کانونی دووەم 20, 2018

چۆن چیان كرد؟ ئەی نایبینی؟

جەمال عەبدوڵا

 

گۆڕان و كۆمەڵ و قەوارەكەی بەرھەم چوونە بەغدا ؟ بەڵێ چوون . عەبادیان بینی ؟ ئەی چۆن بەڵێ بینیان . چیان پێگوت ؟ چۆن چیان پێگوت ؟ ئەی ئەوە نەبوو كە لەبەغدا بوون ڕاگەیەنراوێكیان لەسەر سەردانەكەیان بڵاوكردەوەو كە ھاتیشنەوە كۆمەڵێك چاوپێكەوتن لەگەڵ ھەندێك لە ئەندامانی وەفدەكەیان كرا ؟ ئەی باشە ئێستا كە ھاتوونەتەوە كوردستان و وەك ئەنجامی ئەو چاوپێكەوتنانەیان و لەسەر زەمینی واقیع چ گۆڕانكاریەك ڕوویداوەو چی بووە ؟ چۆن چی بووە وەرە با بۆت بژمێرم : -
1 : - ھێشتا وەفدەكەی گۆڕان و كۆمەڵ و قەوارەكەی كردار شەرتە لەبەغدا نەگەڕابوونەوە و ھێشتا ئەوان ھەر لەبەغدا بوون كە دەستبەجێ فەرمان لە لایەن عەبادیەوە وەك فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق دەرچوو كە ھەموو ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی كە لەدوای 16 ی ئۆكتۆبەرەوە چوونەتە كەركووك و خورماتوو ھەموو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، ھەر ھەموویان ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن و بكشێنەوە . ئێ ئەوەبوو كە وەفدی ئەو سێ لایەنەش گەڕانەوە كوردستان فەرمانەكەی عەبادی جێبەجێ كراو ئێستا یەك چەكداری ھیچ گروپێكی ناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ھیچ ناوچەیەكی كوردستاندا نین !
2 : - ھێشتا وەفدەكەی گۆڕان و كۆمەڵ و قەوارەكەی كردار شەرتە ھەر لەبەغدا بوون كە دەستبەجێ فەرمان لە لایەن عەبادیەوە وەك فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق دەرچوو كە ھەموو ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی كە لەدوای 16 ی ئۆكتۆبەرەوە چوونەتە كەركووك و خورماتوو ئێستا تۆمەتبارن بە چەندین تاوانی وەك كوشتن و فڕاندن و سووتاندن و دزی و ھەتكی ئەخلاق و تاوانی جەنگ، دەستبەجێ ھەموو ئەوانە دەستگیربكرێن و ئەوراقی تەحقیقیان بۆ بكرێتەوەو بەبێ دەستتێوەردانی ھیچ كەس و لایەكیش نەلەناو عێراق و نەلەدەرەوەی عێراقیش ! دادگایی بكرێن . ئێ ئەوەبوو كە وەفدی ئەو سێ لایەنەش گەڕانەوە كوردستان فەرمانەكەی عەبادی جێبەجێ كراو ئێستا ھەموو ئەو چەكدارو بەرپرسانەی حەشدی شەعبی كە تۆمەتبارن بەو تاوانانە ھەموویان دەستگیركراون و لای دادوەری لێكۆڵینەوە وتەیان وەرگیراوەو ئەوراقەكانیشیان ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند كراوە بۆ دادگاییكردن !
3 : - ھێشتا وەفدەكەی گۆڕان و كۆمەڵ و قەوارەكەی كردار شەرتە ھەر لەبەغدا بوون كە دەستبەجێ فەرمان لە لایەن عەبادیەوە وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرچوو كە بەگوێرەی دەستووری عێراق و ھەتا جێبەجێكردنی مادەی 140 ی دەستوور وەك خۆی، دەبێت ئیدارەی ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بە ھاوبەشی لەنێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكرێت . ئێ ئەوەبوو كە وەفدی ئەو سێ لایەنەش گەڕانەوە كوردستان فەرمانەكەی عەبادی جێبەجێ كراو ئێستا حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەیەكەوە دەستیان بە كۆبوونەوە كردووە بۆ ڕێكخستنی چۆنێتیی ئیدارەی ھاوبەشی ئەو ناوچانەو سبەینێش لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەش لە نێوان سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی عێراق ڕاگەیەنراوی تایبەت بەئیدارەی ھاوبەشی ئەو ناوچانە دەخوێنرێتەوە و ئەم كۆنگرە ڕۆژنامەوانیە ھاوبەشە سەعات 11 ی پێشنیوەڕۆو لەناو دیوانی پارێزگای كەركووك دەبێت و داوەتنامەش بۆ ھەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی كوردی و عەرەبی و ھەروەھا ئەو كەناڵە بیانیانەش چووە كە نووسینگەیان لەعێراق یان لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیەو لەم ڕووەشەوە ڕاگەیاندنی ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق تەنسیقێكی باشیان لەگەڵ یەكتردا كردووە !
4 : - ھێشتا وەفدەكەی گۆڕان و كۆمەڵ و قەوارەكەی كردار شەرتە ھەر لەبەغدا بوون كە دەستبەجێ فەرمان لە لایەن عەبادیەوە وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرچوو كە بەگوێرەی دەستووری عێراق و ھەتا پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە و لەسەر بنەمای ڕێژەی لەسەدا حەڤدە بۆ ھەرێمی كوردستان وەك سلفەو بەڕێژەی یەك لەسەر دوازدە سلفەیەك بنێررێت بۆ ھەرێمی كوردستان . ئێ ئەوەبوو كە وەفدی ئەو سێ لایەنەش گەڕانەوە كوردستان فەرمانەكەی عەبادی جێبەجێ كراو ئێستا یەكەم سلفەی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان لەسەربنەمای لەسەدا حەڤدە لەبانكەكانی كوردستانەو ھەموو وەزارەتەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵیان بەبێ پاشەكەوت وەرگرت و ھاكا مووچەی مانگی دوویش ھات ! ئینجا ئەم ھەموو شتە بووە كەچی تۆ پرسیار دەكەیت ئایا گۆڕان و كۆمەڵ و قەوارەكەی كردارشەرتە چوون بۆ بەغدا چیان كردووە و دوای هاتنەوەیان بۆ کوردستان لەسەر زەمینی واقیع چ گۆڕانكاریەك ڕوویداوە؟

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.