تشرینی یەکەم 20, 2020

پشکۆ نەجمەدین

 

سیحری نووسین
12

نووسین و خودبوون لە نووسیندا

ڕاگنەر ستریۆم بێرگ، دەربارەی خودبوونی نووسەر، پرسێک دەکات و هەر خۆیشی وەڵام دەداتەوە...
(پرسیار لەمەڕ کامە شیعر چاکە و کامە خەراپ، پرسێکی تا ڕادەیەک خۆش نییە. خودبوون لە نووسیندا، بریتییە لە دۆزینەوەی شێوازێکی نوێ بۆ نووسینەوەی هەمان شتە کۆنەکان "To Say The Same Old "، چوونکە شتگەلێکی زۆر نین کە لەبارەیانەوە بنووسین، هەمان کاتیش شتێک بەناوی شیعر و ناشیعر نییە. دیاردەی چاک لە کاری شاعیرانی نەوەی ئێستادا، نەبوونی هیچ ڕێسایەکە لە یەکپارچەییی شێوازی نووسینیاندا. ئەوەی هەیە سنووردانانێکی نەرێنییە لەنێوان خۆیان و ئەوەی پێشوودا و خواستێکە بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی خودبوون لە نووسیندا، ئەمیش ناسنامەیەکی نایابە. ئەزموونە خودییەکانی نووسەر، لەگەڵ هەڵکشانی زەمەندا کەمبایەختر دەبن و ئەوی دەبێتە جێگای سەرنج و بایەخپێدانی، بەهونەرکردن یان داهێنانی ئەزموونەکانییەتی. شیعر ڕووداوە لە زماندا. ئێمە وا فێرکراوین کە شیعر مەملەکەتی هەست بێت. شیعر هەست نییە. شیعر پەیڤ و بێدەنگییە!
جیاوازییەکان نێوان شیعر و ژیان ئازارم دەدەن. من لە هەوڵی سفرکردنەوەی ئەو جیاوازییانەدام. "یۆکیۆمیشیماYokio Mishima "، لە خەرەندی نێوان شیعر و ژیاندا، ئازاری دەچێژا. ئەوە چییە ئەم مەودایە دەخولقێنێت؟ مەرگ و فەنابوون! هەر بۆیێ گشت گەڕانێک لەدوی جوانی، دەبێت بە تراژیدیا. ئەگەر مەرگ پێشمەرجی ژیان بێت، ئەوا بۆ شیعریش هەر وایە. هەموو شتەکانیش لە جەستەدا ڕوو دەدەن و ئاستانەی ئازاریش لێرەدایە!)"16"
لە کایەکانی کارکردن لەگەڵ شیعر، ستایل، سەروەختی نووسین و شێوازی خویندنەوەدا، "ستافان سوێدەربلۆم" کە ئەزموونێکی قووڵی لە نووسینی شیعر، ڕۆمان، ڕێپۆرتاژ و کاری ڕۆژنامەگەریدا هەیە و بە یەکەێک لە باشترین ڕەخنەگرەکانی ئەدەبی سوێدی ئەژمار دەکرێ، دەبێژێ:(نووسین کارێکی سەختە، هەتا نووسینی ئەو شتانەش کە نووسەر تێیاندا چازان و لێزانە. ئەوەی کە من بەتوانا و باڵادەست بم، یەک دەنکۆکەش ئاسوودەم ناکات. لە پرۆسەی نووسیندا، مرۆڤ هەمیشە لە جۆرە دۆخێکی تازەکاراندایە و زۆر بە ئاسانی لە هەوڵی نووسینەوەی ئەو بابەت و شتانەدایە کە ناتوانێت بیاننووسێت! من لەگەڵ شیعرەکاندا کار ناکەم، ئەوە شیعرەکانن گەر فریا بکەون و پێڕابگەن، دەشێ بە خێرایی خۆیان بنووسنەوە.)

© 2017 Hawler