کانونی یەکەم 12, 2018

ئازارێک بە جەستەی کوردەوە

هاودەنگ فاروق

 

حزبە کوردستانییەکان ئەگەر بە بێ بەرنامە و پلانێکی یەکگرتوو و ڕێککەوتنێکی پێشوەختە ڕوو لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و وەرزێکی دیکەی پرۆسەی سیاسیی بەغدا بکەنەوە، خۆیان و کێشەی کورد لە عێراقدا بچوک دەکەنەوە و هەیبەتێکی تر بۆ سەرکێشی و لوتبەرزی و غرووری سسیاسی و سەربازی حکومەتی بەغدا دەگێڕنەوە، کوردستانیش زیاتر ئازار دەدەن و لە رووی سەنگ و پێگەی سیاسیی و یاسایی و دیبلۆماسیەتیی نێودەوڵەتییەوە بۆ دواوە دەگەڕێننەوە .
کێشەی کورد وعەرەب لە عێراقدا کێشەی سەدەیەکە، گرفتی کورد گەیشتن بە پارلەمان و وەرگرتنی پۆستی، وەزیر و ئەندام پەرلەمان و سەرۆککۆمار نییە، كێشەی بنەڕەتی کورد لە جەوهەردا نەبوونی ناسنامە و متمانە و بەهای هاوبەش و پابەندنەبوونی لایەنی عەرەبییە بە شەراکەت و تایبەتمەندیی کورد وەکو نەتەوەییەک، وەکو میللەتیکی جیاواز لە عەرەب.
کورد بەم پەرتەوازییەی ئیستا ناتوانێ پێگەی خۆی لە عێراق بەهێز بکاتەوە، ئەم لێکترازانەی ئێستا هۆکاری ئەوە بووە کە نەتوانرێت ناوچە دابڕاوداگیرکراوەکان بگەڕێندرێنەوە و ماددەی ١٤٠یش نەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، لە سایەی ئەم بێ‌ پلانی و دووبەرەکییەی حزبەکاندا، بەغدا رۆژبەرۆژ زیاتر هەوڵی دابڕاندن و پاشەكشە بە دۆزی کورد دەدات، ئۆبالی ئەم دەرفەتانەش بە بەغدا بەشێک لە کورد خۆیەتی کە تا ئاستی جاشێتی و خیانەت بۆ حکومەتی عەببادی نوشتاونەتەوە.
لێرەدا کورد دەبێ کۆتایی بەو پەیوەندییە تەقلیدییەی خۆی لەگەل بەغدا بێنێ، قۆناغە كۆنەكە كۆتایی هات و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دۆخێكی تر هاتۆتە ئاراوە، بەرهەمی بێ‌ بەرنامەیی و نەبوونی ستراتیژی هاوبەشی حزبەکان دۆخەکەی بەمەی ئیستا گەیاندووە، ئەگەر بە عەقڵیکی نوێ و بەرپرسیاریەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕووبەڕووی تەحددی و سیاسەتی مەترسیداری حکومەتی بەغدا نەبنەوە، ئایندەی کیانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەل بەغدا خراپتریش دەبێت .
ئێستا ئاستی پەیوەندیی عێراق و كوردستان لە دۆخێكی نوێدایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەمان ڕوانگاو گرنگییەوە کوردستان دەبینێ، نهێنی مانەوەی کوردستانێکی بەهێز، زۆر مانا و دەلالاتی سیاسی هەڵدەگرێ، لە دنیابینی ئەورووپا و ئەمریکادا کوردستان دەبێ بمێنێ، بەلام ئەوە سیاسییەکانی کوردستانن چۆنێتی ئەو مان و هەڵسانەوە و پێگە ڕوو لە هەڵکشانە بڕیار دەدەن، ئایە چەندە لە بەرژەوەندییە حزبییەکانیان دوور دەکەونەوە و لە پێناوی نیشتماندا، لە ئامانجە نەتەوەییە چارەنوسسازە هاوبەشەکانیان نێزیک دەبنەوە.
پێویستە بە عەقڵیەتێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی کوردستان و عێراق بكرێت، كاتی رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردە و ئەم رۆژانەش زۆر مێژوویی و جارەنوسسازن بۆ كورد، دەبێت ئەو راستیەش بزانرێ كە تەنها كورد خۆی دڵسۆز و دەرەتان و پشتوپەنای خۆیەتی و هەر دەبێت بەم سیاسەت و ستراتیژیەتە كوردستانێكی نوێی بەهێز‌ بمێنیتەوە و ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بنیات بنرێتەوە.

© 2017 Hawler