ئازار 06, 2021

ڕێگای ئاوریشم، چین دەكات بەگەورەی دونیا؟

سەروەت قەهار*

 

1-4

كورتەباسێكی مێژوویی و بۆچی ئەو ناوە؟

چین لەڕووی ژمارەی دانیشتووان یەكەم و لە ڕووبەری خاكەكەیەوە چوارەم وڵاتی دونیایە، گەورەترین وڵاتە لە ڕووی وەبەرهێنان و هەناردەكردن. دەشێت بڵێین ژمارە و ڕووبەر سروشتی بوو وەلێ بوون بە گەورترین وڵاتی بەرهەمهێن، كار و شەونخوونی و ماندووبوونی دەیانەی ساڵەی ویست.

چین تاكو كۆتایی حەفتاكان لەڕووی عەقڵ و سنوورەوە داخراوبوو بۆیە شۆڕشی سەربەخۆیی زەقترین بابەتە كە بتوانین لەسەری بووەستین، ئەو شۆڕشەی لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەوە دەستی پێكرد و بەر لەگەیشتنی بەنیوەی یەكەمی سەدەی بیست ئامانجەكانی پێكا و كۆماری چینی میللی لەژێر فەرمانڕەوایی ماوتسی تۆنگ دامەزرا، ئەگەرچی ماوتسی تۆنگ ڕابەرێكی گەورەبوو وەلێ لە بەڕێوەبردن و دەوڵەمەندكردنی چیندا بەو شێوە نەبوو، یەكێكیش لەو هەڵە گەورانەی كە ئەنجامیدا شۆڕشی ڕۆشنبیری یاخود بازدانی گەورە، كە كارەسات و ماڵوێرانی گەورەی بۆ گەلی چین هێنا.

لە كۆتایی حەفتاكاندا ڕابەرێك (ئەوانەی كە ڕێڕەوی مێژوو دەگۆڕن) لە زیندان دێتە دەرەوە و ڕاستەوخۆ بۆ سەر كورسی فەرمانڕەوایی، (دینگ شیاو پینگ) ئەو سەركردەی كۆڵەگە و بناغەی چینی مەزنی درووستكرد، مێژووناسان پێیان وایە ئەوە ئەوبوو چینی دەوڵەمەند كرد و وای كرد دوای تەنها چل ساڵ لە چاكسازییەكانی؛ چین ببێتە ئەو وڵاتەی ئالنگاریی زلهێزەكان بكات ئەوەندەش نا بەڵكو كار بۆ ئەوە بكات خۆی ببێتە گەورەی دونیا.

دینگ سیاسەتی كرانەوە و چاكسازی ڕاگەیاند كە گرنترین خاڵەكان ئەوانە بوون:

1- گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی لەلایەك و لەلاكەی تر گرنگیدان بە لێكۆڵینەوەی زانستی.

2- دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری بەرهەمهێنان و ڕێگەدان بەپڕۆژەی تایبەت.

3- هاندان و كارئاسانی لەكەرتی گەشت و گوزار.

لەسەردەمی دینگدا چین بەڕووی دەرەوەدا كرایەوە، هەركە سنوورەكان كرانەوە شنەبای سەركەوتن هاتە ناو وڵات، ئیتر چین پایە پایە سەركەوت و ئێستا دووەم وڵاتی دونیای لەڕووی گەشەسەندن و ئابوورییەوە ئەو سەركەوتنە گەورانەی چین لەڕووی ئابوورییەوە بەدەستی هێناوە كە چاودێران بە پەرجوو لێی دەڕوانن ترسی گەورەی لە لەلای گەورەكانی دونیا درووستكردووە بەوەی ئایا لە داهاتوودا سیستەمی سیاسی جیهانی دەگۆڕێت بۆ دوو جەمسەری؟ بە پێی بەدواداچوونەكان ئەوە دەركەوتووە كە چین لە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنیدا كە هاوكاتە بە ساڵی (2049) ببێتە گەورەی دونیا و ئەمەریكا تێپەڕێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش كاری گەورەی كردووە و بەردەوامە، یەكێك لەو كارە گەورانەی ئەو وڵاتە دەستی بۆ بردووە دەست پێكردنی ڕێگای ئاوریشمە، ئەو ڕێگایەی كە زیاد لە سەدا شێستی مرۆڤایەتی پێكەوە دەبەستێتەوە.

مێژووی ڕێگای ئاوریشم چییە؟ بۆچی ئەو ناوە؟

ڕێگای ئاوریشم بەهۆی هەبوونی ڕێژیەكی زۆر لە قوماشی ئاوریشم لەو وڵاتەدا، چینییەكان تاكو سەدەی شازدە تاكە وڵاتی بەرهەمهێنی ئەو قوماشە بوون و نهێنی بەرهەم هێنانەكەیان لای خۆیان گڵدابۆوە، دوای ئەو مێژووە ئینجا وڵاتانی ڕۆژئاوا توانییان ئەو جۆرە قوماشە بەرهەم بێنن. سەرەتای درووستبوونی ئەو ڕێگایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی بنەچە و ڕەسەنی هان لە چین و بۆ یەكەم جار نازناوی ڕێگای ئاوریشم لەلایەن زانای ئەڵمانیایی (بارۆن فێردیناند فۆن) لە ساڵی (1877) بەكارهێنرا.

چونكە لە پێداویستی خۆیان زیاتربوو دەستكرا بەهەناردەكردنی، ڕێگاكە لە تۆڕێك ڕێگای وشكانی پێك دەهات كە تێیدا چینی دەگەیاند دەریای ناوەڕاست و بە ئاسیای ناوەڕاستی دەبەستەوە، جگە لەلایەنی بازرگانی ئەو ڕێگایە هۆكارێكیش بوو بۆ گەیاندنی ئاینی بوزی بەوڵاتانی سەر ڕێگاكە.

لە پێشوودا گوتمان بۆچی ئەو پرۆژە گەورەیە، لە ساڵی 2013 سەرۆكی ئێستای چین (ژی چینگ پینگ) كە تازەكی ببووە فەرمانڕەوا ئەو پرۆژەی ڕاگەیاند لەسەرتادا لە ژێر ناوی (یەك پشتێن یەك ڕێگا) بوو دواتر و لە ساڵی 2017 پەكین بەڕەسمی چەمكی (پشتێن و دەستپێشخەری ڕێگا)ی بەكارهێنا، بەهاتنی ساڵی 2018 چین توانی زیاد لە 70 وڵات و 35 ناوچە ڕازی بكات بەشداری دەستپێشخەریەكەبن، كە تێیدا ئاسیا بە ئەورووپا و ئەفریقیا گرێدەدات.

لە وتاری داهاتوودا باسی شێوازی ڕێگاكە دەكەین.

* ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان

 

© 2017 Hawler