تشرینی دووەم 27, 2020

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چ پەیامێکی بۆ هەرێمی کوردستان ناردەوە؟!

کاوە مەحمود

 

بریاردانی یاسای وەرگرتنی قەرز بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجەی عێراق بۆ سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2020 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ پەیامی سەرەکی بە خۆوە گرتووە.
یەکەمیان: پەیامێکی ئابورییە بۆ سندوقی دراوی نێودوڵەتی و ناوەندەکانی لیبراڵی نوێ کە هەڵبژاردنی ریگای ئەو ئاراستەیەن لە بواری سیاسەتی ئابوری، و پەنابردنە بەر قەرز وەرگرتن بۆ دابینکردنی موچەی سێ مانگی فەرمانبەران و هێزە چەکدارەکان و میلشیا جۆراجۆرەکان، کە بەشێکیان تەنها پڕکردنەوەی لیستی ناوە و خەڵکی عێراق و خودی ڕاگەیاندنەکانی عێراق بە نەبوو دایاندەنێت و ناوی ناون "فەزائی" بەو مانایەی ئەو ناوانە لە بۆشایی ئاسماندان. بێگومان هەڵبژاردنی رێگای قەرز مانای بتەوکردنی وابەستەیی دەوڵەتی عێراقە بەو ناوەندانەی قەرز دەدەن، و بەم جۆرەش قەرزەکان لە سەر عیراق ساڵ دووا ساڵ زیاد دەکات.
دووەمیان: پەیامێکە بۆ خەڵکی زەحمەتکێَشی عێراق و فەرمانبەرە کەمدەرامەتەکان کە پێیان بڵێت ڕەوشی زیادبوونی هەژاری و بێکاری و نەبوونی فرسەتی کارکردن و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان کە مرۆڤ بە کەرامەت بژی، بە هۆی سیاسەتە ئابورییەکان و بەفیرۆدانی سامان و گرێبەستی وەهمی و تاڵانکردنی سامانی گشتی و بەفریودانی بنەماکانی بنیاتنانی ئابوری نییە کە چەندین ساڵە پەیڕەوی دەکەین، بەڵکو ئەو ڕەوشە خراپەی ئێوە بەو هۆیەوەیە کە حکومەتی عێراق موچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، و ئەوان لە ڕەوشێکی باشدا دەژین و ئێوەش دووچاری قەیرانی ئابوری و خۆپیشاندان و ناسەقامگیری سیاسی و پێشتریش دووچاری شەڕی تایفەگەری بونەوە!
بەم جۆرە گوتارێکی مەترسیدار لە سەر بنەمای ڕەتکردنەوەی بەرامبەر و گەوجاندنی هۆشمەندی جەمعی، و ناشتنی تۆوی ڕق و قایل نەبوون بە بەرامبەر دەچێنرێت، و هەر ئەمەش هێزی کۆمەڵایەتی بۆ لایەنە تایفەگەرییانی شیعە و سوننە بۆ بەردەامبون لە حوکمدا، دابین دەکات.
پەیامی سێیەمی یاساکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەریمی کوردستانە بە هەموو هێز و حزب و لایەنە سیاسییەکان، و بەو کەسایەتی و لایەنە سیاسییانەشەوە کە خۆیان لە لایەنە سیاسییە شیعی و سوننییەکان زیاتر بە خەمخۆری عێراق و عێراقچێتی دەزانن.
پەیامی سێیەم کومەڵێک خاڵی گرتۆتە خۆی لەوانە:
1ــ باوەڕنەبوون بە دەوڵەتی فیدڕاڵی و تەنانەت ئەگەر لە چرکەیەکی مێژوویدا ئەو فیدڕاڵییە لە دەستور و لە بریاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئاماژەی پێکراوە، ئەوا بە شێوەیکی کردەیی عەقلیەتی هێزی سیاسی نەتەوەیی و تایفەگەری عەرەبی، ناتوانێت لە بازنەی دەوڵەتی مەرکەزی ڕەها قورتاربێت، و هەر ماددە و بەند و ڕێکەوتنێکی سیاسی کە بۆنی لامەرکەزیەت و فیدڕاڵی لێ بێت، ئەوا بە کردەیی جێبەجێ نابێت.
2ــ بریاردانی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بەشێکە لە بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی پێشتر، لەو کاتەوەی کە حوکمی نوێ دووای 2003 وە درووست بووە، و ئەمەش خۆی بینیوە لە نەناردنی فیشەکێک بۆ پێشمەرگە بە درێژایی ساڵانی ڕابووردوو، لە کاتێکدا پێشمەرگە لە دەستوری نوێدا هاتووە و شەڕی یەکلاکەرەوەی تیرۆری کرد، جگە لەوەی کە ئەم سیاسەتە بەردەوامبوونی سیاسەتی کشانەوەی ئیدارەکانە لە لایەن رژێمی سەدامەوە دووای ڕاپەرینی ئاداری 1991، و بڕینی بودجە و موچەی هەرێم لە سەردەمی مالکی و عەبادی، لە کاتێکدا موچەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی داعش دەنارد.
3ــ هەڵوێستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ریگای ئەو یاسایەوە ئاماژەیەکە کە ئەم دەوڵەتە تەنها فەرمانبەرەکانی پارێزگاکانی دەرەوی هەرێم بە فەرمانبەری خۆی دەژمێرێت، لە کاتێکدا ئەم هەڵوێستە و ئەم یاسایە بە پێچەوانەی ماددەی "30" یە لە دەستوری عێراق کە ئاماژە بۆ دابینکردنی داهات بۆ تێکڕای فەرمانبەران دەکات.
بێگومان بەشێکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم ڕاستییە دەزانن کە یاساکەیان بە پێچەوانەی دەستورە، بۆیە لە سەرەتاوە باس لەوە دەکەن کە سەرۆک کۆمار مافی ڕەتکردنەوە و گەڕانەوەی یاساکەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نییە، و لێرەشدا نازانین ئەگەر سەرۆک کۆمار ئەم مافەی نەبێت چۆن پارێزەر و حامی دەستورە!
4ـ یاساکە پەیامێکی نوێیە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی هەرێم بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن، و ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشیان هەبێت، ئەوە ئەوان هەر چۆنێک بێت توانای ئەوەیان هەیە کە بە عقلیەتی زۆربە بریار و قانون داسەپێنن، و بە داخەوە ئەم لۆجیکە لە لایەن هەندێ سیاسەتمەداری کوردستانی بەئاسایی دەزانن بەو بیانوویەی لە پەرلەمانی کوردستانیش زۆربە و کەمایەتی هەیە. لە کاتێکدا زۆربە و کەمایەتی لە هەرێمدا لە سەر بنەمای نەتەوەیی و تایفەگەری نییە، بەڵکو لە سەر بنەمای بەرنامە و ئایدلۆژییە، و بەم شێوەیەش هەردەم لەگۆڕانکاری دایە، لە کاتێکدا میکانیزمی زۆربە و کەمایەتی لە سیستمی سیاسی عێراق بەو جۆرەی لایەنە نەتەوەیی و تایفەگەرییە عەرەبەکان بیری لێدەکەنەوە لە حاڵەتی نەگۆڕدایە.
5ــ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستان دەلێت توافق و هاوسەنگی و شەراکەت دەمێکە کۆتایی هاتووە و بۆ حاڵی نابن؟ بەشێکی سیاسەتمەدارانی کوردستانیش بانگەشەی خۆگونجاندن لە گەڵ ئەم ڕەوشە دەکەن.
شرۆڤەکردنی پەیامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هێزە سیاسییە نا کوردستانییەکان تیایدا، و خاڵە وردەکارییەکانی ئەو پەیامە ناکرێ بە شێوازی کاردانەوەی نەگەتیفانە مامەڵەی لە گەڵ بکرێت و گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان بۆ گوتاری ڕق و بوخز ڕاکێشن. بە هەمان شێوە ناکرێ کاردانەوەی بەپەلە گەڕانەوەی نوێنەرانی کوردستان و کۆتایهێنان بە پرۆسەی سیاسی عێراق ڕابگەیەنین نەک لە بەر ئەوەی ئەم بابەتە ڕەوا و ڕاست نییە، بەڵکو بە هۆی نەبوونی کۆدەنگی کوردستانی لە سەر ئەم ئاراستەیە. بۆیە سەرلەنوێ کاروانی نوێ دانوستان لە گەڵ بەغدا دێتە کایەوە، کە ناکرێ بە گوتاری پاڕانەوە و بیکەن بە خاتری ریشی سپی من کە هەڵوێستی کوردستانی لاواز دەکات، بە رێوە بچێت.
هەڵبژاردنی ڕێگای دانوستان پێویستی بە دروستکردنی هاوپەیمانی دەرەکی و نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە، و لە هەمان کاتدا پێویستی بە پێداچونەوەیە لە سیاسەتی ئابوری کوردستان، چونکە ئەم سیاسەتە پەیڕەکراوە سەربەخۆیی ئابوری درووست ناکات، و کوردستان لە ئابوری بەرخۆر قورتار ناکات. هاوکات لە گەڵ ئەم هەنگاوانە گرنگە متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات لە کوردستاندا سەرلەنوێ درووست بکرێتەوە، کە ئەمەش پێویستی بە سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی و پەیڕەوکردنی شەفافیەت و ڕوونییە لە هەنگاوە سیاسی و ئابورییەکاندا لە سەر رێگای گەشەسەندنی مرۆیی بەردەوام نەک تەنها بیرکردنەوە لە وەرگرتنی قەرز کە باری ئابوری کوردستان قورس دەکات.

 

© 2017 Hawler