تشرینی دووەم 27, 2020

چمكێك لە جۆرەكانی ناپاكی"خیانەت"وەك لە قورئاندا باسی هاتووە

باسكرد لە چەمكی ناپاكی "خیانەت"، بابەتێكی گرنگە لە بابەتە ئایینییەكان و دەیان سەرچاوەی كۆن و نوێمان لەبەردەستدا هەیە و لە دوو توێی تەفسیرەكانی قورئانی پڕ لەبەخششدا زۆر بە هەند وەرگیراوە، هەربۆیە منیش لە كۆبوونەوەی 12ی ئۆكتۆبەری بۆردی باڵای دانانی گوتاری هەینی دا، پێش نیازی ئەوەم كرد كە بیكەینە توێشووی گوتاری هەینی 29ی سەفەری 1442بەرانبەر بە 16ی ئۆكتۆبەری 2020، وەلێ لەكاتی دەنگ لەسەر داندا دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا و مامۆستا بەڕێزەكانی هاوڕێم هاوڕام نەبوون و، وایان بە باش زانی لەسەر بابەتی هەژاریی قسە بكەین، منیش پابەند بووم بە بڕیارەكەوە و كردمە توێشووی زۆربەی گوتاری 89هەمینمان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە كوبرا(1)، بەڵام نایگوێزمەوە بۆ ستوونەكەی ئیمڕۆم و، ئەو نووسینەی لای خۆم گەڵاڵەم كردبوو دەیخەمە بەردەستی بەڕێزتان.

جۆرەكانی ناپاكی:

وەك فەیروزئابادی دەڵێ: "لە پێنج ڕووەوە لە قورئاندا بە خراپە باس لە خووی ناپاكی"خیانەت" كراوە:

یەكەم: ناپاكی كردن لە ئایین و ئایینداریدا:

وەك لە بیست و حەوت هەمین ئایەتی سورەتی"ئەنفال"دا دەفەرمێت: "ئەی ئەوكەسانەی كە بڕواتان هێناوە نەكەن ناپاكی بكەن بەرانبەر بە خوا و لە بەرانبەر پەیامگەیێنەكەی، یاخود ناپاكی بكەن لە ئاست ئەمانەتی نێوانتان و بشزانن كە نابێ وا بكەن".

دووەم: ناپاكیكردن لە سامان و بەخششەكانی خوادا:

وەك لە سەد و پێنج هەمین ئایەتی سورەتی "نیسا"دا ڕووی گوتاری دەكاتە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – و دەفەرمێت: "بەڕاستی ئێمە ئەم قورئانەمان بۆتۆ ناردۆتە خوارەوە بە هەق و ڕاستی، تا دادوەری و دادبینی و دادپرسی بكەیت لە نێوان مەردمگەلدا بەوەی كە خوا بەرچاو ڕوونیت پێ دەبەخشێت و، نەكەی بچیتە ئەو ئاستەخوارەی لەگەڵ ناپاكاندا بەرانبەریان ببیتەوە".

سێیەم: ناپاكی كردن لە شەریعەت و سوننەتدا:

وەك دەبینین لەباسی ناپاكاندا لە ئایەتی حەفتا و یەكی سورەتی ئەنفالدا بە پێغەمبەر– دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – دەفەرمێت:

گەر بێ و ئەوانە ئیمڕۆ ناپاكی لەگەڵ تۆ بكەن، پێشتر ناپاكییان لەبەرانبەر خوادا كردووە". بەمانا گەر ئەمانەت پارێز نەبن لە سوننەتدا لە فەرزەكانیشدا هەر نەیان پاراستووە .

چوارەم: وشەی ناپاكی بەمانا زینا:

وەك لە بیستو پێنج هەمین ئایەتی سورەتی یوسفدا لەسەرزاری یوسف – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – دەفەرمێت: "بەڕاستی خوا ڕێنمایی فێڵ و تەڵەكەی زینا كاران ناكات".

پێنجەم: پەیمان و سۆزی شكاندن:

وەك لە پەنجاو هەشت هەمین ئایەتی سورەتی"ئەنفال"دا دەفەرمێت: "گەر لەوە سەردەكەنەوە و دەترسن كە هەندێك پەیمانەكانیان هەڵوەشێننەوە ئەوا ئێوەیش گشتیان بێ جیاوازی وەلا بنێن ".

قسەیەك بۆ مێژوو:

وەك ئاماژەم پێدا و، وەك ئەركێكی مێژوویی و هەست بە ئازارێكی قووڵی نەتەوە كەم نەدەكرا لەو ڕۆژەدا كە دەیكردە 16ی ئۆكتۆبەر بۆ چەند وشەیەكیش بێت تیشك نەخەمە سەر بابەتی ئەو ناپاكییەی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا لەگەلی كورد كرا بە گشتی و لە كوردانی باشوور بەتایبەتی، ئەویش بە فرۆشتنی كەركوك و چەندین شوێنی دیكەی كوردستان و ڕادەست كردنیان بۆ هێزێكی دروستكراوی دژە كورد و دژە هەموو بەهایەكی پیرۆزی ئایینی و نیشتمانیی كوردستانیان، كە خۆی لەخۆیدا جێبەجێكردنی پلانێكی چەپەڵی نێو نەتەوەییش بوو بۆ دواخستنی گەیشتنی گەلی كورد بە دەرەنجامەكانی ڕأپرسیەی پیرۆزەكەی 25ی ئەیلولی 2017، كە زۆر بەداخەوە ئەو ناپاكییەی 16ی ئۆكتۆبەرلەلایەن تاقمێك كاڵفامەوە، لاپەڕەیەكی تری پڕ لە ئازاری میژوویی نەتەوەكەمانی وەبیرهێنامەوە كە ڕۆژی ڕەشی شەشی ئەیلولی1930 بوو، ئەوكاتەی ڕژێمی عێراقی لە شاری هەڵمەت و قوربانی "سلێمانی" لەسەر ئەوەی خەڵكی داوای مافی ڕەوای خۆیان كردووە، چەندین لاویان خەڵتانی خوێن كردووە، هاوكات خەڵكانێك چوونەتە بەغدا و وەلای بێ سنووری خۆیان بۆ عێراق گەیاندووە، واتە كتومت وەك ئەوەی ئەم تاقمەی 16ی ئۆكتۆبەری2017 كردیان!، كە حاجی تۆفیق بەگی پڕۆفیسۆری كورد "پیرەمێرد" لەباسی ئەوانی ئەو سەردەمەدا دەڵێ:

وەفدی کوردستان میللەت فرۆشان

هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان

چەپکێ لەگوڵەکەی باخەکەی سەرا

کە بە خوێناوی لاوان ئاودرا

بیبەنە خزمەت عەرشی عێراقی

بڵێن یار باقی هەم سوحبەت باقی

پەردە و تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر

بڵێن پاش کوشتار هیشتا تۆی دڵگیر

دەک خەجاڵەت بن لە ڕووی مەحشەرا

ئێمە خاکی خەم ئەکەین بەسەرا

ئێوەش ئەوعەرشەی بەخوێن گوڵڕەنگە

سوجدەی بۆئەبەن هیچ ناڵێن نەنگە(2)

تێبینی: بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لەسەر قسەكانی فەیرۆز ئابادی و كەسانی تریش دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وێبسایتی (https://kalemtayeb.com/safahat)لە باسی وشەی خیانەت دا.

پەراوێز:

(1)بابەتی ئامادەكراو كە توێشووی زۆربەی گوتارەكەی ئێمەش بوو بریتی بوولە : هۆکارو کاریگەرییەکانی هەژاری و چۆنیەتی چارەسەرکردنی لە روانگەی ئیسلامەوە).

(2)بنواڕە لە دیوانی پیرەمێرد بەرگی یەكەم لاپەرە160).

 

عومەر چنگیانی

© 2017 Hawler