ئاب 12, 2020

پشکۆ نەجمەدین

 

سیحری نووسین
٥
شاعیرانی نوێخواز و سیمبۆلانی نێو پرۆسەی نوێخوازی لە شیعردا، تێکشکاندی فۆرم و بینای ئاڵۆز و "نامەفهوم"ی قەسیدەیان، وەکو سەرچڵییەک لەئاست مێژووی ڕەوانبێژیی ئەدەبدا، پێڕەو کرد و پێیان وا بوو، تەنیا فڕێدانی "تەفعیلە" و "سەروا"، ناکرێت ببن بە مەرجی بنەڕەتیی نوێخوازی لە شیعردا، بگرە سادەنووسین لە شێواز و قووڵیی لە مانا و نەخشاندنی وێنەشیعرییەکاندا، کانیی شیعرییەت و شیعربوون لە بینای قەسیدەدا دەتەقێنن!
نەزار قەببانی، کە یەکێکە لە نوێکارانی شیعری عەرەبی، لەم ڕووەوە دەڵێ:((ئەرێ بۆ بەسادەیی نووسین، دەبێت بە دوژمنایەتیکردن و پەلاماردانی مێژوو؟
تۆ بڵێی، نووسینی ئاڵۆز و تەمومژاوی، تاریکی و نادیاریی شیعر، مەرجێکی بنەڕەتیی ڕۆشنبیریی شاعیر بن؟
من پێم وایە، شیعری باڵا؛ سادە، قووڵ و ڕوونە، نەک ئاڵۆز و ڕەش و نادیار.
ئەگەر ئەزموونەکانی من لە وێنەکێشان و موزیکدا، سەرکەوتوو نەبوون و تووشی بێهیواییان کردم، بەڵام لە پێکهاتە و فراژیبوونی هونەریی من و شکڵگرتنی زمانی شیعریی مندا، ڕۆڵێکی باڵایان هەبوو.
من لە قۆناغەکانی دواتری شیعرنووسیندا، لەسەر کاخەز سەمام دەکرد، نەمدەنووسی!
لە قەسیدەکانی "منداڵیی مەمک"، "تۆ هیی منیت" و "سامبا"دا، حاڵەتە موزیکییەکە داگیری دەکردم و دەیخستمە دۆخێکەوە کە بە دەنگی بەرز، شیعرەکانم بچڕم، ڕێک وەک ئەوەی "لۆرکا" دەیکرد!
ئەلفوبێی شیعرەکان، وەک ژێی گیتار، ڕایەڵ دەبوون و پەیڤەکانیش لە ڕیتم و ئاواز شەپۆلیان دەدا.
من ڕێک وەک موزیکژەنێک چۆن لەبەردەم پیانۆدا دادەنیشێت، لەبەردەم کاخەزاندا دادەنیشتم و پێش ئەوەی بیر لە مانا بکەمەوە، لەگژ فیکری ریتم دەچووم! من لەدوی لەرینەوە و دەنگدانەوەی وشەکان غارم دەدا، نەک خودی پەیڤەکان.
لەسەروەختی نووسیندا، بۆچوونەکەی "ڤالیری" (موزیک و جگە لە موزیک هیچی تر نا!) هەمیشە لێم جیا نەدەبوویەوە. من پێم وابوو، قەسیدە جۆرێکە لە دروستکردنی موزیک!
بۆ نموونە، قەسیدەی "سامبا"، کارێکی تەواو موزیکییە، ئەگەر پۆشاکی موزیکی لێ داماڵیت، هیچی لێ نامێنێتەوە!
لە قۆناغی دواتردا، بیرۆکەی هێڵکاری و فۆڕمەکان داگیری کردم. پیتەکان لە کن من، شێوازی جیاوازیان وەر دەگرت و جارێک هێڵی راست، جارێک شکاوە و چەلێکیش چەماوە.
ئیدی بۆ یەکەم جار، ئەندازەیی بیرم دەکردەوە و قەسیدە بۆ من، باڵاخانەیەک بوو، وەکوو ئەندازیارێکی تەلارساز بیرم لێ دەکردەوە. واتە بە پەیڤەکان نەخشەم دەکێشا!))

© 2017 Hawler