کانونی دووەم 19, 2021

مەترسی و زیانەکانی قۆستنەوەی نەبوونی خەڵک

                                      عومەر چنگیانی

 

بەشی یەكەم

لەم یەکەم گوڵخەرمانەی ساڵی نوێدا وێڕای خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی خواستن بۆ گشت لایەک و نوێکردنەوەی هیوای سەربەخۆیی کوردستان، بە ئەرکی دەزانم پوختەی دوو گوتارەکەی دوو حەفتەی ڕابردوو بخەمە بەر دیدی بەڕێزتان، کە هەردوو گوتارەکە پیشنیارکراومان بوو لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، ئێمەیش لەڕێگای دوانگەکەی (مزگەوتی خەدیجەکوبراوە) دامان بە گوێی نوێژکەران و دواییش بینەرانی سۆشیال میدیا لە ڕێگای لاپەڕە و ئەکاونتەکانی خۆمانەوە، کە سوپاس بۆ ستاف و دەستەی بەڕێوەبەرانی هەولێری ئازیز، کە بێ سێ و دوو و هیچ سانسۆرێک ئەوە بۆ چەندین مانگە هیچ لارییەکیان لەوە نەبووە لە دووتوێی ستوونەکەماندا جێمان کردۆتەوە و بەڕیزیشیان بڵاویان کردۆتەوە:

گوتاری یەکەم: مەترسی و زیانەکانی قۆستنەوەی بارودۆخەکان بۆ کڕین و فرۆشتن (١):

خوای گەورە لە بیستونۆهەمین ئایەتی سوورەتی (نیسا)دا لە قورئانی پڕ لە بەخششدا ڕووی گوتاری دەکاتە بڕواداران و دەفەرمێت: (ئەی گرۆی بڕواداران، نەکەن لەسەربنەمای هیچ و بە پووچەڵ و بێ هەق، ماڵەکانتان ماڵی یەکتری بخۆن، مەگەر هۆکاری ماڵی یەکتر خواردنتان بوونی بازرگانیەکی ڕەوا بێت کە لەسەر بنەمای ڕازیبوونی دوولایەنە بێت، نەکەن لەبەر هیچ هۆکار و لەژێر هیچ پاساوێکدا خۆکوژی و یەکترکوژی بکەن، بەڕاستی خوای گەورە دەرهەقتان میهرەبانە). کە لەژێر ڕۆشنایی ئەم ئایەتە پیرۆزە و، دەیەم ئایەتی سوورەتی (حوجورات)دا کە دەفەرمێت: (بەڕاستی بڕواداران برای یەکترن)، بە ئەرکی دەزانین نامەیەکی برایانە ئاراستە بکەین بۆ:

1- بۆ سەرمایەدار و دوکاندارەکان: تکایە بەزەییتان بە هەژاراندا بێتەوە، نرخی کاڵاکانتان گران مەکەن، چونکە ئێستا کۆمەڵگاکەمان بە قەیرانێکی دارایی تێپەڕدەبێت، پێویستی بە چاودێری و هاوکاری و ڕۆڵ و پشتیوانی جوامێرانەتانە، بۆ ئەوەی ئەم دۆخ و قەیرانە دژوارە تێپەڕێنێت، ئایینی ئیسلامیش داواتان لێدەکات لەگەڵ یەك بە بەزەیی و میهرەبان بن.

2- مرۆڤی مسوڵمان بارودۆخەکان ناقۆزێتەوە، ئەو بە تەواوی لە چاوچنۆکی و چڵێسی و خۆپەرستی دوورە، هەروەك پێغەمبەری خۆشەویستمان (دروود و سلاوی خوای لەسەربێت) دەفەرمووێت: (لَا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّي يُحِبَّ لِأَخِيهِ مَا يُحِبُّ لِنَفْسِهِِ) صحيح الجامع٧٥٨٣). واتە: (بەڕاستی هیچ تاکێک لەئێوە بڕوای تەواو نییە تا ئەوەی بۆخۆیی پێ خۆشە بۆ براکەیی پێ خۆش نەبیت). هەر لەم سۆنگەیەوە پێغەمبەری ڕەحمەت (دروود و سلاوی خوای لەسەربێت) هۆشداری دەدات و دەفەرمووێت: (لا يَرْحَمُ اللَّهُ مَن لا يَرْحَمُ النَّاسَ). رواه البخاري ومسلم.). واتە: (خوای گەورە بەزەیی بەکسێکدا نایەتەوە کە بەزەیی بە مرۆڤەکاندا نەیەتەوە).

3- لە کۆمەڵگا میهرەبانەکان هەمووان لەپێناوی خوا بەزەییان بە یەك دێتەوە، هیچ کات قەیرانەکان وەکو دەرفەتی خراپ ناقۆزنەوە، چونکە هێزێکی گەورە هەیە لە پەلدرێژی و قۆستنەوەی دۆخەکان دەیانگێڕنەوە، ئەو هێزەش ویژدانی باوەڕو ئیمانە، مرۆڤی باوەڕدار باوەڕی وایە خوای گەورە ئەمڕۆ رەقیب و چاودێرە بەسەرمانەوە، بەیانیش حیساب و لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەکات، لە دوارۆژیشدا نامەی کردەوەکان دەکرێنەوە، تەرازوو و میزان دادەندرێن. جا مرۆڤی مسوڵمان هەموو ئەو شتانە لە ناو ویژدانی خۆی دادەنێت و دەبێتە چاودێری یەکەم و، خوودی خۆی دەکاتە چاودێر لەسەر نەفس و دەروونی خۆی، بۆیە رێگە بە نەفس و دەروونی نادات دەست بۆ شتێك ببات کە هەق و مافی وەدەستهێنانی نییە، یان قەیرانێک بقۆزێتەوە، یان هەوڵبدات دۆخەکە وەکو دەرفەتێك بقۆزێتەوە لە پەنای هەژاری و برسیکردنی هەژاران قازانجی زیاتر وەدەستبێنێت، ئا ئەم جۆرە کەسانەی بەم جوانییە رەفتار دەکەن ئەهلی ئیمان و باوەڕدارن. مایەی خۆشحاڵییە کە لەم بارودۆخەدا بیستوومانە کەسانێك هەن کاڵاو کەلو پەلەکانیان هەر بە نرخی کۆن دەفرۆشن و گوێ بەو گۆڕانکاریانەی نرخ نادەن، بەڕاستی ئەمە مەردایەتی ئەوان دەسەلمێنێت، بێگومان لەلای خوداش پاداشتی فراوانیان هەیە. بەڵام جێگەی داخە کە لە بەرامبەر ئەوانەدا کەسانێك هەن دۆخەکە وەکو دەرفەتێك دەبینن و، پەلەیانە بۆ قۆستنەوەی دۆخەکە، نرخەکان گران دەکەن، یان کاڵاکانیان قۆرخ دەکەن، باکیان بە دۆخەکەو گوزەرانی هەژاران نییە، بەو جۆرە کەسانە دەڵێین: لە خوای گەورە بترسن، خوای گەورە دەربارەی مالەکەتان پرسیارتان لێدەکات: لە کوێت وەدەستهێنا؟ لە چیت خەرج کرد؟ دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارانە لە بەرامبەر خوای گەورە ئامادە بکەین کە ئاگای لە ترپەی دڵەکانیشە.

٤- بێگومان مرۆڤی باوەڕدار دەبێتە خاوەنی ماڵ، نەك ماڵەکە ببێتە خاوەنی ئەو، ئەو ماڵەکە لەناو دەستەکانی دادەنێت و، لە قوڵایی حەزو خۆشەویستی دڵەکەی دانانێت، چونکە دەزانێت وەکو ئەمانەتێك لەبن دەستی داندراوە، وەك خوای گەورە لە حەوتهەمین ئایەتی سوورەتی(ئەلحەدید)دا دەفەرمێت:

(بڕوا بێنن بە خوا و بە پەیامگەیێنەکەی و لەوەی خوا پێی داون لە سامان و زانست و ئێوەی کردووە بە بریکار لەسەری، ئەوانەی کە بڕوایان هێناوە لەئێوە و خواپێدراوەکانیان دەبەخشن،  پاداشتی گەورەیان بۆهەیە ).

٥- مرۆڤی باوەڕدار خەریکی کۆکردنەوەی ماڵ نابێت بەبێ ئاوڕدانەوە لە رێگەی کۆکردنەوە، بەڵکو رژد و سوورە تا لەو رێگایە کۆیکاتەوە کە خوای گەورە رێگەی پێ داوە و فەرمانی پێکردووە. دەگێڕنەوە کەسێکی عاریف و خواناس خەریکی بەخێوکردنی وشتر بوو، لێیان پرسی: ئەو حوشترانە هی کێن؟ ئەویش بە رەوشتی باوەڕدارانەوە گوتی: ئەوانە هی خودان لەلای من.

٦- لە کۆتاییدا پێغەمبەری رەحمەت (دروود و سڵاوی خوای لیبێت) دەفەرمێت: (واللَّه فِي عَوْنِ العبْدِ مَا كانَ العبْدُ في عَوْن أَخيهِ) رواه مسلم.واتە: (هێندەی بەندەکان لە بەتەنگەوەهاتنی یەکتریدا بن و خەمی برای خۆیان بێت خوایش یارمەتییان دەدات و کۆمەکییان دەکات).

زیان و خراپەی قۆستنەوەی رووداوەکان:

۱- دەبێتە مایەی رق و کینە لە نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان. ٢- دەبێتە هۆی دەرکەوتنی خراپە و ئاژاوە لەناو خەڵك. ۳- دەبێتە هۆی دڵرەقبوون.

گوتاری دووەم: گرنگی و بایەخی کات لە ژیانی مرۆڤەکان(٢):

خوای باڵا دەست لە ئایەتەکانی سوورەتی(ئەلعەصر)دا سوێندمان بەزەمانەبۆدەخوا و بەڕوونی ئەومان تێدەگەیینێت کەزۆربەی مردمەکان بەهای کات نازانن و لەو سوورەتە بەرزەدا خوای گەورە بەرنامەی ژیان بۆ مسوڵمانان ڕوون دەکاتەوە. ئاگادارمان دەکاتەوە تا لەوانە نەبین کە خەسارەتمەند و زەرەرمەندن. هەروەها فێرمان دەکات ئەوانەی لەو ژیانە سەرکەوتون، بنەمای ژیانیان لە سەر چوار کۆڵەگەی سەرەکی دامەزراوە، (باوەڕی تۆکمە بە خوای موتەعال، کارو کردەوەی چاکە، ئامۆژگاری خێر و هاوکاریکردن لەسەر چاکە، ئارامگرتن لە سەر ناخۆشیەکانی ژیان لە پێناوی خودا).   لێرەوە دەڵێین:

یەکەم: هەموومان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە بایەخی کات لەوەدایە ئاگادار بین کە کۆتایی ئەو ژیانە مردنە، کاتێك مردن دەگات تەمەنی مرۆڤ بەکۆتا دێت.

دووەم: پێغەمبەری خوا (دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت) ئاگادارمان دەکاتەوە: (نِعمتان مغبونٌ فيهما كثيرٌ من النَّاسِ : الصِّحَّةُ والفراغُ) (البخاري: برقم 6412). واتە: (دوو نیعمەت و بەخشش و میهرەبانی خوا هەیە زۆرینەی خەڵک تیایاندا زیانلێکەوتوون،  تەندروستی و بوونی کات). بۆیە بەرلەوەی لەدەستمان بچێت با نرخی کات بزانین. تەندروستی گەورەترین بەخششە. بوونی کات و دەست بەتاڵی بەواتای ئەوە نییە هەر خەریکی دونیا بین، بەڵکو با کاتەکان بۆ سەربەرزی دوارۆژ تەرخان بکەین، هەر ئەوەش وا دەکات کات ببێتە گەنجینەی مرۆڤەکان. دەبا هەمووان قەدری کات و گەنجی و لاوی بزانین.

سێیەم: پێغەمبەری خوا (دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت) ئامۆژگاریمان دەکات بە بەجێهێنانی صیلەی روحم و نزاکردن، تەمەن بەرەکەتدار بکەین:

چوارەم : چۆن کاتەکانمان بەرەکەتدار بکەین:؟

۱- بە یادی خوا و دەستپیشخەری لە چاکەکردن.

۲- کارکردن و پەیداکردنی ڕزقی حەلال.

۳- زانست و زانیاری.

٤- پەروەردە کردن و پێگەیاندنی منداڵەکان.

 

پەراوێزەکان:

(١) ئەم گوتارە زنجیرە٩٦ی هەبوو لە سەردوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبرا و لە دەی جەمادی یەکەمی ١٤٤٢ بەرانبەر بە ٢٥ی١٢ی٢٠٢٠ ئاراستە کرا).

(٢) ئەم گوتارە زنجیرە٩٧ی هەبوو لە سەردوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبرا و لە حەڤدەی جەمادی یەکەمی ١٤٤٢ بەرانبەر بە ١ی١ی٢٠٢١ ئاراستەکرا).

 

© 2017 Hawler