ئەیلول 30, 2020

لەژێر ڕۆشنایی وشەی "اهدنا"ی سوورەتی"فاتحە"دا

یەكێك لەو پرسیارانەی ئاراستەی تاكی مسوڵمان دەكرێت لەسەر مكوڕی و بەردەوامیی داواكردنی ڕێنمایی خوایی"هیدایەت"لە سوورەتی"فاتحە"دا و دەڵێن نوێژكردن گەر بۆ خۆی هیدایەتە، ئیتر بۆچی دەبێ لە نوێژدا داوای بكەیت؟ كە لای هەر بڕوادارێك ئەوە ڕوونە هیچ نوێژێك بەبێ خوێندنی سوورەتی فاتیحە نابێت و دانامەزرێت و دەیان دەقی فەرموودەی دروستمان لەوبارەیەوە هەیە، هەربۆیە بە ئەركم زانی لە گوڵخەرمانی ئیمڕۆماندا بچینە خزمەت تەفسیرەكەی "أنوار التنزيل وأسرار التأويل" دانراوی "ناصر الدين أبو سعيد عبد الله بن عمر بن محمد الشيرازي البيضاوي" كە لە ساڵی 685ی كۆچیدا كۆچی دوایی كردووە، بە وردەكارییەكی زۆر زانستییانەی پڕ لە ڕەوانبێژی و زمانەوانیەوە دەڵێ:

"وەك بڵێی لە ئایەتەكانی پیێشوودا كە بەندە سۆزیی دەدات تەنها هانا بۆلای ئەو ببات و داوای كۆمەكی لەو بكات، خوایش لە بەرسڤ و وەڵامیاندا دەفەرمێت: چۆن یارمەتیتان بدەم؟ ئەوانیش دەڵێن: ڕێنماییمان بكە.

پاشان دەڵێ: وشەی "هیدایەت" واتە ڕێنماییكردنی بەرانبەر بە نەرمی، هەربۆیە ئەو دەستەواژەیە بۆ چاكە بەكار دەهێندرێت، بەڵام لە ئایەتی  بیست و سێی سوورەتی "صافات"دا دوای ئەوەی كە پێشتر باسی لێپێچانەوەی لە ستەمكاران دەكات و بڕیاری خوایییان لەهەق دەردەكات و دەفەرمێت: "ڕیێنمایییان بكەن  بۆ ڕێگای دۆزەخ"، بەكار هێنانی وشەی "هیدایەت" لەویادا بۆ سەركۆنەكردن و شكانەوە و لووت شكاندن "تەهەكوم"ـە.

ڕێنمایی خوا بەسەر چەندین جۆری لیكجودای لە هەژمار نەهاتوودا دابەش دەبێت وەك لە ئایەتی سیوچواری سوورەتی "ئیبراهیم"دا دەفەرمێت: "گەر بتانەوێ ناز و نیعمەتەكانی خوا بەسەرتانەوە بژمێرن، بۆتان لەهەژمار نایەت".

وەلێ بەشێوەیەكی گشتی لە چەند جۆرێكدا دەكرێ هەڵاوێرد و بەربژێر بكرێن لە دووی یەكتری.

یەكەم: پێبەخشینی هێزو توانای ئەقڵیی و هەستی نادیار و دیاری وا كە درك بە بابەتە سوودپێگەیێنەكان بكات.

دووەم: دەستنیشانكردنی بەڵگەی شتی ڕاست و چتی خوار و خراپە لێك جیاكەرەوەكان كە دەبینین لە دەیەمین ئایەتی سوورەتی "بەلەد"دا دەفەرمێت: "مرۆڤمان ڕێنمایی كردووە بۆ هەردوو ڕێگاكە".

وەك لە حەڤدەیەمین ئایەتی سوورەتی "فوسیلەت"دا دەفەرمێت: "وەلێ سەموود كە ڕێنماییمان كردن  ئەوان كوێری و كوێرایییان هەڵبژارد و بە باشتریان زانی و ئەویان پێ خۆشتر بوو".

سێبەم: هیدایەت بە ناردنی پەیامگەیێنەكان و ناردنی كتێب و پەیام، وەك دەبینین لە ئایەتی حەفتاوسێی سوورەتی "ئەنبیا"دا دوای باسی "ئیبراهیم و لووت"، دەفەرمیت: "ئێمە ئەو پێغەمبەرانەمان كردنە پێشەنگ و، ئەوان بە پێی فەرمانی ئێمە كاریان دەكرد و بە فەرمانی ئیمە خەڵکیان ڕێنوێنی دەكرد". هەروەها لە نۆهەمین ئایەتی سوورەتی "ئیسرا"دا دەفەرمیت: "ئەم قورئانە ڕێنمایی دەكات بۆ ئەو ڕێگایەی لە هەموان هەڵسەنگینراوتر و ڕاستترە".

چوارەم: بەوەی كە بەرچاوڕۆشنی ببەخشێتە كەسێك وەك پێغەمبەران، لە ڕێگای سرووش و نیگا بۆ ناردن، یان بینینی راستەخەون؛ كە دەبینین ئایەتی نەوەدی سوورەتی "ئەنعام" ئاماژەی پێ دەكا و دەیگەیینێت و، دەفەرمێت: "ئەوانە بوون كە خوا ڕێنمایی كردبوون، توۆیش بە دووی ڕینماییەكەیاندابچۆ".

دیارە "بەیزاوی" لە درێژەی ئەم بابەتەیدا، هەندێ بۆچوونی سۆفیگەری دەڵێت كە جێگای تێاڕامانە لە خوێندەوارێكی واوە شتی وا ببیسترێت. هەربۆیە منیش فەرامۆشم كرد.

 

عومەر چنگیانی

© 2017 Hawler