حوزەیران 23, 2018

فۆکسی داڤۆس و ڤاتیکان

هاودەنگ فاروق

 

دوای بەشداریکردنی لە مونتەدای ئابووری جیهانی لە داڤۆس، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا دیداری فەرمی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان هەبێ، ئەم سەردانە فەرمییەی نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی ئەو زنجیرە داوەتنامە فەرمییانەیە کە ئەورووپا بۆ گرینگیدان و گەرەنتی زیاتر بۆ مانەوە و بەهێزکردنی سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان ڕێکیخستووە، دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوو لە سەر ئاستی باڵا فەڕەنسا، ئەڵمانیا و و ئێستاش ئیتالیا و بەریتانیاشی بەدوادا دێ، پێشوازییان لە بارزانی کرد، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش لە داوەتننامەیەکی فەرمیدا سەرۆکی حکومەتی کوردستانی داوەت کردووە.
پەیامی پشت هەموو ئەو سەردان و بایەخ پێدانەی ئەورووپاییەکان بە کوردستان مەغزایەکی سیاسی گەورەی بۆ کورد هەیە، پەیامێکی ڕوونیشە بۆ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مکوڕە لە سەر ئەوەی ئەو قەوارە دەستوورییەی کە ناوی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا، دەبێ بمێنێ و پاریزراو و بەهێزیش بکرێ و مافە دەستوورییەکانی بۆ فەراهەم بکرێت.
ئەورووپا نایەوێت کورد لە دەست بدا و گورگانخواردووی بن ستەمی بەغدا و ڕژێمەکانی ناوچەکەی بکات، گرنگیەکی دیکەی ئەو لینکە سیاسیی و پەیوەندییە دیبلۆماسیە ئاست بڵندە نوێیەی ئەورووپا ئەوەیە؛ دوای هەموو دیدار و کۆبونەوەکانیان لەگەڵ شاندی حکومەتی کوردستان، هێزی گوشار بۆ سەر حکومەتەکەی عببادی زیاتر دەبێ، بۆ ئەوەی دەست بە دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی کوردستان بکات، خاڵێکی دیکەی گرنگ لە بەرهەمی سەردانی فەرمی بارزانی بۆ سێ لە هەرە گەورە وڵاتانی ئەورووپا و داڕێژه‌رانی سیاسه‌تی یه‌كێتی ئه‌ورووپا ئەوەیە: (ئۆکەی) زیاتر و ڤۆکسی ڕۆشنتر و ئیتمینانی سەقامگیریی و سیاسی بۆ کۆمپانیا وەبەرهێن و گەورە کۆمپانیاکانی وزەیە لە ئاستی ئەورووپا و جیهان گەرەنتی دەکرێ و جارێکی دی متمانە پەیدا دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، سەرماییەکانی خۆیان دەخەنەوە گەڕ، هەر بۆیە لە هەموو ئەو وڵاتانەدا گوشارەکان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستانیش ڕۆژ بەڕۆژ چڕتر دەکرێنەوە.
ئەوەی پەیوەندیشی بە كۆبوونه‌وه‌كانی ئیتاڵیا و بایەخی ڤاتیکانەوە هەیە، کە ئامانجی سەرەکی سەفەرەکەی بارزانییە، گرنگی زۆری هەیە: پاپا هەروەک چۆن پێشتر بە فەرمیی پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کردووە و ڕێزی تایبەتی بۆ دادەنا، ئەمجارەش بە هەمان فۆرمی پرۆتۆکۆڵی سەرۆکی وڵاتان دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستاندا دەکات.
کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەک تاکە پەناگای ئەمین و لە باوەشگرتنی مەسیحیەکانی عێراق لە ڤاتیکان ناسراوە، بۆیە چەندین جار پاپا ستایشی کوردستانی کردووە.
بەپێی زانیارییەکان ئەگەر چی حکوومەتی عێراق هەوڵی زۆری داوە کە ئەم دیدار و پێشوازیانە نەکرێن، بەڵام گوێیان پێنەدراوە، لە وەختێکدا کوردستان هێشتا لە ژێر ئابلوقەیەکی ستەمکاریی و زاڵمانەی ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسی حکوومەتی بەغدایە و گەمارۆ دراوە، ئەم دیدارانە لە هەستیارترین و جارەنوسسازترین چرکەساتی مێژوویدا ئەنجام دەدرێن، ئەمە سەرکەوتن و دەستکەوتێکی بەنرخی گەورەیە و لە داهاتووی نزیکدا کاریگەریی بەسەر ئاستی پێشکەوتنی سیاسی و دیبلۆماسی حکوومەتی کوردستاندا دەبێت و لە سەر سەتحی سیاسی ناوچەکە و جیهانیش کاریگەریی زۆر دادەنێ.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.