تشرینی یەکەم 22, 2020

حەمەسەعید حەسەن

 

27

ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمان بە (ئێمانوێل ماکرۆن)ی سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: (ئیسلام لە قەیراندا نییە، ئەوە ئێوەن لە قەیراندان، قەیرانی داڕمانی ڕەوشت.)

لە تورکیا کە حیزبی فەرمانڕەوا، ناوی داد و گەشەپێدانە و ئیسلامییە، سێکسفرۆشی ڕێگە پێ دراوە و بە یاسا ڕێك خراوە،(*) هەر ئەوەیە سێکسفرۆش ناوبەناو پشکنینی بۆ دەکرێت، نەوەک خوا نەخواستە دووچاری نەخۆشییەک بووبێت و کڕیاریش تووش بکات. تورکیا بە هەزاران لەو ماڵانەی لێیە، کە سێكسیان تێدا دەفرۆشرێت، تژییە لە یانەی شەوانە، ئەوانەی تایبەتن بە خۆ ڕووتکردنەوە، هەر ئەوەیە سەردانیکەر نابێت تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر بێت.
شار نییە لە دونیادا هێندەی ئەستانبوول ماڵی تایبەت بە سێکس فرۆشتنی لێ بێت، هەموو ئەو ماڵانە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، هەموو ئەوانەی لە بواری بازرگانیی سێکسدا کار دەکەن، مۆڵەتیان هەیە و ناسنامەی فەرمییان لە (باخەڵ)دایە، ئەوەی لە سلێمانی گیرفانی پێ دەڵێن و لە هەولێر: بەرک. لە تورکیا لای کەم سەد هەزار ژنی لەشفرۆش هەن، دوو هێندەی تریش لەو بوارەدا ڕۆڵی دیکە دەگێڕن، ئەوانەی بە تورکی (قوڕمساغ) و بە کوردی (ملپان)یان پێ دەڵێن. لەوساوە ئاکەپە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، ژمارەی لەشفرۆش و خانەی تایبەت بە لەشفرۆشی و یانەی خۆ ڕووتکردنەوە، لە هەڵکشانێکی بەردەوامدان.
لەم بازرگانیی سێکسە، تورکیا لەڕێی وەرگرتنی باجەوە، لە سێکسفرۆش و لە یانەی شەوانە و لە خانەی سێکسفرۆشی، ساڵانە چوار میلیاردێک دۆلاری دەست دەکەوێت، بەڵام نایکات بە نامەردی و هەمووی لووش نادات، ئاخر کەم و زۆر، بەشی بانگخوازی چالاک و مورشیدی نوورانی و حیزبی ئیسلامیی ڕادیکالیشی لێ دەدات.(**)
(*) ماددەی ژمارە ٢٢٧ی یاسای ژمارە ٥٢٣٧
(**) تورکیا بەو ئومێدەی لە یەکیەتیی ئەورووپادا بە ئەندام وەربگیرێت، (هاوەڕەگەزخوازی)یشی ئازاد کرد.

© 2017 Hawler