تشرینی یەکەم 01, 2020

كارهەم، وەك مەترسی لەسەر كوردستان

مەشخەڵ كەوڵۆسی

 

كازمی جیاواز لەسەرۆكوەزیرانەكانی تری عێراق، لەكۆمەڵێك جومگەی هەستیارەوە هاتۆتە ناو ماڵی كوردەوە، لەچركەیەكدا كە كورد جگەلە موچەو كۆمەڵێك داخوازی بچوك، داواكاری گەورە و كاریگەری نەماوە. بەجۆرێك دەتوانین بڵێین: ئەگەر وابڕوات بەدڵنیاییەوە كێشەی كورد وەك ڕەهەندە نەتەوەییەكەی دەمرێت یان لە قۆناغی مردنی سەرجێگەدایە.
یەكێك لەچانسەكانی كازمی بۆ ئەوەی باشتر ئامانجەكانی خۆی بپێكێت، زاڵ ببێت بەسەر كۆی مەشهەدەكەدا، ئەوەیە كە سەركوەزیرانەكانی پێش خۆی، كارئاسانییان بۆ كردووە، ئەوان بەجۆرێك كوردیان هاڕییوە، ئیستا داخوازی تەواوی نەتەوەیەك بووەتە موچە و تەنها موچە! ئەو داخوازییەش بچوكترین و ئاسانترین ئەركی هەر دەوڵەتێكە كە بۆ ڕەعیەتەكانی خۆی دابین بكات! واتە كازمی لەبەردەمی داخوازی نەتەوەیی و مەسەلەی ئەمنی قەومی كوردستاندا نیە. بەڵكو لەبەردەم كێشەی موچەدایە كە ئەتوانێ بەبڕیارێكی ئیداری چارەسەری بكات، كوردیش بەگشتی لەبری ئەوەی لەبەرگی نەتەوەیەكی خاكداگیركراودا خۆی نمایش بكات، بەپێچەوانەوە خەریكە وەك سەندیكایەكی لێ دێت كە داوای موچەو شایستەی دارایی خۆی دەكات!. واتە بەكوردی و بەكورتی سیاسەتی سەرۆكوەزیرانەكانی پێشوو، بەجۆرێك كارئاسانی بۆ كازمی كردووە كە بەتاكە بڕیارێكی ئیداری خۆی بكاتە قارەمانی بەردەم كورد و جەماوەری كوردستان و میدیاكانیش! .
یەكێكی تر لەچانسەكانی كازمی، ئەوەیە كە نەیارەكانی بەئاگا یان بەبێ ئاگا، تۆپەكە بۆ بەرقاچی ئەو هەڵدەدەن! كازمی لەبەردەم كۆمەڵێك حیزب و دەستەو تاقمدایە كە وتاری هاوبەشیان نیە و هێدی هێدی دەچنە ژێر ڕكێفی ئەوەوە.هەر لەحیزبی كوردییەوە بگرە تاكو دەگاتە حیزبەكانی سوننە و شیعەش.
هاوكات درگایەكی تر كەلەسەر پشتە بۆ ئەوەی كازمی لێیەوە ببێتە پاڵەوانی گۆڕەپانەكە، بریتییە لە سەرۆككۆماری عێراق، سەرۆككۆمار بەردەوام "ڕەنگە لەدەرەوەی سیاسەت و بەرژەوەندی كورد و تەنانەت یەكێتییشەوە" سەرقاڵی زەمینەسازی كردنە بۆ كازمی و كاركردن بەگوێرەی سیاقێك كە دواجار مۆدیلێك لەبەرژەوەندی و میتۆدێك لە سیاسەت بێتە كایەوە كە ڕەنگە لەناچاریدا بە مۆدیلی "كارهەم" ناوی بەرین بەلێكدانی هەردوو ناوی بەڕێزان "كازمی وبەرهەم".
لەوردەكاریشدا، زەمینە سازییەكە زۆر گەورەو كاریگەرە، من لێرەدا تەنها ئاماژە بە دوو خاڵ دەدەم:
یەكەم: لەدیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، كازمی پرسی بەهیچ لایەك نەكردووە. تەنانەت بۆ ئەو كارە دەستوریشی پێشێلكرد!. ئەگەرچی ڕاوێژكارەكانی جەخت لەوە دەكەنەوە كە هێشتا وتوێژەكان لەوبارەیەوە تەواو نەبوون!.
دووەم: دەستكاری كردنی دەستور بەگوێرەی میزاجی خۆیان، كەهەر لەئیستاوە مەترسی ڕاستەقینەی دروستكردوە بەجۆرێك هاوڵاتی سادە لەكەركوك و ناوچە داگیركراوەكانی تری كوردستان پەی پێ بردوەو وا خەریكە داوای خۆپیشاندانی كوردەكان و ناڕەزایی دەربڕین سەرهەڵدەدات!.
شانبەشانی ئەم دوو هەنگاوە، دروستكردنی لەشكرێك لە میدیاكار و پەیچ و سایت بۆ چاندنی تۆوی "كارهەم" لە ناو شەقام و دروستكردنی ڕایەكی گشتی سەرتاسەری بۆ بەپاڵەوان كردنی كازمی و دروستكردنی لیستێكی هاوبەش لەنێوان سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیراندا، هەروەها دەستكاری كردنی یاسای هەڵبژاردنەكان بەجۆرێك عێراق بكرێتە یەك بازنە، لیستی براوە حكومەت پێك بهێنێت، پەرلەمانیش بەیەك ڕۆژ و بەیەك پاكێچ دەنگ لەسەر تەواوی كابینە بدات! بەئامانجی ئەوەی بەتەواوی ڕێگە خۆش بكرێت بۆ ئەوەی سەرۆككۆماری بەبێ دەنگی كوردیش بێت، بتوانێت پۆستەكەی وەربگرێتەوە، ئیدی بۆ هەتایە كورد ئاوت دەكرێت! ئایا لەكوردستان، كەس گوێ بۆ ئەم زەنگی مەترسییەی "كارهەم" دەگرێت و كار بۆ ڕاوەستاندنی دەكات؟.

* سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد

© 2017 Hawler