ئاب 12, 2020

حەمەسەعید حەسەن

 

پابلۆ ئەسکۆبار
باوکی خەڵکی هەژار

پابلۆ ئەسکۆبار (١٩٤٩ - ١٩٩٣)ی کۆڵۆمبیایی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکرد و بە ئیمپراتۆری کۆکایین ناسرابوو. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوودا، سامانەکەی خۆی لە دەیان ملیارد دۆلار دەدا و یەکێک بوو لە هەرە دەوڵەمەندەکانی دونیا.ئەسکۆبار خاوەنی سەدان ماڵ و باخ بوو، سوپایەکیشی هەبوو لە تاوانکارانی لێزان. هەرچەندە ئیمپراتۆریاکەی لە ڕێی (خراپە)کارییەوە دامەزراندبوو، بەڵام ئیشی (چاک)یشی دەکرد، وەک ڕۆنانی قوتابخانە، نەخۆشخانە و یاریگە، وەک کۆمەککردنی یانەکانی فوتبوڵ و خەڵکانی دەستکورت، بۆیە عەوام خۆشیان دەویست، بە ڕۆبن هوودیان دەزانی و وێنەکەیان لەگەڵ وێنەی گیڤارادا بەرز دەکردەوە.

ژیانی پابلۆ ئەسکۆبار بە دزینی کێلی گرانبەهای قەبر دەستی پێ کرد، دواتر خووی دایە دزینی سەیارە، ئینجا قاچخاچییەتی بە سیگارەوە دەکرد، دوا جار بوو بە ناودارترین، یان ڕاستییەکەی بەدناوترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان. کە تووشی کێشە دەبوو، ئەگەر بە بەرتیل خۆی قوتار نەکردبا، سڵی لە کوشتوبڕ نەدەکردەوە. بە تەن تلیاکی ڕەوانەی ئەمریکا دەکرد، بۆ ڕەوانەکردنی تلیاک، فڕۆکەی تایبەتی و کەشتیی بن ئاویشی بەکار دەهێنا. سیاسەتکارێکی چالاکیش بوو، ١٩٨٢ لەسەر لیستی لیبرالەکان دەبێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و کە فیلیپ گۆنزالیز وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا سوێندی یاسایی دەخوات، ئەسکۆبار وەکنوێننەری کۆڵۆمبیا ئامادەی ئەو ڕێورەسمە دەبێت.

ئەسکۆبار کە ماددەی هۆشبەری بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا دابین دەکرد و بۆ ئەورووپایشی دەنارد، (زیو یان قورقوشم)ی کردبوو بە دروشمی خۆی، زیو: بەرتیل بوو، قورقوشمیش: گولـلە. وەک چۆن بەرتیلی بە پۆلیس و کارمەند و دادوەر دەدا، هەر وایش ئەگەر سازشیان لەگەڵدا نەکردبا بەبێ یەکودوو دەیکوشتن.ئەسکۆبار لە ٢ی دێسەمبەری ١٩٩٣دا کوژرا، کە بەرەو گۆڕستانیان برد، دەیان هەزار هەژار دوای تەرمەکەی کەوتن، ئاخر هەژاران بە باوکی خۆیان دەزانی!هەندێک گەل هەن، سوود لە ئەزموونی گەلانی دیکە وەرناگرن، شوکور کورد یەکێک نییە لەو گەلە کەمتەرخەمانە، ئەوە نییە کوردیش سیاسەتکاری کارامەی وای هەیە، بەم دەستی دەست بەسەر داهاتی گشتیدا دەگرێت و بەو دەستی قوتابخانە و نەخۆشخانە بۆ هەژاران ڕۆ دەنێت!

© 2017 Hawler