تشرینی یەکەم 16, 2018

پرسه‌ی دلۆڤان بارزانی ده‌رفه‌تێکی زێڕینی ڕه‌خساندووه‌

سیامەند سێلکی

دلۆڤان ئیدریس مسته‌فا بارزانی، له‌ته‌مه‌نێکی زوودا مالئاوایی له‌ژیان کرد و چووه‌ به‌ر دلۆڤانی خودای مه‌زن. ئه‌مه‌ بۆ ماڵباتی سه‌ربه‌رز و ئازادیخوازی بارزان و هه‌موو کوردێکی دلسۆز کۆستێکی گه‌وره ‌و خه‌مێکی گران بوو، به‌ڵام به‌شداری فراوانی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کوردستان و هێز و پارته‌ سیاسیه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له‌پرسه‌ی دلۆڤان بارزانیدا. ئه‌و راستیه‌ی بۆ هه‌موو لایه‌ک سه‌لماند که‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رز و ئازادیخوازی بارزان چوون له‌ژیانیاندا خزمه‌تیان به‌دۆزی ره‌وای کورد کرد، مردنیشیان دەبێتە سیمبول و کۆسپی هاوبەش بۆ کوردان.
ئه‌مه‌ قسه‌یه‌ک نیه‌ که‌ هه‌ر له‌خۆڕا بیکه‌ین، یان ده‌رئه‌نجامی لێکدانه‌وه‌یه‌کی عاتفی بێت. نه‌خێر ئه‌و قسه‌یه‌م له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا کورد به‌گشتی تێیدا ده‌رباز ده‌بێت، بارودوخێکی زۆر هه‌ستیار و دژوار و ته‌نانه‌ت مه‌ترسیداریشه‌. وه‌ هیچ کاتێکیش وه‌کو ئێستا هێز و حزبه‌ سیاسیه‌کانی سه‌ر هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان هێنده‌ی ئێستا به‌رامبه‌ر یه‌ک دژ و ناکۆک نین. ئه‌م ناکۆکیانه‌ش بونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ کاریگه‌ری مه‌ترسیه‌کان بۆ سه‌ر ئاینده‌ی کورد ببنه‌ هه‌ره‌شه‌یه‌کی جدی و ترسناک. له‌م واقعه‌ تاڵه‌دا دلۆڤان بارزانی وه‌کو کاراکته‌ریکی دیاری نێو بنه‌ماله‌ی بارزان چووه‌ به‌ر دلۆڤانی خودای مه‌زن و پرسه‌که‌ی بووە هۆی ئه‌وه‌ هه‌موو هێز و حزبه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان، ناکۆکیه‌ سیاسیه‌کانیان نادیده‌ بگرن و له‌ژیر چه‌تری پرسه‌که‌یدا به‌یه‌ک بگه‌ن. راسته‌ ئه‌و به‌یه‌ک گه‌یشتنه‌ له‌بۆنه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بووه ‌و بۆ چه‌ند ساتێکی که‌م بوو، به‌ڵام ئه‌م به‌یه‌ک گه‌یشتنه‌ خۆبه‌خۆ کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌لۆیسته‌ سیاسیه‌کان دروست ده‌کات و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وەی‌ لایه‌نه‌کان رق و کینه‌یان به‌رامبه‌ر یه‌کتر که‌م بێته‌وه‌. به‌ که‌م بوونه‌وه‌ی رق و کینه‌کانیش ده‌رفه‌ت بۆ لێک تێگه‌یشتن و لێک نزیک بوونه‌وه‌ ده‌ڕه‌خسێت و ده‌بێته‌ هۆی کاڵبوونه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کان. هیوادارم هه‌موومان به‌و په‌ری هه‌ستکردن به‌به‌رپرسیارێتی هانی حزب و لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان بده‌ین، سود له‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ وه‌رگرن که‌ له‌پرسه‌ی دلۆڤان بارزانیدا بۆ لێک نزیک بونه‌وه‌ و یه‌کگرتنی کورد ره‌خساوه. ئاخر ده‌ڵێین ده‌رفه‌تێکی زێڕینه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ قه‌د چاوه‌رێ نه‌ده‌کرا له‌م بارودوخه‌دا پ ک ک و ته‌ڤده‌م و باڵه‌ ناکۆکه‌کانی یه‌کێتی و هێزه‌ ئیسلامیه‌کانی باشور و پارتی و حه‌ده‌کا و حدک .....هتد بتوانن له‌ژێر یه‌ک چادردا له‌بۆنه‌یه‌کی وه‌هادا به‌یه‌ک بگه‌ن و یه‌کتر له‌ئامێز بگرن، که‌واته‌ ئه‌رکی هه‌موو کوردێکه‌ کار بۆ ئه‌وه‌ بکات هیزه‌ کوردستانیه‌کان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ن.

 

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.