ئاب 11, 2020

مەشخەڵ كەوڵۆسی*

 

دەمەوێ لەم كورتە وتارەدا زۆر بەڕوونی و بێ ڕتوش، تەنانەت بەبێ بەكارهێنانی ئەدەبیاتی باو، قسە بكەم و تاوتوێی پرسێك بكەم كە وەكو جۆرێك لەگرێی دەرونی، یان زیادەڕەوی، یاخود فۆبیایەكی كوشندە خۆی دەنوێنێت. ئەویش زیادەڕەوی كردنە لە تواناكانی پارتیدا یان لەكاریگەری پارتیدا.
لەهەر پارچەیەكی كوردستان، پرسێك هەبێت، میدیاو سیاسەتی كوردی، جەمسەرێكی كێشەكە دێننەوە بۆلای پارتی. بۆنمونە كێشەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، یان باشوری كوردستان. كێشەكانی حوكم و گەشەی وڵات..هتد. تەواوی دیاردەكانی ژیان لەژێر هەژموونی پارتیدایە!.
نوسەران و ڕەخنەگران، سیاسییەكانی ئەم هەرێمە چوار شارییەی ئێمە، تەنانەت ئەوانەش كە دەچنە هەندەران، لەگەڵ فۆبیایەك دەژین كە دەتوانم ناوی بنێم "فۆبیای پارتی".
لەكاتێكدا جەمسەرێك یان زیاتری تەواوی كایەكان، پارتی تیایدا ئامادەگی هەبێت. یان وا بانگەشەی بۆ بكرێت كەپارتی تیایدا حزوری هەیە، ئیتر ئێمە وەك چاودێر و نوسەرێكی كنەكار دەكەوینە بەردەم پرسیارێكی مەنهەجی كە چەندین لێكەوتەی جۆراوجۆری هەیە. پرسیارەكە دەڵێت: ئایا هەر بەڕاستی پارتی ئەو هەموو تواناو هەژمونەی هەیە كە نەیارەكانی باسی دەكەن؟ یان ئەوەی ئەوان دەیڵێن زیادەڕەوییە و بۆ خەڵەتاندنی خەڵك و هەڵواسینی شكستەكانیانە بەو حیزبەدا؟.
وەڵامی ئەو پرسیارە هەرچی بێت، بێگومان خەیاڵی زۆرێك لەتوێژەران و چاودێران بۆ پرسی "جەنگی دەرونی" پەلكێش دەبێت. یەكێك لەستراتیژە سیاسی و دەرونییەكان لە ململانێی سیاسیدا، ئەوەیە كە مرۆڤ بۆ جۆشدانی لایەنگرەكانی، پەنا دەباتە بەر گەورەكردنی بەرانبەر و مەترسییەكانی.
لەشەڕی سایكۆلۆژیدا بەشێوەیەكی چڕو پڕ ئەو ستراتیژە بەكار دەهێنرێت، تاڕادەی دروستكردنی دوژمنی وەهمی، بەوەی قەوارەیەكی سیاسی و یاسایی دیاریكراو پەنا دەباتە بەر بچوككردنەوەی تواناكانی خۆی، تەنها بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت مەترسی بەرانبەرەكەی زۆر گەورەیە.
لەكتێبی "چاوبەست و هەڵخەڵەتاندن لەجەنگی كەنداو"دا، نوسەر دەیان نمونە لەسەر ئەو ستراتیژە دەرونییە ئاماژە پێدەدات، بەوردی ئەو ستراتیژە شی دەكاتەوە كەلە شەڕی كەنداوی دووەم "گەردەلولی بیابان 1991" ئەمریكاییەكان لەدژی عێراق پێڕەویان دەكرد.
ئەگەرچی زۆر بەڕوونی هەمان ڕێكاری دەرونی لەئێستادا لەدژی ئێران پێڕەو دەكەن، بەڵام یەكێك لەنمونەكان شیاوی ئاماژە پێدانە. نوسەر دەڵێت: " لە یەكێك لەو كۆنگرە زۆرانەی كە بۆ چارەسەری پرسی داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە ڕێكدەخرا، جۆرج بۆشی باوك بەشدار دەبێت، لەواشنتۆنەوە بۆ نیویۆرك گەشت دەكات و، لەكاتی دابەزین لە فڕۆكەكە، جانتای یەكێك لە هاوكارەكانیی تیمەكەی بۆش دەكرێتەوەو لەبەرچاوی كامێراكاندا دەمامكێكی دژە گازی كیمیاوی لێدەكەوێتە خوارەوە، ڕۆژنامەنووسەكان دەپرسن بۆچی دەمامك لەناو جانتای سەرۆكدایە، بۆش لەوەڵامدا بەڕۆژنامەنووسان دەڵێت: نەوەك عێراق چەكی كیمیاوی لەدژی نیویۆرك بەكاربێنێت، پێویستە هەموو ئەمریكاییەك دەمامك لەگەڵ خۆی هەڵگرێت"!.
لەگەورەكردنی تواناكانی بەرانبەردا، دوو ئامانجی سەرەكی هەیە:
یەكەم: توندوتۆڵكردنی بەرەی ناوخۆ، تاكو لەبەرانبەر ئەو ڕكابەرەدا یەكگرتووبن و هەمیشە هۆكارێك هەبێت بۆ دژایەتی كردنی.
دووەم: تاكو لایەنی گەورەكراو سەرسام بێت بەتواناكانی خۆی و وابزانێت هەر بەڕاستی ئەوەندە گەورەیە و، لەئەنجامدا هەڵەی زۆر لە مەزەندەكاری و بڕیارەكانیدا بكات و وەك ئەوەی عێراق كردی، واتە خۆی لێ ببوە شێری گۆڕەپانەكە، سەرەڕۆیی زیاتر بكات.
بۆیە پێم وایە ئەو دیاردەیەی بەچڕی بڵاوبووتەوە" فۆبیای پارتی" یان پارتی وەك دوژمنێكی وەهمی، ئەوەندەی بۆ هاندانی پارتییە تاكو هەڵەی ستراتیژی لە مەزەندەكاری و بڕیارەكانیدا بكات، نیو ئەوەندە مانای بچوكی بەرانبەرەكانی پارتی نیە.
* سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد

© 2017 Hawler