نیسان 24, 2018

سیامەند سیلکی

زۆر له‌مێژه‌ به‌رامبه‌ره‌کانی پارتی له‌چوارچێوه‌ی خیتابێکی خه‌یاڵی و ناواقعیانه‌دا هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیان ده‌ستپێکردووه‌. له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و خیتابه‌دا رۆژانه‌ ده‌یان تۆمه‌ت و بوختانی ناڕه‌وا ده‌درێته‌ پاڵ پارتی و سه‌دان به‌ڵێنی قه‌به ‌و گران و دوور له‌ئه‌قڵانیه‌تیش به‌خه‌ڵکی کوردستان ده‌درێت. پارتی له‌سۆنگه‌ی ڕێزگرتن له‌یاسا و پابه‌ند بوون به ‌ڕێنمایه‌کانی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌پێناو ئه‌وه‌ی هه‌م هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردنه‌کان و هه‌میش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌که‌ش و هه‌وایه‌کی ئارام و بێ کێشه‌دا به‌رێوه‌ بچن . دانی به‌خۆیدا گرتووه ‌و وه‌ڵامی به‌رامبه‌ره‌کانی نه‌داوه‌ته‌وه‌. دیاره‌ پارتی وه‌کو حزبێک که‌ خاوه‌نی رابردوویه‌کی پاک و مێژوویه‌کی پر له‌سه‌روه‌ریه‌ و، خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێکی دڵسۆز و نه‌گۆڕه‌، نه‌ ده‌چێته‌ نێو ئه‌و گه‌مه‌ ئیعلامیه‌ بێسه‌ر وبه‌ر و پڕ له‌چه‌واشه‌کاریه‌، نه‌ ئاماده‌شه‌ وه‌کو به‌رامبه‌ره‌کانی له‌پێناو کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ یاری به‌هه‌ست و سۆزی خه‌ڵکی کوردستان بکات. مێژووی پارتی و رابردووی پارتی لای دۆست و دوژمنان روون و خویایه‌، له‌خه‌باتی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی و نه‌ته‌وه‌ییدا، پارتی هێزێکی بێ رکابه‌ره ‌و قوربانی و سه‌روه‌ریه‌کانی له‌گه‌ڵ هیچ هێزێکی دیکه‌ به‌راورد ناکرێن. یه‌که‌م وێستگه‌ی خه‌باتی پارتی له‌پێناو رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا له‌رووبه‌روو بونه‌وه‌ی داگیرکه‌رانی عوسمانی ده‌ست پێ ده‌کات و دوا وێستگه‌ش ئه‌و داستانه‌ پڕ له‌فیداکاری و قاره‌مانێتیه‌ بوون که‌ له‌رووبه‌رووبونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش و هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبیدا تۆمارکران. له‌بواری حکومرانیشدا پارتی وه‌کو هێزی سه‌ره‌کی له‌حکومه‌تی هه‌رێم و باڵاده‌ست له‌هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆک نمونه‌یه‌کی باش و سه‌رکه‌وتوانه‌ی له‌ده‌سه‌لاتدارێتی پێشکه‌ش کردووه‌. له‌سه‌ر ده‌ستی نێچیرڤان بارزانی کوردستان له‌گۆندێکی وێرانه‌وه‌ بووه‌ وڵاتێکی ئاوه‌دان و پڕ له‌خێر و خۆشی. پێشکه‌وتن له‌هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا دروست بوو. خۆشگوزه‌رانی و ره‌فاهیه‌ت بۆ تاک و کۆمه‌ڵگای کوردستانی فه‌راهه‌مکرا. بۆ یه‌که‌مجار له‌مێژوودا نه‌وتی کوردستانی خۆماڵی کرا و گه‌یێنرایه‌ بازاڕه‌کانی جیهان. ده‌سکه‌وت و پێشکه‌وتنه‌کان له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا به‌ڕاده‌یه‌ک گه‌وره ‌و فراوان بوون، که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی دۆست و دوژمنانی کورد بوون. له‌بواریی ئه‌منیدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کوردستان له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ به‌دوژمن ده‌وره‌ دراوه‌، به‌ڵام دام و ده‌زگاکانی ئاسایشی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تی مه‌سرور بارزانی توانیویانه‌ سه‌ر و ماڵی کوردستانیان بپارێزن و کوردستان وه‌کو دورگه‌یه‌کی ئارام و بێ کێشه‌ له‌هه‌موو مه‌ترسیه‌ک به‌دوور بگرن. له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا له‌بواری خه‌باتی دیموکراسی و ئازادی بیروڕادا به‌کرده‌وه‌ هه‌موو ئازادیه‌کان بۆ تاک و کۆمه‌ڵگا و هێزه‌ سیاسیه‌کان مسۆگه‌ر و ده‌سته‌به‌رکراون. بێگومان له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ گرنگتر و به‌رچاوتریش هه‌ڵوێسته‌ نه‌گۆڕ و چه‌سپاوه‌کانی سه‌رۆک بارزانین له‌ئاست پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی گرێدراوی چاره‌نوس و ئاینده‌ی کوردن. سه‌رۆک بارزانی له‌ژێر هیچ گوشار و هه‌ڕه‌شه‌یه‌کدا ئاماده‌ نه‌بوو مساومه‌ له‌سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کانی کورد بکات، به‌رگری له‌قه‌واره‌ی فیدراڵی کرد و له‌رێگای ریفراندۆمه‌وه‌ کوردستانیه‌تی که‌رکوک و خانه‌قین و شنگال و مه‌خموری سه‌لماند و پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیش وه‌کو مافێکی ره‌وای کورد به‌دیکومێنتکرا، ئه‌مانه‌ هه‌موویان راستین و نه ‌دۆست نه ‌دوژمنانی کورد ناتوانن نکۆڵیان لێ بکه‌ن، بویه‌ نه ‌پێویست ده‌کات و نه‌جه‌ماوه‌ری پارتیش چاورێی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پرسانه‌ بخرێنه‌ ناو کارنامه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان، تا وه‌کو راستیه‌ک وه‌بیر جه‌ماوه‌ر بهێنرێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری پارتی ئاواتی بۆ ده‌خوازێت و به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ چاوەرێی ده‌کات، ئه‌وه‌یه‌ پارتی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌ندێ له‌و به‌رپرسه حزبی و حکومیانه‌ سزا بدات که‌ له‌رێنمایی و راسپارده‌کانی سه‌رۆک بارزانی درچوون و سه‌رپێچیشیان له‌و بنه‌ما به‌رزانه‌ کردووه‌ که ‌رێبازی بارزانی نه‌مر له‌سه‌ری بنیاتنراوه ‌و، کورسی به‌رپرسیارێتیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کارهێناوه‌ . جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی پارتی ته‌نها ئه‌مه‌یان ده‌وێت و خۆزگه‌ی بۆ ده‌خوازن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتی هه‌نگاوێکی له‌وشێوه‌یه‌ بهاوێژێت، ئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و جه‌ماوه‌ره دڵسۆزه‌ی له‌به‌ر هه‌ڵه‌ی هه‌ندێ به‌رپرس له‌پارتی دوورکه‌وتونه‌ته‌وه‌، به‌دلخۆشیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ باوه‌شی حزبه‌که‌یان و به‌شانازیشه‌وه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان و سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زن بۆ پارته‌که‌یان تۆمار ده‌که‌ن.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.