تەمموز 10, 2020

 
حەمەسەعید حەسەن
هونەری ڕاوەژن کە یەکەمین کۆمەڵە ساتیرەچیرۆکی کوردییە، بەندەی گوێڕایەڵتان نووسیویەتی و کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکان (ڕەحمان)ی ناوە. مایەی داخە ڕەحمانی قارەمانی ئەو چیرۆکانە، بە ڕووداوێکی دڵتەزێن، پەپوولەی ڕۆحی پاکژی بۆ ئاسمانی بەرین هەڵفڕی، بەڵام چونکە ڕەحمان لە کورد نابڕێت، نیازم وایە چەند کورتە ساتیرەچیرۆکێکی دیکە، لەسەر ڕەحمانێکی تر بنووسم، کە ئەمیش هەر سوێدنشینە.
چونکە (هونەری نووسینی چیرۆک) کە یەکەمین کتێبە لەو بوارەدا بە زمانی شیرینی کوردی نووسرابێت، بەرهەمی خامەی نووسەری ئەم ساتیرەچیرۆکەیە، بۆیە دەزانم، هونەری نووسینی چیرۆک وا دەخوازێت، نووسەر ڕاستەوخۆ باسی کارەکتەرەکانی نەکات، بەڵکوو قووڵ بە ناخیاندا ڕۆ بچێت و لەڕێی خەون، خەیاڵ، هیوا، بیرکردنەوە و ڕەوتاریانەوە بیانناسێنێت. گێلایەتی ئەوەی باشە، ئەوی گێل بێت، خۆی دەرکی پێ ناکات. گێلایەتیی کارەکتەر بۆ تەنزنووس لایەنێکی گەشە و سەرچاوەی ئیلهامە، ئاخر تەنز بەبێ قارەمانی گێل دروست نابێت.
ڕەحمانی تازە چەند (ساڵێک) خەباتی دەکرد تا ژنێکی لە کوردستانەوە دەگەیاندە سوێد، بەڵام دوای چەند (مانگێک) ژنە لێی جیا دەبووەوە. ئاخرین ژنی، شەوێکیان ویستبووی ماڵەکەی بۆ بەجێ بهێڵێت، ئەمیش دەرگەی ژووری نووستنی لەسەر داخسبوو. لە سوێد ئەگەر لێ نەگەڕێیت ژنەکەت لە ماڵ بچێتە دەر، تاوانێکە لە چەشنی ڕفاندنی کەسێک و دەکەوێتە خانەی زەوتکردنی ئازادییەوە. ژنەی لە ژووردا زیندانیکراو، ئی مەیڵێک بۆ پۆلیس دەنێرێت، هێندە نابات، دێن ڕەحمان بە قۆڵبەستراوی دەبەن و دواتر بە ساڵێک بەندکردن حوکم دەدرێت. زیندانی بەر لەوەی ماوەی حوکمەکەی تەواو ببێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵدا ئاشت ببێتەوە، لێ دەگەڕێن ناوبەناو سەردانی کورتی ئەم یان ئەو ناسیاوی بکات. ڕەحمان چونکە لە سوێد هاوشاریم بوو، جارێک لە زیندانەوە هات بۆ لای من. هاوین بوو، پێکەوە چووینە کەناری گۆلێک بۆ برژاندنی گۆشت.
لە گەڕانەوەدا بەر لەوەی سواری سەیارەکە ببێت، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشام، هاوینە و تایەی زستانەم نەگۆڕیوە، ئەوەیش سەرپێچیکردنە لە یاسا! ئەو سەرپێچییە سزاکەی پەنجا دۆلارێکە، وەک سزای ئەوەی ئۆتۆمۆبیلەکەت خراپ ڕاگرتبێت. منیش کە بۆ قسە دانامێنم، پێم گوت: جا کوڕی باش کە هێندە ملکەچی یاسایت، ئەدی چی دەکەیت لە بەندیخانە!

 

© 2017 Hawler