تشرینی دووەم 27, 2020

لە پەنجەرەی هەولێرەوە

پشکۆ نەجمەدین

 

کەی لە بەغدا حاڵیی دەبن؟
20
بیست و پێنج ساڵە گۆرانی بۆ تارماییی سیستەمی فیدراڵیی عێراق دەڵێن و پێتان وا بوو، سیاسەتی شۆڤێنیستیی دەوڵەتی عیراق، لەگەڵ بەخاکسپاردنی سەدام و سیستەمەکەی، لە گۆڕ دەنرێت.
ئێوە هەرگیز دەرکتان بەوە نەکرد، کە ئەقڵی پرۆسەی جینۆساید و ئەنفالی کورد، تەنیا لە کن بەعس نەبوو، بەڵکە لە پێچەکانی ئەقڵی ناسیۆنالیزمی عەرەبدا خەوتووە!
ئێوە خوێندنەوەیەکی قووڵ و پڕماناتان، نە بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەب و نە بۆ ئامانج و هەواری ناسیۆنالیزمی کورد هەبوو!
ئێوە نەتانتوانی لەو ڕاستینەیە بگەن، کە فاکتەری گەشەکردنی ناسیۆناڵیزمی کوردی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، جگە لە ئاوەز و هۆشیاریی تاکی کورد، تەنیا ئابووریی بەهێز و ژێرخانێکی تۆکمەی ئابوورییە!
ئێوە ئەگەر بتانویستبا دەرک بەم حەقیقەتە بکەن، ئەوا:
_ هەر لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسەوە، دیاردەی حیزبحیزبێنە و دووئیدارەییتان لە گۆڕ دەنا!
_ دەستوورێکتان بۆ کوردستان چێ دەکرد و سیستەمێکی سیاسیی دروستتان لە کوردستاندا، دادەمەزراند!
_ ئەو دەیان میلیارد دۆلارەی لە ماوەی دە ساڵدا ڕژایە کوردستان، تەخشانوپەخشانتان نەدەکرد و بۆ بەهێزکردنی پێگەی حیزبایەتی و کۆکردنەوەی دەنگ، بەکارتان نەدەهێنا!
_ کۆمپانیاکان.. وای لە کۆمپانیاکان! ئابووریی کوردستانتان، نەدەخستە ژێر ڕکێفی دوور لە هەر بەرپرسایەتییەکی نیشتمانیی ئەوان!
_ دەروازە فەرمی و نافەرمییەکانی وەڵاتتان، بۆ گەندەڵکارە دەستەڵاتدارەکان واز نەدەکرد!
_ لە پرۆسەی چاکسازیدا، چەند بەرپرسێکی نابەرپرستان، دەکردە عیبرەتی دەستەڵات!
_ نەوت و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، کە سەرچاوەی پلەیەکی ئابووریی کوردستانە، ئەگەر گرێبەستەکانی دەرهێنان و هەناردەکردنی، کەسانی پسپۆڕ و لێزان جێبەجێیان کردبا و هێندە گران لەسەر حوکوومەت و خەڵک نەکەوتبا، دەشیا کوردستان حەوجەی بە خێری بەغدا نەبێت!
من پێم وایە، کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابووریی کوردستان، ئەوە نییە کام حیزب حوکم دەکات و کێ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمانە، بەڵکە کێشە بنچینەییەکە، نەبوونی سیستەمێکی سیاسیی نۆرماڵ و دروستە و بێ ئەمیش، چ قەیرانێک تێناپەڕێنرێت!
ئەگەر دەسگای حوکڕانیی کوردستان، کەمێک خۆی کۆکاتەوە، لێبڕاوانەتر دەستی گەندەڵکارانی حیزبی(هەموو حیزبەکان!) شەتەک بدات و قۆڵی کۆمپانیا قۆرخکارەکان با بدات، داهاتی کوردستان بەشی ژیانی خەڵک دەکات و لە بەغدای تاوان، بێمنەت دەبن!
ئیدی حەق وایە لە بەغدا تێبگەن و لە فیدراڵیزم بێهیوا ببن!

© 2017 Hawler