ئاب 05, 2020

بەهای زایەڵەی پێشمەرگە سەربەخۆییە

شوعلە رەسوڵ

بە کەرنەڤاڵی شانازی شاعیری گەورەی نیشتیمانپەروەر "حەمید قەڵادزەیی" دەستپێدەکەم:
هاتم، تا شنەی ( کەوێڵ ) ی سابڵاغم گەیاندەوە
ئاگری داخ و دەسماڵەکەی ( ئەحمەد ) م لە ئەژنۆی
شێرزادەکانی ( ئاراس ) ی ئومێد پێچاو بە شیوەنی
گۆڕستانەکەی مەولانام سپاردەوە، هاتم

مێژووی پڕ سەروەری تێکۆشەرانی کورد، بۆ رزگاریی نیشتیمان بەردەوام لە خەباتی بێ وچاندا بوون بە ناوی شۆڕشگێڕانی کورد، یان چەکدارانی فڵان سەرکردە، چەک هەڵگرانی فڵان شوێن، ناوزەد کراون. لە ساڵی ١٩٤٦ واتە ٧٤ ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، پێشەوا قازی نەمر، لەسەر پێشنیاری چایچییەکەی کە ناوی ( ئەحمەد ) بوو نازناوی پێشمەرگە بڕی بە باڵای قارەمانانی نیشتیماندا. لەو رۆژەوە ناوی پێشمەرگە بوو بە هێمای بەرخۆدان . پێشمەرگە تێکۆشانی بۆ ئازادی مرۆڤی کورد و سەرفرازی نیشتیمانە. هەست و بیری نەتەوەیی و ئینتیمای نیشتیمانی لە ناخ و لە خوێن و هزری دایە . لە کوێ جەستەی نیشتیمان ئازار بدرێ ئەو لەوێ هەتوانی جەستەی زامدارە. پێشمەرگە بۆتە سیمبوڵ بۆ نیشتیمان، بۆتە وێردی سەر زمانی جیهان .
دەخوازم، ئاواتمە، دەهزرێنم پاسپۆرتەکەم لەسەر بەرگەکەی نووسرابێ
کوردستان، پێشمەرگە ئیتر ئەوە چ شانازییەک دەبێ بڕۆم بگەڕێم وڵات بە وڵات چیرۆکی نەوتراوەی هەزار و یەک شەوەی تێکۆشان و خەباتتان بۆ سەربەخۆیی، دادپەروەری و مافی کورد بوونتان بپەیڤمەوە . ئێوە بوون شریخەی چەخماخە لە شەوی تارا دڵی تاریک پەرستانتان دەپسان.
ئێوە بوون داستان لە دوای داستانتان دەکردە ئاواز بۆ سەمفۆنیای سەربەخۆیی نیشتیمان. دەبوونە پەڵە هەوری ڕێژنەی باران بۆ چەکەرەی هیوا، هەم رووناکی خۆر بوون، هەم هەڵۆی دووندی چیای کوردستان . ئێوەی پێشمەرگە ئومێدن بۆ ژیان، بڕیارن بۆ مانەوە و نەسرەوتن ئەی هەڵۆی بەرزەفڕانی وڵاتم، هەڵگری ئاڵا و پارێزەری نیشتیمانم.
ئیوە بوونەتە شووناس لە فەزای قارەمانێتی و شۆڕشگێڕی و نەبەردی لە ئاسمانی بزاڤی ئازادیخوازانەی کوردستاندا دەدرەوشێنەوە. ئاوێنەی باڵا نومای نیشتیمانن، پشکۆی سوتێنەری جەستەی دوژمنی بێ ئامانن.
پێشمەرگە، لە بوونی گەلێکی ستەم دیدەدا، ئەو فاکتەیە بە هەرچی شێواز و رێباز و قوتابخانە و ئەنتۆلۆژی هەیە لە سۆنگەی لۆژیکەوە خوێندنەوەی بۆ بکات هێشتا لە دامێنی ئەو کێوە سەختەدایە کە سەربەخۆیی لە ئەوجی لووتکەی ئامانجی دایە، کە خوێنی خۆی دەبەخشێ بۆ مژدانەی کوردبوون و رەنگرێژی سنووری نیشتیمان لە نەخشەی دونیادا . ئەمەیە بەهای راستی زایەڵەی پێشمەرگە .
وەک مارکۆس ئۆرلێۆس دەڵێت؛ بەهای ڕاستی مرۆڤ دەبێت بەو ئامانجە پێوانە بکرێت کە بەدوایدا دەگەڕێت. ئامانجی پێشمەرگەش سەربەخۆییە .

© 2017 Hawler