تەمموز 09, 2020

ئایا "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو؟"

قەرەنی قادری

بیرکاری دەڵێت: "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو" (٢=١+١). ئەم هاوکێشەیە لێرەدا کۆتایی پێ دێت و، ڕوونکردنەوەکەیش هەر ئەوەندەیە و بەس. ئەمە وڵامێکی دروست و کورتە. بیرکاری لێرەدا قسەیەکی زیاتری پێ نییە، چونکە باسەکە چەندایەتی (ژمارە)یە نەک چۆنایەتی!
بەڵام ئاخۆ لە مەیدانی سیاسەت، جەنگ و ئەمنیدا ئەمە دروستە؟ بەڵێ، تەنیا لە باری چەندایەتی (ژمارە)وە دروستە، چونکە یەکسانن، بەڵام لە بواری چۆنایەتییەوە دروست نییە و ئاکام و شتی تری بەدوادا دێت. ئەگەر تەنیا بەپێی مەنتقی وشکی بیرکاری کە دەڵێت "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو" ڕەفتار بکەین، یان بیر لە یه‌كسانیی هێز بکەینەوە و شتەکان لێک بدەینەوە، سەرکەوتن مسۆگەر نابێت!
سەد پێشمەرگە و سەد هێزی چەکداری دوژمن، یه‌كسانه‌ بە دوو سەد؛ ئەم دوو سەدەیش تەنیا ژمارەیە و بەس، واتە تەنیا بە ژمارە یەکسانن. لێرەدا با یه‌كسانیش بن، بەڵام لە کردەوەدا ئەوە ژمارە نییە کە دەیباتەوە، بەڵکوو ئەوە توانایی، کەرەسە، دەرفەت، فەرماندەی لێزان، وریا و لێهاتوو، "خوێندنەوەی هێزی خۆت و دوژمن، یان ئاگاداربوون لە خاڵی بەهێز و لاوازی خۆت و دوژمن"، هەروەها ئاستی ڕاهێنراویی کەسەکانە کە دەتوانێت هاوکێشەی چەندایەتیی "یەک کۆ یەک، یەکسانە بە دوو" تێک بدات و هاوکێشەی چۆنایەتی زەق بکاتەوە. بیرکاری زیاتر لە "یەکسان"، ناتوانێت شتێکی تری پێ بێت. بۆیە لە گۆڕەپانی سیاسەت، ئەمنی و جەنگدا، یەک کۆ یەک، یەکسان نییە بە دوو، چونکە باسه‌كه‌ له‌سه‌ر چۆنایەتییە. هێزی بە ژمارە کەمتر، دەتوانێت هێزی بە ژمارە زۆرتر تێک بشکێنێت کە یه‌كسانیش نین!
٢ هەزار و ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، "سوون تزوو" (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز) جه‌نه‌ڕاڵی فەیلەسووف و نووسەری کتێبی "هونەری جەنگ"، لە مەیدانی جەنگ و تیۆریدا پێی وا بوو کە زۆریی هێزی دوژمن تەنیا ژمارەیە و، ئەمەیش هۆکار نییە بۆ سەرکەوتن؛ هەروەها هەوڵیشی نەدا کە لە مەیدانی جەنگدا بەپێی مه‌نتقی بیرکاری بجه‌نگێت، بەڵکوو جەختی لە وریایی، خوێندنەوەی وردی دوژمن، تاکتیکی گونجاو و بیری لە دۆزینەوەی خاڵی لاوازی دوژمن دەکردەوە و ڕووبەڕووی خاڵی بەهێزی دوژمنیش نەدەبووەوە. سوون تزوو لە شەڕێکی مێژووییدا توانی به‌ لەشکرێکی ٣٠ هە‌زار کەسی، لەشکری ٢٠٠ هەزار کە‌سیی سوپای دوژمن تێک بشکێنێت. ئەو فەرماندە فەیلەسووفە، لەو شەڕەدا توانی هاوکێشەی چۆنایەتی (Quality) بەسەر چەندایەتی (Quantity/ ژماره‌)دا زاڵ بکات.
نزیک بە ٦٥٠ ساڵ دوای سوون تزوو، "سائۆ سائۆ" (کائۆ کائۆ ١٥٥-٢٢٠ی زایینی، سەرۆکوەزیرانی بنەماڵەی هانی ڕۆژهەڵات و دامەزرێنەری "پاشایەتیی وۆ" کە بە "سوڵتانی جەنگ"یش ناوی دەبرێت)، هەر بە پێڕه‌ویكردن لە هزری سوون تزوو، ئەویش زۆریی هێزی دوژمنی بە ژمارە ناو دەبرد و لە مەیدانی جەنگدا بڕوای بە مەنتقی وشکی بیرکاری یان هەوڵدان بۆ یەکسانیی هێز نەدەکردەوە، یان ئەگەر ژمارەی دوژمن زۆر بایە ڕووبەڕووی نەدەبووەوە. کائۆ کائۆ لە جەنگێکی مێژووییدا، توانی بە ٧٥ هەزار سەرباز و فەرماندەی وشیار و لێهاتوو، هێزی ٧٥٠ هەزار کەسیی دوژمنەکەی تێک بشکێنێت!
"ژووگێ لیانگ" (١٨١-٢٣٤ی زایینی)، ناسراو بە "وۆلۆنگ"، "ئەژدیهای خەوتوو"، سەرۆکوەزیران و گەورەترین ستراتیژیستی سه‌ربازیی سەردەمی خۆی لە مێژووی چیندا دەڵێت: "ئەگەر سەربازەکان ڕاهێنانی باشیان پێ بکرێت، یەک سەرباز دەتوانێت سەدان سەربازی دوژمن ببەزێنێت و بەسەریدا زاڵ بێت." ئەو ئاڵوگۆڕە لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی، نەک تەنیا لە مەیدانی جەنگدا، بەڵکوو بەدڵنیایییەوە، دەکرێت لە بواری کار و کارگێڕی، هەروەها لە هونەری بەڕێوەبەرایەتیدا کەڵکی لێ وەربگیرێت و ببێتە سیستەمی کارکردن و بیرکردنەوە. بۆ نموونە ڕاهێنانی کارمەندان یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی دامەزراوەیەک لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بێت و، هەروەها خاوەنی باشترین بەرهەمیش بێت. ئەوەیش پەیوەندیی بە وەگەڕخستنی توانای تاکەکانەوە هه‌یه‌ و، لە ناوەڕۆکی خۆیدا ئاره‌زوو و حه‌ز و مه‌یلی کاركردن و بەرپرسیارێتی لەناو کارمەنداندا دەخوڵقێنێت، هەروەها کەلتووری کار و ئەخلاقی کاریش بەهێز دەکات و، لە هەمان کاتیشدا دیسپلین و ڕێكوپێكی لە کاردا دێنێته‌ دی.
لە بری فەرماندەی لێهاتوو و لێوەشاوە، دەکرێت لە دامودەزگەکانی حکوومەت و، كۆمپانیا ئابووری و بازرگانییەکاندا بیر لە بەڕێوەبەری لێهاتوو، لێوەشاوه‌، زیرەک و وریا بکرێتەوە، کە چۆن لە مەیدانی کاردا، ڕێکخەر، بڕیاردەر و وه‌ڵامدەر بێت و سیستەمی کارەکەیشی لەسەر بنەمای ئاسۆیی ڕێک بخات و دەوری یەکلاکەرەوەیش بگێڕێت.
لە مەیدانی کار و کارگێڕییشدا هەر وایە؛ ئەگەر دامەزراوەیەک بە سەد کەس کار دەکات (زۆری و بۆری)، دەکرێت بیر لەوەیش بکرێتەوە کە لە بری ١٠٠ کەس، بە کەمتر لە ٥٠ کەسیش بتوانرێ کارەکان ڕاپەڕێندرێن؛ بەو مەرجەی، شێوازی ڕێکخستن لە ستوونییەوە بۆ ئاسۆیی بگۆڕدرێت، هەروەها ڕاهێنانی بەردەوام بە ٥٠ کارمەندەکەیش ئەو توانایەیان پێ دەبەخشێت کە کاری سەدان کرێکار بکەن ئەویش بە چۆنایەتییەکی بەرزەوە. لەو شێوە ڕێکخستنەدا، کارمەندان دەبنە بەشێک لە پرۆسەی کار و بڕیاردان. ئەم چەشنە لە بیرکردنەوە و کارکردنە، دەتوانێت بەر بە گەندەڵی، دزی، چێکردنی لەشکری بندیوار و بەفیڕۆدانی سامانی وڵات بگرێت و، کۆمەڵگە بەرەو گەشەسەندن ڕێنوێنی بکات.
لە بیرکاریدا، وڵامەکە ڕوانگەی چەندایەتیی هەیە، بەڵام لە سیاسەت و جەنگدا گەرچی ژمارە گرینگە و بەشێکە لە ئامار، ڕوانگەکە چۆنایەتییە، کە ئەویش خۆی لە وریایی، خۆگونجاندن، ستراتیژی، خوێندنەوەی هێزی دوژمن و خۆی، هەروەها دەستنیشانکردنی خاڵی بەهێز و لاوازی خۆی و دوژمنەکەیدا دەبینێتەوە. ئەوە چۆنایەتییە کە بەسەر ژمارەدا زاڵ دەبێت و هاوکێشەکە لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی دەگۆڕێت. بۆیە لەو بوارانەدا، یەک کۆ یەک، یەکسان نییە بە دوو، چونکە چۆنایەتییەکە هاوکێشەکە تێک دەدا. دەکرێت ئەو شێوە لە کارکردن و ئیدارەدانە، بە ململانێی هزرەکانیش ناوی ببەین، چونکە بنەماکە لەسەر وەگەڕخستنی عەقڵ و لێکدانەوە دادەمەزرێنێت و کیبەرکێی بێغەشیش، دامەزراوە و وڵات بەرەو پێشه‌وه‌ دەبات!

© 2017 Hawler