تەمموز 10, 2020

دەوڵەتە حەپس كراوەكان، دەبنە پەندێك بۆ كورد؟

 

 

مەشخەڵ كەوڵۆسی

 

لەوەتەی كورد دەستی كردۆتە خەباتی ڕزگاری، بۆ ساردكردنەوەی لەئامانجە گەورەكەی، هەمیشە باس لە نەفرەتی جوگرافیا دەكرێت. هەمیشە دەگوترێت: كوردستان سەرزەمینێكی داخراوە، دەرچەی لەسەر دەریا نیە، بۆیە هەر جۆرە بیركردنەوەیەك لەدروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، جۆرێكە لەخۆكوشتن، چونكە داگیركەرەكانی كوردستان، بێ ئەوەی خۆیان ماندووبكەن، بەداخستنی سنورەكان و قوفڵ كردنی كوردستان، دەوڵەتەكە دەخنكێنن و كوردستان بەیەكجاری وێران دەكەن.

نەفرەتی جوگرافیا، لەناو وشیاری سیاسی كوردیدا، بووەتە مۆتەكە و فۆبیایەكی سەیر و هەرجۆرە لێدەربازبوونێكی زۆر سەختە یان نیە!. هەرجارێك بیرێك دەكەینەوە لەوەی دەرفەتێك بقۆزینەوە بۆ ڕزگاربوون لەنەفرەتی بێ دەوڵەتی، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی باس لەنەفرەتی جوگرافیا دێتە پێشەوە. لەساتەوەختی ڕیفراندۆمە پڕ شكۆكەی خەڵكی كوردستاندا، ئەو باسوخواسە زاڵترین بوو بۆ ساردكردنەوەی خەڵك و حیزبەكان لە ئەنجامدانی ڕاپرسی.

وەك دیارە ئەو كێشەیە، كێشەیەكی بێ چارەسەرە، نەفرەتی جوگرافیا قوڵترین گرێیەكە كە بەهیچ شێوەیەك چارەسەر ناكرێت و یاخی ترین كۆسپە لەبەردەم كورددا.. بەڵام ئایا ئەم كێشەیە بەو ئەندازەیە یاخییە كە كوردی تۆقاندووەو، وای لێكردووە بەمانەوەی یەكجاریی لەژێر دەستی داگیركەراندا ڕازی بێت و پاڵی لێ بداتەوە؟

پرسیاری سەرەكی ئەم كورتە شیكارە ئەوەیە: ئایا هەر كوردستان خاكێكی داخراوە؟ ئایا لەهیچ شوێنێكی تر وڵات هەیە سەربەخۆیی بەدەست هێنابێت بەبێ ئەوەی دەرچەی سەردەریایی هەبێت؟ ئایا چارەسەری نەبوونی دەرچەی دەریایی لە یاسای نێودەوڵەتیدا چۆن كراوە؟.

بۆ ئەوەی بەكورتی بیبڕینەوە، دەڵێم: لەمێژووی سیاسی جیهان و شۆڕشەكانی ڕزگاری نەتەوەییدا، هەرگیز نەبوونی دەرچەی سەردەریا نەبووەتە كێشە، بەڵكو زۆرێك لەوڵاتانی جیهان بەتایبەتی لە"ئاسیا، ئەفریقا، ئەوروپا" دروست بوون، سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێناوە، بەبێ ئەوەی دەرچەیان هەبێت لەسەر دەریا.

لەڕاستیدا لەكۆی وڵاتانی جیهان، 44 دەوڵەت لەجۆری كوردستانن كە هیچ دەرچەیەكیان بۆسەر دەریا نیە، لەو ژمارەیەش 16 لەئەفریقا، 14 لەئەورووپا و 12یان لەئاسیادان.

هەریەك لەوڵاتانی: بوتسوانا. بوركينا فاصو. كۆماری ئەفريقای ناوەڕاست، . چاد. ئیسيوبيا. ليسوتو. ملاوی. مالي. نيجر. رواندا. باشوری سودان. سوازيلند، ئوگەندا. زامبيا. زمبابوی. لەئەفریقا.

وڵاتانی: ئەفغانستان. ئەرمينيا. ئازەربيجان. بۆتان. لاوس. كازاخستان. قيرخيزستان. مەنگۆليا. نيپال. تاجيكستان. توركمانستان. ئۆزبەكستان. لەكیشوەری ئاسیا.

وڵاتانی: ئەندۆرا. نەمسا. بيلاروس. كۆماری چیك. هەنگاريا. ليختنشتاين. لۆكەسمبۆرگ. مەكدۆنيا. مۆڵدۆڤا. سان مارينو. صربيا. سلۆفاكيا. سويسرا. ڤاتیكان. لەكیشوەری ئەورووپا.

هەموو ئەو وڵاتانە داخراون و لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا بە "وڵاتانی حەپسكراو یان داخراو" ناودەبرێن، چونكە هیچ دەرچەیەكیان نیە بۆ سەر دەریا. بەڵكو لەهەموو لایەكەوە وشكانی دەوری داون.

هاوكات بۆ چارەسەری نەبوونی ڕیگەی سەر دەریا، یاسای نێودەوڵەتی ڕەچاوی داخراوی وڵاتانی كردووە، بۆ ئەو مەبەستە "بەكرێ گرتنی بەندەرەكان" بەگوێرەی ڕێككەوتنی دوو قۆڵی و بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، وای كردووە وڵاتانی داخراویش نەخنكێن و سنوریان لێ دانەخرێت.

دواجار دەڵێم: داخرانی خاك، هێندە گرێكوێرەیەكی ئاڵۆزنیە كە كورد لێی تێگەیشتووە. بەڵكو بەئاسانترین شێوە نەتەوەكانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە. لەبری بێ ئومێدبوون، بووەتە هۆی دروستكردنی دەوڵەتانێكی نەتەوەیی سەربەخۆ. كە شانبەشانی دەوڵەتانی خاوەن دەرچەی دەریایی پێشكەوتوون و لەمێژوو دانەبڕاون.




© 2017 Hawler