تەمموز 10, 2020

شکاندنی بەستەڵەکی نێوان دوو پایتەختی ناو قەیران

‎هاودەنگ فاروق

ئیرادەی سیاسی بۆ حکومڕانیی باش و ئیدارەی قەیران، ڕۆڵێکی گرینگی هەیە، لە پێناوی مانەوەی گەل و وڵات، ڕووبەڕووبونەوەی دۆخی نالەباری تەندرووستی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بۆ دەربازبوون و گەیشتن بە سەرکەوتن، پێویستی بە سیاسەتی ژیرانە و ئارمگری و بەردەوامبوون هەیە، لێرەدا بەرپرسیارێتیی مێژوویی سەرکردەی سیاسی ڕۆڵ دەبینێ، کە چۆن دەتوانیت بۆ مێژوو وئایندەیەکی گەش کار بکەیت. لە سەردەمی حکومڕانێتیی کوردیدا، ڕەنگە یەکەم جار بێت، کوردستان بەم دۆخە یەکجار سەختەی ئابووری و تەندرووستیدا تێپەڕ بووبێت، کێشەکان هەمەلایەنەن، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە ڕووی ئابووری و تەندرووستی و ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆییەوە، دووچاری یەکێک لە قۆناغە دەگمەنە مێژووییە هەرە سەختەکان بووەوە، بەڵام سەرباری خۆدزینەوەی حزبەکان لە بەرپرسیارێتی و ئاستەنگ درووستکردن لە بەردەم حکوومەت، توانی سەرکەوتوانە ڕووبەڕووی قەیرانی سەختی پەتای "کۆڕۆنا" و دۆخی نالەباری ئابووری ببێتەوە. لەم کاتە هەستیارەدا سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک سەرکردەیەکی سیاسیی بەئەزمون و یاریکارێکی کارزانی دیپلۆماسی ڕۆڵێکی زۆر گرینگ و کاریگەرانەی دەبێت لە ڕەخساندنی زەمینە و زەمانی دانوستانێکی جیددی و سەرەتای چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوو پایتەختی ناو قەیران:(هەولێر – بەغدا). ئەم سەردانە لە وەختێکدایە، شاندی حکوومەتی کوردستانیش بە ئەجێندایەکی نوێ و پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەوە دەچێتە بەغدا و ئامادەسازی دەکات بۆ دانوستان و ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستووری عێراق. ئەم تەنگژەی نێوان( هەولێرو بەغدا) کێشەی کەڵەکەبووی ساڵەهایە، بۆ تواندنەوەی ئەو بەستەڵەكە سیاسیە و چارەسەری کێشەکان، پێویستی بە حیكمەتی نێچیرڤان بارزانییە كە لە قوتابخانەی پڕ ئەزموون و شانازیی سەرۆک مەسعود بارزانیدا پەروەردە بووە و شارەزای كەلێن و كەلەبەرەكانی سیاسەت و تەكنیك و تاكتیكەكانی بواری دانوستان و دیپلۆماسییەتە، لە ژێر تیشك و ڕووناكایی ئەزموونی چەند ساڵ حوكمڕانیدا، بە دڵنیاییەوە دەتوانێ ئەمجارەیش لە گێژەنی قەیرانەكانەوە كۆمەڵێك دەسكەوتی باش بۆ هەرێمی کوردستان و میللەتەكەی دەستەبەر بكات و کەشتیی سیاسەتی كوردستان بگەیەنێتەوە كەناری ئارامی.

© 2017 Hawler