ئاب 11, 2020

دژایەتیکردنی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ؟!..

سالار عوسمان

 

ھەر ئەمڕۆ نییە، وەبیرمە لە دامەزراندنی یەکەمین کابینەی حكوومەتەوە تا ئێستا خەڵکانێک دژی حكوومەتی ھەرێمی کوردستانن، لێ ھەر قۆناغە و بە جۆر و ڕەنگ و نەغمەیەک، ئەو کات، مەبەستم کابینەی یەکەمە، پتر ئەو جاش و بەعسییە لە بەرژەوەندیدراوانە دژایەتی حكوومەتی کوردستانیان دەکرد، کە شوێنکاتی حكوومەتی ھەرێمی کوردستانیان بە شوێنکاتی خۆیان نەدەزانی و پێیانوابوو، کە ڕاپەڕین شوێنوونی کردوون و ئیتر کات بۆ ئەوان ئەرزشێکی نەماوە و جارجارە، لە پەنای پرس و کەلێن و کەموکوڕیی و گازاندەیەکەوە، بە دەنگی لەرزۆک و سەری کزەوە ڕقیان ھەڵدەڕشت و دژایەتی حكوومەتی کوردستانیان دەکرد!..
کابینە دوای کابینە، حكوومەتی ھەرێمی کوردستان ناحەز، دژ و دوژمنی ھەر ھەبووە و لە بەرامبەریشدا میللەت، قایم و بڕواپتەو، وەک چیا پشتیوانی لە حكوومەتی کوردستان کردووە و لەو نێوەندەیشدا خەڵکانێکی دڵسۆز ھەبوون و ھەن، کە بەردەوام ڕەخنەیان گرتووە و پێیانوایە ڕەخنە بەشێکە لە دروستکردن و بە کورتی دەستی حكوومەتی ھەرێمی کوردستانیان گرتووە بۆ چاکەی گشتی!. کەواتە ئێستا ئێمە لەبەردەم سێ جۆر لە خەڵکداین، یەکەم دژەکانی حكوومەت، دووەم پشتیوانانی حكوومەت و ھی سێیەمیش ڕەخنەگران، لەو نێوەندەیشدا جۆرێک لە لێڵی و ھەندێ جاریش جۆرێک لە تێکەڵکردنی بەئەنقەست ھەیە، کە بەرھەمی بێ گفتوگۆیی و لێکحاڵینەبوونە، گفتوگۆ بە مانا زانستی و نیشتیمانییەکەی.
بێینە سەر ئێستا و ئەم قۆناغە، ئەوەی ئێستا لە دژی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، ڕەخنە نییە، چونکە وەک پێشتر گوتمان ڕەخنە بەشێکە لە دروستکردن، ئاخر:
- جنێودان و سوکایەتیکردن بە ڕەمز و بەھاکان، ڕوخاندنی قیەمەکانی پەروەردەیە نەک دروستکردن!..
- لێکھەڵوەشاندنەوەی سەوابتە نیشتیمانییەکان، ڕوخاندنی کۆڵەکەکانی نیشتیمانە نەک دروستکردن!..
- تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لەبەینبردنی متمانەی کۆمەڵایەتییە نەک دروستکردن!..
- ھەڵدانەوەی قەتماغەی برینەکان، چاندنی تۆی دووبەرەکی، قسەکردنی بەردەوام لەسەر دوو ئیدارەیی، دوو ھەرێمی، گەڕانەوە بۆ بەغدا، گورزلێدانە لە دەسکەوتی بەخوێن وەدیھاتووی نەتەوەیەک نەک دروستکردن و بنیاتنان!..
- دنەدانی گەنجان و پەروەردەکردنیان لەسەر دژایەتیکردنی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو حكوومەتەی بە دەنگی خەڵک ھاتووە و ھەمووان پێی ڕازیبوون، ئەو حكوومەتەی متمانەی زۆرترین دەنگی ھاوڵاتیانی پێیە، کە خۆی لە دەنگی ھەر سێ پارتە سەرەکییەکەی کوردستان: پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەرجەستە دەکات، بەڵێ ئەو جۆرە پەروەردەیە، خەنجەروەشانە لە دەنگی گەل، لە دیموکراسی، لە سازان و بەیەکەوەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی!..
- برای ھاوبەش و بەشدار لە حكوومەت، بەگەڕخستنی پارە و پلان و ئیعلامی فرەچەشن لە دژایەتی حكوومەتێک، کە خۆت بەشداری تیایا و سەرت خستۆتە سەر کێکەکەی، جۆرێکە لە ناڕاستگۆیی، جۆرێکە لە نابەرپرسییەتی و ئیتر خەڵک لەوە ھۆشیارترە حوکمڕانی ڕاستگۆ و ناڕاستگۆ، ئەوەی شان دەداتە بەر مەسئولییەت و ئەوەیش، کە لە مەسئولییەت ڕادەکات بەیەکچاو سەیر بکات، بەکورتی ئاییندەی وڵات بۆ ئەوانەیە، کە شان دەدەنە بەر بەرپرسیەتی، ئەوانەی لە جەنگدا گیان دەبەخشن و لە قەیراندا چارەسەر پێشکەیش دەکەن و لە زەمەنی کۆڕۆنایشدا بە کردەیی نەک بەقسە لە خەمی تەندروستیی ھاوڵاتیاندان و سەربەرزانەیش حكوومەتی بە دیموکراسیی ھاتووی وڵاتی خۆیان دەپارێزن!..
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت دژایەتی حكوومەتە بە تامی ناڕاستگۆیی، بە تامی ڕاکردن لە مەسئولییەت، بە تامی بنکۆڵکردنی نیشتیمان، بۆیە دەبێ وەڵام بدرێنەوە، وەڵامێک وورد و ڕوون و ڕاشکاو، وەڵامێک نیشتیمان کۆکاتەوە نەک وەک ئەوان پارچەپارچەی بکات!. وەڵامێک لەسەر ھیچ ناحەقییەک پاز نەدات و دەمکوتی ئەوانەیش بکات، کە بەئاگا یان بێئاگا، قورمیشکراو یان جاھیلانە، دژایەتیکردنەکانیان دەچێتە نێو گیرفانی دوژمنانەوە!.
.............
تیبینی: پێشتر، بەرلەوەی بەھۆی کۆڕۆناوە لەیەکتر دابڕێین، زنجیرە وتارێکمان بە نێوی (مرۆڤ و کامێرا، پێوەندییەکی قسەھەڵگر) دەنووسی، کە گەیشتە شەشەمین ئەڵقە و ھێشتا تەواو نەبووە، لە دەرفەتێکی گونجاودا لە خزمەتتانا بە دوماهی دێنین، ببوورن!..

© 2017 Hawler