ئاب 12, 2020

چیرۆكی بەردەكانی ناو گیرفانم...

نەسرین حەسەن

نازانم لە چ كاتێكەوە، هەر ئەوەندە دەزانم لەو كاتەی دەستی راست و چەپی خۆم ناسیوە، باوكم ئامۆژگاری دەكردم و پێی دەوتم: كچم، ئەگەر چوویتە دەرەوە با گیرفانت هەموو كات بەردی تێدا بێت، ئەگەر كوڕێك قسەی پێ وتی بەردێكی بە سەری دابدە و سەری بشكێنە، چیرۆكەكە بەوە كۆتایی نایەت، چونكە دایكیشم بەردەوام ئامۆژگاری دەكردم و دەیگوت: كچم نەكەی بە شەو بچیتە دەرەوە، خێوی سپی لێیە، دەتگرێت و دەتبات، ئیتر بەو شێوەیە گەورە بووین ...
هەواڵەكانی دەستدرێژیكردنی سێكسی بۆ سەر ئافرەتان هەوالێكی نوێ نییە، بەڵكو لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤایەتی ئەو دیاردەیە هەبوو و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە و بەتایبەتی دەستدرێژیكردن بۆ سەر كچانی تازە پێگەیشتوو و تەنانەت هەندێك جاریش مندالان و دەبێتە سەردێری هەواڵە گەرمەكانی رۆژ، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەراپۆرتێكدا پێناسەی دەستدرێژی بەم شێوەیە دەكات و دەڵێ:" بەشداریكردن لە پەیوەندی سێكسی توندوتیژانە و بە زۆرەملێ كە زیاتر لە لایەن پیاو بۆ سەر ئافرەت ئەنجام دەدرێت." هەروەها لە بەشێكی تری راپۆرتەكە دەڵی :" دەستدرێژی وشەیەكە كە كاریگەرییە وێرانكەرەكەی بۆ دەیان سال و یان بۆ چەندین وەچە دەمێنێتەوە، وشەیەك كە جەستە و دەروون وێران دەكات، كاتێك ئەو وشەیە بە بێ سزادان یان بێ بایەخ بمێنێتەوە، دەبێتە كولتورێكی گشتگیر كە تێبدا توندوتیژی دەبێتە رووداوێكی ئاسایی، ئەو كاتەیە ئافرەت بێ بایەخ و نەتەوەكان تووشی داماوی و شكان دەبن ."
وتەیەك هەیە دەڵی: ئێمە پێویستە پیاوەكان فێر بكەین پەلاماری ئافرەتان نەدەن، بەر لەوەی ئافرەتان فێر بكەین كە پارێزگاری لە خۆیان بكەن. بەدڵنیاییەوە ئەم شێوازە باشترین چارەسەرە بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، چونكە لە راستیدا نە بەردەكانی باوكم و نە خێوە سپییەكەی دایكم رزگارمان ناكات.

© 2017 Hawler