تەمموز 10, 2020

پشکۆ نەجمەدین

 

ئەزموونی نووسین
12
مارکیز دەیگێڕێتەوە:
بەڵێ، هەموو ڕۆمانەکانم خوێندنەوە، لە ئینجیلەوە کە گێڕانەوەی ڕووداوی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشی تێدایە هەتا کتێب و ڕۆمانە زۆروزەوەندەکانی دیکەش. من لەو سەردەمەدا، هەموو شتێکم لەپێناوی خوێندنەوەدا وەلا نا، هەتا خویندنی فێرکارییەکانی "ماف"یش لە زانستگە! چ کارێکم نەدەکرد، تەنیا خوێندنەوەی کتێب و ڕۆمانەکان!
من باسی کارکردەکانی شیعر و ئەدەبیاتم لەسەر ئەزموونی نووسینی خۆم کرد. ئەگەر کەسێک بە دیقەتەوە لە ڕۆمانی "پاییزی پاتریریک" بڕوانێت، کە من ڕێک وەکوو قەسیدەیەکی پەخشانئامێز نووسیومە!
ئەم ڕۆمانە، چەندین دێڕەشیعری "ڕۆبین داریۆ"ی لەخۆ گرتووە و نیگاگەلێکی بۆ خوێنەرە زیرەکەکانی "ڕۆبین" تێدایە.
هەر لەم ڕۆمانەدا، وێنەیەکی شیعریی هەیە، کە زۆر جاران بە هەڵە تەفسیر دەکرێت، تێکستەکە دەڵێ: (لە دەستسڕە سپییەکەتدا، بە پیتی سوور، ناوێک چنراوە، ناوی تۆ نییە، هێژایێ من!)
دیارە من، جگە لە کتێبەکانی شیعر و ڕۆمان، کتێبگەلێکی دیکە دەخوێنمەوە، نە بەخاتری گرنگیی نێوەڕۆکە ئەدەبییەکانیان، بەڵکە لەبەر گرنگیی مژارە دیکۆمێتارییەکانیان.. بۆ نموونە، یادەوەریی کەسە بەناوبانگ و بەنامێکان، هەتا ئەگەر درۆودەلەسەشیان تێدابێت! هەروەها بیۆگرافی و بەدواداچوونە ڕۆژنامەگەرییەکانیش.
دەبێ بڵێم کە هەندەک کارلێکردنیش لەسەر ئەزموونی نووسینی من، لە دەرەوەی ئەدەب و خوێندنەوە و ڕۆشنبیریش، هەن کە دەکرێ قسەیان لێ بکەم، بۆ نموونە داپیرەم کە لە زۆر شوێن و بواردا، باسم لە کارکردە کاربڕەکانی لەسەر بەرهەمەکانم کردووە.
ئەو ژنێکی لێوانڕێژ لە بیرۆکە و بڕوادار بە خورافات بوو. ئەو ئێوارە و شەوان، بە حیکایەتەکانی ئەودیوی گۆڕ و گۆڕستانەوە، ترسی لە مندا دەورووژاند!
باپیرەم.. ئەویش چیرۆکی هەموو ئەو جەنگانەی بەشداریی تێدا کردبوون، بۆمی دەگێڕانەوە. ئاخر بەشێکی پاڵەوانە دیار و بەرچاوەکانی ڕۆمانەکانم، بەشێکی ئەویان پێوەیە!
داپیرە و باپیرە، هەردووکیان، لە "گالیسیا"وە شۆڕبوونەتەوە، ئەوێ کە سەرچاوەی حیکایەتگەلێکی ئەفسانەیییە! ئەوان چیرۆکەکانی ئەودیوی سروشتیان لەوێوە بۆ من دەگێڕایەوە و ئەمەش شتێکی زۆر تایبەتی دانیشتووانی گالیسیایە. گالیسیاش بەجۆرێک هەر میراتی ئافریکایە. ئاخر کەناراوەکانی کۆڵۆمبیا، کە هەر دەکەوێتە سەر ڕۆخی زەریای کاریبی، زایەنگەی منە و لەگەڵ وەڵاتی بەرازیلدا، کە بەشێکی ئەمریکای لاتین پێک دەهێنن، مرۆڤ هەست بە کارکردی ئێجگار گەورەی کۆمەڵی ئەفریکایی و حیکایەتەکانیان دەکات.

© 2017 Hawler