تشرینی دووەم 16, 2018

ڕێکار مەلاحەسەن

 

مێژوو زۆر باسی ئەلف و بێی بۆ کردین لە بارەی ژیانی سیاسی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، ھەر لە (ف)ی (مەلیك فیسەل و فوئاد مەعسوم)ـەوە تا (ن)ـی (نوری سەعید و نوری مالیکی)، بزاڤی کوردانی باشور قۆناغی جودا و ئاڵۆزی بەخۆیەوە دیوە، تەمەنێك لەشۆڕش و شەڕی پارتیزانی و ھەندێك ڕێککەوتنی فریودەر تا دەگاتە ڕاپەڕینی سەرتاسەری و ڕەتکردنەوەی یەکجاری سیستمی سیاسی لە زۆرینەی ناوچە کوردییەکان درێژە دەکێشێت بەرەو ڕووخانی رژێم و پەنابردنە بەر سیستمی فیدراڵی و دۆزینەوەی میکانیزمێك بۆ ژیان و گوزەرانی سیاسی گشتگیر لەژێر ناونیشانی تەوافوقی سیاسی و مۆدێلی دیموکراسی ھەرەوەزی و دەستورێکی فیدراڵی کە بە دڵ و بە گیان نووسیمانەوە و پێمان وابوو کورد لەم دۆخەی باشتر دەست ناکەوێ ھەر لە قۆناغی پاشایەتی عێراقەوە بگرە تا دەگاتە پاشاگەردانییەکەی. فیدراڵیەت بە ئەزەل سروشتێکی داینامیکی ھەیە و ھەمیشە لە جووڵەدایە، ئاخر کرۆکی ئەم سیستمە دابەشکردنی دەسەڵاتە لە نێوان ناوەند و ھەرێمە فیدراڵییەکان بە ئامانجی حوکمڕانییەکی ھاوبەش. فیدراڵیەت ھەمیشە لە ھەڵبەزین و دابەزیندایە لە نێوان ھەردوولا و ھەر لایەک ھەوڵی بەدەستھێنانی زۆرترین پانتایی و قەڵەمڕەوی دەدات لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەدا، بۆیەش ھەمیشە لە کێشمەکێشدان. تەواوی نمونە فیدراڵییەکان پێمان دەڵێن کە دەسەڵات لە دەوڵەتی فیدراڵیدا بە سێ جۆر دابەش دەکرێت: یەکەم: دەسەڵاتەکانی ناوەند دیاری دەکرێت و باقی دەسەڵاتەکانی تر بۆ ھەرێم دەبێت. دووەم: دەسەڵاتەکانی ھەرێم دیاری دەکرێت و باقی دەسەڵاتەکانی تر بۆ ناوەند دەبێت. سێیەم: دەسەڵاتەکانی ھەرێم و ناوەند لە دەستوردا دیاری دەکرێن. لە رێگەیی سێیەمدا دەوڵەتی فیدراڵی تووشی ئەو گرفتە دەبێت کە دوای نووسینەوەی دەستور ھەندێك بابەتی نوێ لە ناوخۆی دەوڵەت سەرھەڵدەدەن کە دەستور ئاماژەی پێ نەکردوون، ھاوشێوەی فیدراڵیەتەکەی عێراق، لێرەوە داینامیکیەتی فیدراڵیەت لە پێناو دەسەڵات دەست پێ دەکات و ململانێیەکی دەستوری و یاسایی لە نێوان ناوەند و ھەرێمەکان دروست دەبێت. ھەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی یاسایی و دەستوری یەکێك لە سواربوانی ئەم جۆلانێیە کە سەنگ و قورسایی خۆی حوکم دەدات لەوەی چەندە لە بەرژەوەندی قەوارە و دەسەڵاتەکانی دابێت و تاکە رێگەش بۆ پەیداکردنی دەسەڵاتێکی زیاتر کۆدەنگی و یەکڕەنگییە لە جووڵان و هەنگاونان بەرامبەر ناوەند کە عێراقە.

© 2017 Hawler