کانونی دووەم 20, 2018

سەباح شێخانی

 

چەند رۆێكە، هەژار جەوهەر ئاغا كتێبی"دەوڵەت و دەوڵەتی كوردستان" ی لە بەرگێكی قەشەنگ و جواندا چاپ و بڵاو كردووەتەوە، كتێبەكە لە 128 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی پێك هاتووە.
تەنیا بیركردنەوە لە بابەتێكی گرنگ و هەستیاری وەك دەوڵەت وەك قەوارەیەكی نوێ و تایبەت بە كورد لە ناوچەیەكی پر لە كێشمەكێش و جێی بایەخی ستراتیژی جیهانی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەوەندە سانان نییە.
لە ساڵی ڕابردوودا، لە كۆمەڵگەی كوردیدا قسە و باسێكی زۆر لەسەر مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی كرا، مشتومڕێكی زۆر هەبوو لەسەر ئەوەی ئەم دەوڵەتە دەبێ چۆن بێت و چ جۆرە سیستمێكی سیاسی پەیڕەو بكات، ئایا هەرێمی كوردستان سیماكانی دەوڵەتداری تێدا هەیە؟ ئاخۆ تا چەند توانیومانە لە كایەكانی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی، ژێرخانێكی بەهێز و پتەو دروست بكەین.
ئێمەی كوردیش بەدەر نین لە جیهان، بەر لە هەموو شتێك بیناسازی دەوڵەت فەراهەم بكەین و دەوڵەت دابمەزرێنین، ئەوجا بۆ جۆری سیستەمی سیاسی بگەڕێین، ئەویش گەر دەمانەوێت سیستەمەكەمان دیموكراتی بێت، دەبێت پەنا بەرینە بەر خەڵك و لە ڕاپرسییەكی گشتیدا داوا بكەین كە گەل چ جۆرە سیستەمێكی سیاسی دەوێت بۆ ئەو دەوڵەتە و دەبێ ئەوان بڕیار بدەن، نەك حزبێك یان هەندێك حزب لەباتی گەل بڕیار بدەن.
دەوڵەت قەراوەیەكە بۆ پاراستنی خەڵكەكەی لە دەستدرێژی دوژمنان، ئەوەش بە مێژووی كوردەوە بە ئاشكرا دیارە كە بەهۆی نەبوونی دەوڵەتەوە چۆن تووشی ماڵوێرانی، ڕاگواستن، تەعریب، كیمیاباران، ئەنفال وجینۆساید بووەتەوە.
لە مێژوودا ڕووی نەداوە دەوڵەتێك دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بێ كێشە و ئاستەنگ بووبێت، بەڵكو هەموویان كۆمەڵێك كێشە و گرفتی سەرەكی و لاوەكیان هەبووە و زۆربەی كێشەكانیش دەیان ساڵیان ویستووە تاكو چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە.
كتێبی دەوڵەت و دەوڵەتی كوردستان، لەم ساتەوەختەدا كارێكی تا بڵێی سوودبەخش و گرنگە، لە راستیدا خوێندنەوەی ئەم كتێبە، وەڵامێكی باشی هەندێ لەو پرسیارانە دەداتەوە لە مەسەلەی بوون و نەبوونی دەوڵەتدا، بەرچاوڕوونی زیاتر دەدات بە خوێنەر. كتێبەكە لە چوار بەش پێكهاتووە كە بەسەریەكەوە باس لە چەمك و پێناسەی دەوڵەت، كاریگەریی چینایەتی و ئایین بەسەریەوە تا دەوڵەتی كوردستان، دەوڵەت لەرووی توخمەكانی و چۆنیەتی دروستبوونی دەكات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.