ئاب 12, 2020

سیروان مینەخان

 

ڤیتگنشتاین دەڵێت (سنورى زمان، سنورى جیهانەکەمانە). واتە ئێمە تا ئەو سنورە بڕدەکەین کە زمان و کەڵچەرمان بڕ دەکات. ئەگەرچى تا ئەمرۆش نەتوانراوە سنورە بەزۆرکێشراوەکانى نێوان پارچەکانی کوردستان تێک بشکێنین، بەڵام زوو زوو بەهۆی ڕووداو و کارەساتى خەمهێنەر کە بەسەر مرۆڤی کورد دا دێت لەهەموو بەشە بەزۆر لێکترازاوەکانى کوردستان سنورەکان تێکدەشکێنین وبەیەکتردەگەینەوە. ئەمجارەش زارا و تاوانە پیرۆزەکەى بەدەنگى هێناین. مەنعی زمان واتا مەنعی بوون، زمان شوێنی دەرکەوتنی هەموشتێکە، زمان تەجەلاى بوونى نەتەوەیە، ئەوەى کە زمانت لێ قەدەغەدەکات، لەڕاستیدا بوونت لێ قەدەغەدەکات. هایدگەر دەڵێت ( زمان ماڵی بوونە).
ئەوی زمانی نەتەوەیەکی قەبوڵ نەبێت، بێگومان بوونی ئەم نەتەوەیەی قەبوڵ نییە.
وەختێک بیانەوێت هەبوویەک بیت لە پەراوێز و پاشکۆی زمان و کلتورى ئەواندا بێگومان یەکەم شتێک کە هەوڵی لە گۆ خستنی بدەن زمانە.
زمانی دایک زمانی ئازادییە واتا تۆ لە نێوو زمانى خۆت دا دەژیت.
رەسوڵ هەمزاتۆڤ وتەنی ( ئەگەر سبەی زمانەکەم بفەوتێ با من ئەمڕۆ بمرم).
لەڕاستیدا زمان جگە لە هۆیەک بۆ پتەوکردنی یەکێتی نیشتیمانی و نەتەوەیی هۆکارێکیشە بۆ زیندو مانەوەی هزر و بیری نەتەوەیەک.
ئەندەرسن پێکهاتنی دەوڵەت و نەتەوە بەفاکتەرە فەرهەنگیەکان دەبەستێتەوە کە گرنگترینیان زمانە.
ئینگلیز دەڵێن: نەتەوەیەک ئەگەر ژێر دەستەش بێت بەڵام توانیبێتی زمانەکەی خۆی بپارێزێت وەک ئەو زیندانیە وایە کە کلیلی زیندانەکەی بەخۆی بێت. ڕازی زیند و مانەوەی نەتەوەیەک زمانەکەیەتی.
جێگاى داخێکى قوڵە هێشتا مرۆڤ لەسەر گوزارشت دانەوە لە ناسنامەی خواکرد و زمانی دایک بخرێتە زیندانەوە. ئێمەى کورد لە کوردستانى گەورە دا بە درێژاى مێژوو بوینەتە قوربانى کوردبوون. لەم پێناوەشدا هەزاران شەهیدمان داوە.
بە پێوەری تەواوی ئاین و یاسا زەمینی و ئاسمانیەکان و بەتایبەتیش جارنامەى مافەکانى مرۆڤ، گۆ کردن بەزمانی زمانی دایک مافە نەک تاوان!
کاتێک مرۆڤێک زمانى دایکى لئ قەدەغەدەکرێت لەیەک کاتدا بەهەمو تەرازوەکان زوڵمی لێ دەکرێت، نەدین و نەدیموکراسی و نەدونیای کۆن و نە جیهانی مۆدێرنەش نابنە فریاد ڕەس و انسان دەبێتە مەزڵومێکی ڕووتی ناو دونیای سەرمایەداری.
ئێمە ئەبێت ئەوە بزانین بەپێى جارنامەى مافەکانى مرۆڤ، مرۆڤ ئازادە لە پەیرەوکردن و بەکارهێنانى زمان و کلتورى تایبەت بەخۆی، هەمو ئەمانەش فاکتەرن بۆ بوونێکى سەربەخۆ. کەواتە بەدەر لەمە، هەربوونێک لەسەر سڕینەوەى بوونێکى تر دامەزرابێت، بوونێکى ستەمکارانەی بێ ئایندەیە.

© 2017 Hawler