ئازار 06, 2021

 

حەمەسەعید حەسەن

 

٤٠

بە ڕەوتی کیسەل بەرەو ڕووناکی بە ڕێوە بین، باشترە لەوەی بە خێراییی تیشک، بەرەو هەواری تاریکی بفڕین.
کۆلکەخوێنەر کە مرواری دێتە سەر ڕێی، بە کەلاشووشەی دەزانێت و کە تووشی کەلاشووشەیش دەبێت، بە مرواریی تێدەگات، ئەوە بۆیە ڕەخنە پێویستە.
ئەوە هەقی ڕەوای ئێمەیە، گومان لەو بیر و بۆچوونانە بکەین کە لە پێشینانەوە بۆمان ماونەتەوە، ئەوە هەقی ڕەوای نەوەکانی داهاتوویشە، بە چاوی گومانەوە سەیری ئەو بیر و بۆچوونانە بکەن کە ئێمە بۆیان بەجێ دەهێڵین.
هەموو وشەیەک بۆ هەموو گوێچکەیەک ناگونجێت، دەشێت وشەی من، بۆ گوێی تۆ نەگونجێت، بۆیە پێت وایە تەمومژاوی دەنووسم.
ئەگەر لە هەموو ماڵێکدا، وەک چۆن جێی دانیشتن و جێی خواردن و جێی خەوتن هەیە، جێی تایبەت بە کتێبیش هەبوو، ئەوسا دەتوانین بڵێین، ئێمەیش نەتەوەین.
کە چەمێکی لێڵ دەڕژێتە نێو زەریایەکەوە، زەریاکە لێڵ نابێت، ئاوی چەمەکە ڕۆشن دەبێتەوە.
درەخت چەند ڕەگی بە خاکدا ڕۆ بچێت، هێندەیش بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئینسان چونکە ڕەگی تا ئەزەل ڕۆ چووە، تا ئەبەدیش هەڵدەکشێت.
میخائیل نەعیمە (١٨٨٩ - ١٩٨٨)

خۆشەویستی وەک میوانی ناوەخت وایە، بێ داوەتنامە، یان ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دێت، ناتوانین خۆمانی لێ بدزینەوە.
ژیان بەبێ خۆشەویستی ئاسانتر و هێمنترە، بەڵام ئەو ڕۆژانەی بەبێ خۆشەویستی تێپەڕ دەبن، یادگاریمان لەکن بەجێ ناهێڵن.
دووانەیەک شیاوی ئەوەن، لە پێناویاندا بجەنگین، نیشتمانێکی دلۆڤان و ژنێکی جوان.
هەمان دەرزی هەم بۆ دروونی جلی بووکێنی بەکار دێت و هەم بۆ دروونی کفنیش.
ئەو چەکەی ڕەنگە یەک جار پێویستمان پێی ببێت، دەبێت بەدرێژاییی ژیانمان پێمان بێت.
ئەوی ئەمڕۆ هەڵەیەک بکات و چەند ساڵێکی دیکە لێی پەشیمان ببێتەوە، وەک ئەو قەرزدارە وایە بە پارەی لە کەڵک کەوتوو قەرزەکەی بداتەوە.
هەمزاتۆڤ (١٩٢٣ – ٢٠٠٣)

© 2017 Hawler