشک له‌سه‌ر ژیانی که‌سانی دیکه‌ و دیارده‌ و ده‌رکه‌وته‌کانی سه‌رده‌مێک بهاوێت، وه‌لێ ئه‌میش هونه‌رێکه‌ و هه‌ر نه‌بێت زمانێکی قووڵ و پاراوی گه‌ره‌که‌. به‌ بێ زمانێکی باڵا، گێڕانه‌وه‌ی باڵاترین ڕووداو، مانایه‌کمان له‌ هزردا بۆ نانه‌خشێنێت و چێژێکمان له‌ خوێندنه‌وه‌دا، پێ نابه‌خشێت.

© 2017 Hawler